بەپێی ڕای زۆرێک لە شاعیر و ئەوانەش کە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعر دەکەن، گرنگە بتوانرێت لە وێنەیەکی شیعریدا پێناسە و ڕاڤەیەکی ڕاستەقینەی شتەکان بە وەرگر بدات، تەنانەت ئەگەر خودی شاعیر نەشتوانێت پێناسەیەک بۆ شیعریش بکات.
دەکرێت وەک دەروازەیەکی هەمیشە کراوە لە شیعر بڕوانین بۆ ئاسودەیی و ئاشناکردنی هزر بە ڕۆشنبیری، لەو ڕوانگەیەوەی شیعر کارکردنە لەسەر ڕۆشنبیری.
زۆرجار ئەوەمان بیستووە کە شاعیر لە ڕەوشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و دڕدۆنگیدا دەنوسێت، وەلێ کاتێک خوێنەر دەکەوێتە خوێندنەوەی دەقێک ئەوا بە دڵنیاییەوە لەوپەڕی جێگیریدا دەکەوێتە خوێندنەوە و ڕامان و قاڵ بوونەوە لە وێنە و دێڕە شیعرییەکان.
نوسینی شیعر جۆرێکە لە سەرشێتی و سەرکێشییەکی تری شاعیر، هەروەهاش بەرەنگاربوونەوەی داڕمانەکانە و لە ڕێ لادانە و بێباکییە بەرامبەر بارە باوەکان و تێکشکاندنی سنوردار کردنەکانەلە پێناو بەخشینی چێژی دەق بە خوێنەر.
مەرج نییە تێکستە شیعرییەکان شادمانمان بکەن، یان دڵخۆشمان بکەن کاتێک بانگهێشتمان دەکەن بۆ شایی و هەڵپەڕکێی وشە و ئاواز و هزر. نا، زۆر جار تێکستی شیعری دەمانبات بەرەو پرسیار و گومانکردن لە خودی خۆمان و مرۆڤ بوون و مرۆڤگەرایی و مێژوو و ڕووداوەکان و ڕاستی و درۆ و تاریکی و ڕوناکی و ژیان و مەرگ و هتد.
"بەیانیت باش کوردستان
پاڵ کەوتووی و لە زستانێکی
سارددا جووتێک گۆرەوی
دڕاوت لە پێ دایە"
لەم وێنە شیعرییەدا ئەرسەلان چەلەبی دەخوازێت چیمان پێ بڵێت؟!
بەڕاستی وەڵامی ئەم پرسیارە سانا نییە، چونکە ئەرسەلان لە یەک کاتدا لە ژمارەیەک دەرگا دەدات و ژمارەیەکی زیاتری پەنجەرەکانیش دەکاتەوە، بەڵام لە هیچیانەوە ناچێتە ژورەوە و ناخوازێت دیوارەکانی ئەو ژوورانە ببنە سنوریک بۆ بیرکردنەوەی و یان ئەو تەنهاییەی خۆشیدەوێت دەستبەرداری بێت.
"بەیانیت کوردستان باش
باش کوردستان
کوردستان
باش، بە تەما بە!"
ئەرسەلان لەو شاعیرانەیە دەخوازێت وێنەکانی ڕێک وەک ڕاستیەکان بن، بەڵام بە ئیستاتیکای شیعرەوە، دەیەوێت ئەو شاعیرە بێت کە نیشتمانی لە ڕۆحیدا هەڵگرتووە، وەلێ بە گلەییە نەرمونیانەکانی خۆی باوەشێنی دەکات، ئارەزوویەتی وەک شاعیرێک کوردوستانەکەی تەی بکات هەرچەندە بڕوای بەوەیە پێویستە دەهریانە ئەو گەشتە بکات، چاوی لە سنورەکانی مەملەکەتە پارچە پارچە کراوەکەیەتی، هەر بۆیە بڕوای بە سەرکێشییەکانی خۆیەتی لە بەکارهێنانی زماندا.
"ئەو ماڵە دە ناو خۆیدا هەڵدەفڕێ
ئاواڵی گورگەکانە و دە هەناویدا
دیمەنێکی سارد دەلوورێنێ
لەو ماڵەیدا دانەوێڵەکان خۆ
دەکووژن
بزەکان دەتوێنەوە و چی بیرەوەرییە دەخنکێن
جڕ و جانەوەرەکان دەکەونە
سەما و دڵۆپ دڵۆپ خوێن
دەکەوێتە سەر ئەژنۆ!"
لێرەدا ئەرسەلان چەلەبی، پێناسەیەکی دنیابینی خۆیمان دەداتێ و پێمان دەڵێت سەرپشک بن لەوەی دیمەنەکانی ناو وێنەکە چۆن دەبینن، دەشڵێت ئەمە قسە و ئاخاوتنێکی بەپەلەی خۆمە لەتەک ئێوەدا و پێویست ناکات وەک گرێچنییەکی ئاڵۆز لێی بڕوانن، بەڵکو وەک تابلۆیەک لێی ڕابمێنن چونکە وەک چۆن بەشێکە لە ڕۆحی نوسەر، ئاوەهاش ساتە وەختێکی مێژووی تۆشە.
"ئێمە حیزبێکی کوردستانین
نیشتمانمان ئاوەدانە و
پیتزا بە ئێستر لە سنوورەکان
دەپەڕێنینەوە
ئێسپێڕسۆ لە ناو کتریە رەشدا
دەفرۆشین"
ئەرسەلان لە وێنە شیعرییەکانیدا دەخوازێت هەموو سنورەکان ببەزێنێت و بە ئاشکرایی و ڕاشکاوانەش دەنگی خۆی بڵند دەکاتەوە و گلەیی لە بەدبەختی و بێ نیشتمانی خۆی دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئێخەی خۆی لەپێش هەموو کەسێکدا دەگرێت و ناخوازێت چیی دی ببێتە بەشێک لەو یاریە قێزەونانەی دەکرێن. هەر ئا لەم وێنە شیعرییەدا جارێکی تر ئەرسەلان چەلەبی تەنهایی خۆی دەنوسێتەوە و بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت؛ سەیرکەن لەم زەمەنەدا چۆن ئەوکاتەی هەموومان پێکەوە دەژین و بیردەکەینەوە و بۆنی باخچەکان دەکەین و لە فڕینی مەلان دەڕوانین و یاری لەگەڵ ئەستێراندا دەکەین و خەمی کانیلەکان هەڵدەگرین و دروشمی باق و بریقەدار دەڵێینەوە، کەچی سەیرکە هاوڕێ چەند تەنیاین و چەند بە یەکتر نامۆین.
ئایا مەرجە پێناسە بۆ شیعر بکرێت، بۆچی؟
ئایا شیعر لای ئەرسەلان چەلەبی، هەر تەنها داڕشتن و نوسینە یان کارکردنە لەسەر تەنیاییەکانی خۆی؟
ئەگەر شاعیر بە ترسەوە لە گۆڕانکارییەکانی ناو واڵایی شیعر بڕوانێت، چ مانایەک بە منی خوێنەر دەبەخشێت؟
ئەرسەلان چەلەبی، شاعیر لە بەرنامەی ژیان لەفەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5