عەبدولستار مەجید : چاکسازی ئەوە نییە لە زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران دەستپێبکەن

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت تا حیزب دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی و پارەی بەدەست بێت لێناگەڕێت چاکسازی ڕاستەقینە بکرێت، چاکسازیش بێجگە لە سیستەمەکەی و شێوازی حوکمڕانییەکەی و ئەو گەندەڵیانەی کە هەیە بە تایبەتی لە کەرتی ئابوری و کارگێڕی و سیاسیشدا پێویستی بەوەیە کە لە کەسەکانیشدا چاکسازی بکرێت.

ناوبراو دەشڵێت چاکسازی ڕاستەقینە بە ئیرادەیەکی پتەودەبێت هەست ناکەم ئەو ئیرادەیە هەبێت لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ چاکسازیکردنی ڕاستەقینە و لە جومگە و کایە گرنگ و گەورەکاندا، چوون دەکرێت ؟ کاتی خوی پڕۆژەشمان پیشکەشکردن وەکو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئێستاش ئامادەین پڕۆژەکان وەگەڕبخەینەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانە هیچی بە حیزبی نەکرێن و ئەندامەکانی حیزبەکان نەبن دوور بێت لە دەستێوەردانی حیزبیەوە وەکو هێزی نشتیمانی ئەمانە بەکاربهێنن و ئەرکەکانی خویان جێبەجێ بکەن بەڵام دەپرسم ئایا بەم شێوەیە ؟ ئایا هێزەکانی حەفتا و هەشتا سەر بە پارتی و یەکێتی نین ؟ ئایا کەسێکی ئاسایی کە ئەم دوو حیزبە نەبێت بوی هەیە بە بێ تەزکیەی ئەم دوو حیزبە ببێتە ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس ؟ لە بواری نەوت و گازدا لە بواری داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا یەعنی جومگە و کایە سەرەکیەکانی ئەمانە بە دەست کێ یە ئایا بە دەست موئەسەساتە هەر کەسێک بێت بتوانێت ئیدارەی بکات و بەڕێوە بەرێت بریار بدات یان بە دەست ئەو کەسە حیزبیانەن کە حیزب سەرپەرشتیان دەکات و بریاریان بۆ دەدات و لەوێ دانراون، چاکسازیەکە دەبێت لە خویانەوە دەست پێ بکەن.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان گووتی بریاری زور دراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە پڕۆژەی زور پێشکەشکراوە بۆ چاکسازیکردن بەڵام پشتگوێ خراوە و کاری پێنەکراوە بویە خەڵک متمانەی نییە، چاکسازی ڕاستەقینە لە کرۆک وجۆمگە و کایە گرنگ و گەورەکان دەست پێ بکەن هاتوون لە زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران دەست پێ دەکەن، چاکسازی لەوە دەست پێ دەکرێت لەوەی کە دەوام زیاتر بکرێت ؟ کابرا تا سەعەت یەک و نیو دوو کارەکانی خوی کردووە بەڵام ئیشی نەماوە چی بکات لەوێ بۆ نموونە مەبەستم ئەوەیە چاکسازی ئەوە نییە ، چاکسازی ئەوە نییە بێی دوو فەرمانبەر یان دوو بەرپرسی مامناوەند کە سەرپێچیەکی کردبێت گەندەڵیەکی کردبێت ڕەنگە دووسەد تا سێسەد هزار بە گەندەڵی کردبێت محاسبە بکرێت و بدرێتە دادگا بەڵام ئەوەی کە بە ملیاری بردووە کە ڕوون نییە داهاتی ئەم نەوتە داهاتی گشتی ئەم وڵاتە چیلیهاتووە بەرەو کوێ دەروات چی لێکراوە کێ بردوویەتی، کەچی فەرمانبەرێک لەسەر دووسەد هەزار محاسبە دەکرێت ئەمە چاکسازی نییە.

عەبدولستار مەجید هەروەها گووتیشی دەبێت حکومەت بەرپرسانە دوور لە هەموو ئینتیمایەکی تر و هەرچی فشار لەسەر حکومەت هەیە لە لایەن حیزبەوە لەسەر خوی لاببات بەرپرسانە مامەڵە بکرێت لەم دۆخەی کە پێدا تێدەپەڕین کە خەڵک متمانەی زور کەمبووەتەوە خەڵک بروای بە حکومەت و حوکمڕانی و دەسهەڵات و پەرلەمان نەماوە ئێمە ئەو متمانەیە بگەرێنینەوە بە تایبەتیش لەوەی کە ئێمە ئێستا تاکید دەکەمەوە حکومەتمان حکومەت نییە، دەبێت ئەو دەسهەڵاتەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان یەعنی دەسەڵاتی ڕەها نەبێت بتوانێت بریاری پەرلەمان رەت بکاتەوە گوێ بە پەرلەمان نەدات بەڵکو دەبێت وابێت کە ملکەچی بریارەکانی پەرلەمان بێت و پەرلەمانیش پێویستە شکۆ و قودسیەتی خوی بپارێزیت، دەبێت پەرلەمان چاودێرێکی تیژ بێت بەسەر حکومەتەوە بەسەر ئەو کارنامەیەی کە حکومەت خویندیتیەوە کە ئایا چەندی لێ جێبەجێکراوە چەندی لێ جێبەجێنەکراوە .

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری