لەماوەی ٦ مانگدا لە شاری سلێمانی ١١٠ ژن ڕوویانکردووەتە ماڵی ژنانی هەڕەشەلێکراو

لە ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی ١١٠ ژن ڕوویانکردووەتە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو و ٦٥ بەساڵاچووش ڕوویان کردووەتە ماڵی بەساڵاچوان.

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانیدا ئامار و داتاکانی خستە ڕوو و، عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کرد "لە ٦ مانگی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی ١١٠ ژن ڕوویانکردووەتە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو."

هەروەها وتیشی "٦٥ بەساڵاچوو ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویانکردووەتە ماڵی بەساڵاچوان."

مالەکانی ساوایان و کوڕان و کچان، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٦٧ منداڵی کوڕ و کچ و ساوایان لەخۆگرتووە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە ماڵەکاندا ئەمێننەوە لەڕێی خێزانی جێگرەوە بەخێوبکرێن بیانگرنە خۆیان.

عومەر گوڵپی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوەش کرد، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە بە مەبەستی کارئاسانیکردن بۆ خاوەنپێداویستانی تایبەت لەڕووی بیناسازییەوە و پێشبینی ئەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا، شاری سلێمانی کارئاسانی پێویست پێشکەشبکات بە خاوەنپێداویستانی تایبەت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی ڕێباز مەجید