بۆردومانەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەروادێ و قورستر دەبن.
تورکیا دەڵێت لە بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەدات، بەڵام لە چەند هەفتەیەک لەمەوبەرەوە ژمارەیەک ناوچە کراونەتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، وەک دەگوترێت هیچ بنکەیەکی پەکەکەی لێ نییە.
بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەیان کوژراو و بریندار لەناو خەڵکی سیڤیلدا هەن.
تورکیا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوتەکانی سەدەی ڕابردووەوە چەندان بنکەی سەربازی لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقدا جێگیرکردووە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت ئەوەی ڕوودەدات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکاندایە و ئەو بەرژەوەندیانەش بە "بەرژەوەندی گوماناوی" ناودێر دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت پێویستە حکومەتی نێوەندی لە بەغدا هەڵوێست وەربگرێت بەرامبەر ئەم بۆردومانانە و دەشڵێت هەرێم دەروازەیەکی یاسایی لەبەردەمدا نییە تا بکەوێتە هەوڵدان بۆ ڕێگەگرتن یان کۆتاییهێنان بە بۆردومانەکانی تورکیا.
ئەم لێدوانەی بەڕێز یاوەر لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (کابینەی هەشت) سەربەخۆیانە گرێبەستێکی پەنجا ساڵیی لەگەڵ تورکیادا واژۆ کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبڕوایەدایە دەبێت عێراق ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر وەک بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا، یان وتووێژکردن لەگەڵ ئانکەرە و دەشڵێت گرنگە بە تورکەکان بگوترێت هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەر پارچەیەک لە عێراق ڕێک وەک ئەوەیە دەستدرێژی کرابێتە سەر تەواوی وڵاتەکە.
عالیە دەڵێت عێراق ژمارەیەک کارتی فشاری هەیە و دەتوانێت لە بەرامبەر تورکیادا بەکاریان بێنێت.
ئەبو بەکر هەڵەدنی، لە پەرلەمانی هەرێم هاوڕایە و دەڵێت ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێمیش ڕاشکاوانە لەگەڵ تورکیا قسە بکەن و کارتی نەوت وەک فشار بەکاربهێنن، ئەوا دەتوانن حکومەتی تورکیا مل کەچ بە خواستەکان بکەن.
دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی لەو بڕوایەدایە ئەوەی تورکیا دەیکات پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکانە و دەشڵێت حکومەتی عێراق دەتوانێت زۆر شت بکات بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێمیش یارمەتیدەری ئەو هەوڵانەی عێراق بێت.
هەندێک لە شیکەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن چڕکردنەوەی ئەم دواییەی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندی بە ڕەوشی ناوخۆیی تورکیاوە هەیە و بەتابەتیش پاش ئەوەی ئاکەپە' پارتی فەرمانڕەوای تورکیا هەڵبژاردنی ئەستانبوڵی دۆڕاند. پرسیاریش زۆرن لەسەر ئەوەی ئەگەر بیانوی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستانە، بۆچی ئەو شەڕە لەناو خاکی خۆیدا ناکات و شەڕ دەباتە ناو وڵاتێکی ترەوە.
لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5