ڕابوون مەعرووف: ھیچ کەس و دەزگایەک مافی چاودێریکردنی بەسەر ھاوڵاتییانەوە نییە

ڕابوون مەعروف

سەرۆکی فڕاکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە دوو ئاراستەی جیاواز لەناو جوڵانەوەکەیان سەریھەڵداوە و ئاماژەیش بەوە دەکات کە لە سێ خاڵدا جیاوازییەکانییان بۆ سەرۆکی جوڵانەوەکە خستووەتەڕوو.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ڕابوون مەعرووف لە گوتووێژێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێت ’’لە ئێستادا دوو ئاراستەی ئاشکرا و جیاواز لەناو نەوەی نوێ سەریھەڵداوە، ئاراستەی یەکەم، بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئاراستەی دووەمیش زۆرینەی پەرلەمانتاران لە ھەردوو فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان سەرکردایەتی دەکەن، یەکەمجار بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە کە جیاوازییەکانی ئێمە لەگەڵ بەڕێز شاسوار عەبدولواحید لە سێ خاڵدا روونکراوەتەوە‘‘.

لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو خاڵانەی کە لە بەیاننامەکەدا خستوویانەتەڕوو، ڕابوون مەعرووف دەڵێت ’’ خاڵی یەکەم، نەبوونی دیموکراسی و کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی یەک کەسدا، کە ئەویش بەڕێز سەرۆکی جوڵانەوەکەیە.

دووهەمیان، تێکەڵکردنی کاری بازرگانی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە جۆرێک کە جیاکردنەوەیان سەختبێت و، سێهەمیان بە خێزانییکردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەکو حزبە تەقلیدییەکان کە لە کوردستاندا ھەیە کە ئێستا بە بنەماڵەکردنی حزبی سیاسیی و حوکمڕانی بووەتە پەتا و نەخۆشییەکی کوشندە‘‘.

ڕابوون مەعرووف دەشڵێت ’’ دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەمان، کێشەکان ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت کە پەیوەندی بەو بارودۆخەی ئێستاوە ھەیە کە ھیوادارین دادگا و سیستەمی دادوەری ڕۆڵی خۆی ببینێت‘‘.

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی گیراوانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربارەی ھەڕەشەکردن لە پەرلەمانتارانی جوڵانەوەکەیان گوتی’’ من لەو سیاسییانەم کە باوەڕم بەوە ھەیە کە نابێت ھیچ کەسێک مافی دەستوەردانی لە دادگاکاندا ھەبێت و چاوەڕوانین دادگای سلێمانی ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە و ئومێدی من و داواکاری من ئەوەیە کە پڕۆسەی یاساییەکە بە شێوازێکی رەوایانە و بێلایەنانە و دوور لە ھەر دەستوەردانێک بەڕێوەبچێت‘‘.

ناوبراو دەشڵێت ’’دانپێدانانەکان لە رووی سیاسیەوە دەتوانم قسەی لەسەر بکەم کە باوەڕم بە دادگاکان و دەزگای قەزایی و دادوەری ھەیە، بەڵام دیوێکی دیکەی ئەوەیە کە من نیگەرانم لەناو جوڵانەوەیەکی سیاسییدا ئەو بابەتانە رویداوە، چونکە من باوەڕم بە مافی مرۆڤە کە تەنانەت نەک حزبەکان و کەسەکان، بەڵکو دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتیش مافی چاودێریکردنی ھاووڵاتییان و کەسایەتیەکانییان نییە، بەشێوەیەکی پیرۆز سەیری ژیانی تایبەت دەکەم و، ھیچ کەسێک مافی دەستوەرانی نییە، بۆیە کە بارودۆخێکی وا دەبینیم بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەین ‘‘.

لەبارەی چارەنووسی جوڵانەوەکەشیان، ڕابوون مەعرووف دەڵێت ’’جارێ زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی کوردی لە ھەرێمی کوردستان ستەماکارە و پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز ھەیە بەڵام دەبێت لە ئاستی مۆڕاڵی و سیاسیی ئەو بەرزتر بێت و ئاراستەیەکی سیاسیی شەفافتر و دیموکراتی و دادپەروەرتری ھەبێت و ئێمەیش کار بۆ ئەوە دەکەین‘‘.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ڕابوون مەعروف