ئەمەریکا هێزی زیاتری لەشکری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

لەشکری ئەمەریکا جارێکی تر پێداویستی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆت و کەشتی جەنگی USS Arlington یش بەرەو ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجوڵێنێت.

ئەم هەنگاوە چەند ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln و چوار بۆمبهاوێژی B-52 گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدا ئەو نیگەرانییە هەیە کە ئێران پلانی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای هەبێت لە ناوچەکە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت پات شانان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " زۆر گرنگە ئێران لەوە تێبگات کە هێرشێک بۆ سەر ئەمەریکاییەکان یان بەرژەوەندییەکانی ڕووبەڕووی وەڵامێکی گونجاو دەبێتەوە، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین بۆ شکستپێدانی تیرۆرسم، شەڕ و چەسپاندنی ئاسایش، بەڵام ئێمە خۆشمان دەپارێزین."

کاربەدەستێکی باڵای لەشکری لە پەنتاگۆن بە پەیامنێرانی گوت " USS Arlington جێگای USS Fort McHenry دەگرێتەوە بۆ دابین کردنی توانای زیاتری سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ لە ناوچەکەدا، کە توانای وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک خێراتردەکات."

کاربەدەستانی پەنتاگۆن ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە سیستەمی بەرگری موشەکی پاتیۆت بۆ کوێ ڕەوانە کراوە. ئەم سیستەمە بەرگری ئاسمانییەی هەمو وەرزەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی موشەکی بالاستیکی ، کروس و فڕۆکە بەکاردێت.

سەرەڕای زیادکردنی توانایی لەشکری لە ناوچەکە، نیگەرانییەکانی شیانی ڕوودانی جەنگی لەگەڵ ئێراندا کەمکردەوە.

لە بەیاننامەیەکی کە لە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە پەنتاگۆن دەڵێت " ئەمەریکا نایەوێت لەگەڵ ئێراندا شەڕبکات، بەڵام ئێمە ئامادەین بەرگری لە لەشکری ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بکەین."