دەستەی ژینگە سزای دارایی بەسەر ڕاوچییەکانی ئاژەڵی کێوییدا دەسەپێنێ

دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لیستێکی بڕی سەرپێچی بۆ ڕاوچییەکانی ئاژەڵی کێوی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی لیستەکە کەمترین سزای ڕاو بۆ ڕاوچی سمۆرەیە کە 100 ھەزار دینارە و قورسترین سزاش ڕاوکەرانی پڵینگ دەگرێتەوە کە 10 ملیۆن دینارە.

لەمبارەیەوە ھەندرێن شێخ راغب گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی " ئەم بڕیارەی ئێمە سەبارەت بە سزادانی ڕاوکەرەکان بڕیارێکی تازە نییە و بەر لە قەیرانی دارایی کۆبوونەوەیەکی فڕاوانمان لە ژووری بازرگانی لەگەڵ تەواوی ڕاوچییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدا و یاساکانمان بۆ شیکردنەوە، بەڵام یەکێک لە قوربانییەکانی قەیرانی دارایی ژینگە و چالاکییەکانی ژینگە بوو و نەمانتوانی بە پێی پێویست کار لەسەر ئەم سزایانە بکەین، بەڵام لە ئێستادا دوای باشبوونی بارودۆخەکە ئێمە رێنماییەکان نوێدەکەینەوە".

بەختیار خالد نزیکەی ساڵێکە رێکخڕاوی داکۆکی لە مافەکانی ئاژەڵی دامەزراندووە، بە باوەڕی ئەو لە ئێستادا بە ھۆی ڕاوکردنەوە مەترسی لەسەر زۆربەی ئاژەڵە دەگمەنەکان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و دەشڵێت " لە ماوەی رابردوودا بە داتا لایەنی پەیوەندیدار و بەرێوبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی ژینگەمان لە مەترسی لە ناوچوونی ئاژەڵە دەگمەنەکان و باڵندە كێوییەكان ئاگادارکردووەتەوە، داوامانکردووە ئەو ڕاوکەرانەی بە نایاسایی ڕاو دەکەن دەستگیر بکرێن."

راپۆرتی تایبەت بە بابەتەکە، لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

Your browser doesn’t support HTML5

نارین