دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگەیان داوە پارێزەرەکانی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بتوانن سەردانی گرتووخانەی ئیمرالی بکەن.
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی دووی مانگی پێنج لە ئیمرالی پارێزەرەکانی خۆی بینی، ئەوەش یەکەم دیداری ئۆجەلان بووە لەگەڵ پارێزەرەکانیدا لەوەتای ساڵی 2011ەوە.
هەر بە ماوەیەکی کەم پاش ئەو یەکەم سەردانە، حکومەتی تورکیا بڕیاری قەدەغەکردنی سەردانی ئۆجەلانی لادا.
لابردنی ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی پارتی داد و گەشەپێدان( ئاکەپە) لە تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکایەتی دەکات بۆ سەرکەوتن لەو سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەیەی بڕیارە ڕۆژی 23 ی مانگی شەش لە شاری ئەستانبوڵ بکرێتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە ڕۆژی 31ی مانگی سێ کرا، ئاکەپە شارەوانی ئەستانبوڵی دۆڕاند و ئەکرەم ئیمامۆغڵو، کاندیدی جەهەپە (لایەنی ئۆپزسیۆن) هەڵبژاردنی بردەوە. دواتر ئاکەپە فەرمانڕەوای تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کرد و هەروەهاش دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکە لە ئەستانبوڵ.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریشیدا ڕۆژی 23ی مانگی شەش دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئەستانبوڵ بکرێتەوە.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە زانکۆی سلێمانی.
لە تورکیا بۆتە قسەیەکی باو و بڕواپێکراویش کە ئەوەی شارەوانی ئەستانبوڵی لەلابێت وەک ئەوەیە فەرمانڕەوایەتی هەموو تورکیا بکات.
هەرچۆنێک بێت وەک شیکەرەوە دەڵێن زۆربەی هەرە زۆری کورد لە ئەستانبوڵ دەنگیان بە کاندیدەکەی جەهەپە داوە لەو هەڵبژاردنەدا کە ئێستا ئاکەپە دەڵێت کەموکوڕی و کەمتەرخەمی تیادابووە.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە سەرەکیترین لایەنی کوردە لە تورکیا بڕیاری دا کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستانبوڵ نەبێت و داواشی لە لایەنگرانی هەدەپە کرد تا دەنگ بدەن بە ئیمامۆغڵو.
کردنەوەی دەرگاکانی ئیمراڵی بە ڕووی پارێزەرەکانی ئۆجەلاندا هاوکاتە لەگەڵ گەورەترین مانگرتن لە خواردن لە مێژووی تورکیادا. زیاتر لە سێ هەزار کەس بۆ چەند مانگێکە بەشدارن لە مانگرتنەدا و هەشت کەسیش وەک ناڕەزایی دەربڕین خۆیان کوشتووە پاش بەرزکردنەوەی داوا کردن لە ئانکەرە تا ڕێگە بە سەردانکردنی ئۆجەلان بدرێت لە زینداندا.
پاش سەردانەکە، پارێزەرەکان ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە وەک دەڵێن بە واژۆی ئۆجەلان و سێ ڕێبەری تری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمرالی.
لەو ڕاگەیاندنەدا داواکراوە ئەوانەی مانیان لە خواردن گرتووە ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، هەروەهاش وابەستەبوونی خۆیان بە داوایەکی پێشتری خۆیانەوە دووبارە کردۆتەوە تا خەبات و کۆششی سیاسیانە بکرێت لەبری خەباتی چەکداری. ئەو داوایەی پێشوو لەوکاتەدا بووە مایەی دوو ساڵ ئاگربەست لە تورکیادا.
لەو ڕاگەیاندنەدا کە پارێزەرەکانی ئۆجەلان بڵاویان کردۆتەوە هاتووە؛ کێشەکان لە تورکیا و تەنانەت لە ناوچەکەشدا، بە تایبەتیش شەڕ، بە توندوتیژی چارەسەر نابن بەڵکو بە ئەقڵ و هێز و توانایی ڕۆشنبیری و سیاسی چارەسەر دەبن.
شیکەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا کە ئانکەرە ڕێگە دەدات ڕاگەیاندنێک بڵاوبکرێتەوە بەناو و واژۆی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، دەشێت ئاماژەیەک بێت بەوەی ئانکەرە ئامادەیە بۆ وتووێژێکی نوێ، هەرچەندە هیچ سەرەداوێکیش دیار نییە بۆ ئاوەها بڕیارێک.
بۆچی لەم کاتەدا دەرگاکانی ئێمرالی بە ڕووی پارێزەرەکانی ئۆجەلاندا دەکرێنەوە؟
ئایا تورکیا دەتوانێت جارێکی تر متمانەی کورد لە وڵاتەکەدا بەدەست بێنێتەوە؟
دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5