عاصم جیهاد: هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان داهاتی یەک دڵۆپ نەوتی نەگەڕاندۆتەوە

هێشتا دۆسێی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە بابەتە مشتومڕ لەسەرەکان لە ناو هەرێمی کوردستان و لە نێوەندە سیاسییەکانی عێراقدا.

وەزیری نەوتی عێراق بە نیگەرانییەوە باس لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات لەسەر ڕادەستکردنی ئەو بڕەو نەوتەی لە بودجەی وڵاتەکەدا هەولێر و بەغدا لەسەری ڕێککەوتوون.

زۆرێک لە گەورە کاربەدەستانی عێراقی جەخت دەکەنەوە لەوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتن بە مانای ئەوە نایەت کێشەی سیاسی یان گرفتی تر لەگەڵ هەرێمدا هەبێت.

لە بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە دەبێت هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژانە بڕی دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە بفرۆشێت و داهاتەکەش بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی نێوەندی عێراق لە بەغدا.

وەزیری نەوتی عێراق پێشتر وتوویەتی "ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتە ڕادەست نەکات ئەوا دواتر قسەی ترمان دەبێت."

دەمڕاستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت ئەوەتا لە ناوەڕاستی مانگی پێنجداین و هێشتا هەرێم وابەستەیی خۆیی جێبەجێنەکردووە و لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا هیچ داهاتێکی نەوتی نەگەڕاندۆتەوە بۆ حکومەتی نێوەندی و ئەمەش زیانێکی گەورە لە بودجە دەدات و دەشڵێت ئەم ڕادەست نەکردنە دەبێتە مایەی کورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2019دا و بێگومانیش بە ئەندازەی خۆی کاریگەری نەرێنی دەبێت بەسەر بڕی دیاریکراوی بودجەی هەرێم و هەروەهاش پارێزگاکانی تری عێراقەوە، چونکە بودجەی وڵاتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی کەوتۆتە سەر داهاتی نەوت.

عاصم جیهاد دەڵێت بڕیاری پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر بڕیاری حکومەتی عێراق و دەشڵێت داهاتەکانی نەوت دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی فێدراڵی و بەکارهێنانیشی بەپێی بودجەی عێراقە و ئەنجومەنی وەزیران دەبێتە خاوەنی بڕیار لە چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بودجەیەدا و هەروەهاش چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورت هێنانەکانی بودجەدا.

هەندێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەڵێن جۆرێک لە ڕێککەوتن هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدادا بۆ دواخستنی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم، تاکو هەرێم بتوانێت ئەو قەرزانەی لەسەریەتی تا کۆتایی ئەمساڵ بیانداتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت "وابەستەبوون بە بودجەوە شتێک نییە چاوپۆشی لێبکرێت."

سەبارەت بە ڕاکێشانی بۆریەکی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوت لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت بۆریە کۆنەکە کە دەیان ساڵە نەوتی لێوە دەگوێزرێتەوە بەهۆی شەڕەکانی داعشەوە خراپ بووە، بۆیە پێویست بە ڕاکێشانی بۆریەکی نوێ هەیە بە هەمان شانی بۆریە کۆنەکەدا و دەشڵێت "ئەم بۆریە نوێیە لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات و بە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوادا دەڕوات تا سەر سنوری تورکیا."

لەناو عێراقەوە بەشێک لەسەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بەوەی ڕاکێشانی ئەم بۆریە نوێیەی نەوت پەیوەندی بە دوو دۆسێوە هەیە، یەکەمیان ڕێککەوتنە پەنجا ساڵییەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی هەشتی هەرێمە لە گەڵ تورکیادا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دووهەمیشیان ئەو داوا یاساییەیە کە عێراق لەسەر تورکیا تۆمارکردووە و داوای 28 ملیار دۆلار دەکات وەک قەرەبوو.

دەمڕاستی وەزارەتی نەوت نکوڵی لێدەکات و دەڵێت ڕاکێشانی ئەو بۆریە بۆ گواستنەوەی نەوت هیچ پەیوەندییەکی نییە بە هیچ دۆسێیەکی ترەوە.

بەڕێز جیهاد دەڵێت هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو داوا یاساییە بکرێت چونکە پەیوەندی بە لایەنی یاسایی و تەکنیکییەوە هەیە.

دەمڕاستی وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی لادا لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەسەر ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی هەرێمی کوردستان و ئانکەرە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ تورکیا.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عاصم جیهاد، دەمڕاستی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی عاصم جیهاد