لەگەڵ ڕووداوەکاندا: حەشدی شەعبی لە سیاسەتی عێراقیەکاندا

ئەگەرچی سەرەک وەزیری عێراق پێشتر لەمساڵدا ڕایگەیاند تا ڕۆژی 31 ی مانگی حەوت دەبێتهێزەکانی حەشدی شەعبی شیعەکان ببنە بەشێک لە لەشکری وڵاتەکە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو یەکانەی حەشدی شەعبی نەبوونەتە بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایشیی وڵاتەکە و زۆرێکیش لە شیکەرەوە و تەنانەت سیاسەتمەدارانی عێراقیش دەڵێن بۆ جێبەجێکردنی ئەو فرمانەی عادل عەبدولمەهدی، ڕێگەیەکی دوور و درێژ لە پێشە و دەشڵێن کارێکی هەروا سانا نییە.

فالح ئەلفەیاز، سەرکردەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کۆتایی مانگی حەوتدا بە سەرەک وەزیری عێراقی وتبوو فرمانی داوە بە هەموو یەکەکانی حەشد تا بەشی دارایی خۆیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دابخەن و ئەمیش هەمان ڕای هەبووە کە یەکخستنەوەی هێزەکان کاتێکی زۆری دەوێت.

هاوکاتی سەردانەکەی کۆتایی مانگی حەوتی سەرەک وەزیری عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بە ئاگاهیەوە باسی لە دۆسێی حەشدی شەعبی کرد، بە ئەندازەیەک هەست بە جیاوازی لێدوانەکانی لە بەغدا و تاران دەکرا.

لە تاران، بەڕێز عەبدولمەهدی هەمان ڕوانینی دووبارە کردەوە کە بوونی حەشدی شەعبی بە بەشێک لە لەشکری عێراق کارێکە ئاسان نییە و کاتێکی زۆریشی دەوێت.


میوانی بەرنامە:
سامان ساڵح فەرەج، مامۆستا لە کۆلیژی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و ڕۆژنامەوان.

ماثیو ئێچ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ عێراق لە سەرەتای مانگی هەشتدا و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی عێراقیدا ستایشی بڕیارەکەی سەرەک وەزیری عێراقی کردبوو و ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆرێک لە عێراقییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان و دەرکردنی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی خۆیان بۆ حەشدی شەعبی ناونوس کردووە.

بەڕێز ئێچ تولەر، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وتوویەتی بەشێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی هەندێک کار دەکەن خزمەتی بەرژەوەندی عێراق ناکەن.

هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر فەتوای ئایاتوڵا عەلی سیستانی، ڕابەری باڵای شیعەکانی عێراق پێکهێنرا، پاش ئەوەی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی کە ڕێکخراوێکی جیهادیی سوننەیە بوونە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕژد بۆسەر ئاسایشی عێراق.

ئەوەی نکوڵی لێناکرێت لە عێراقدا ئەوەیە بەشێکی بەرچاوی ئەم هێزانەی حەشدی شەعبی هاوسۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و زۆرێک لە سەرکردەکانیشی لە ئێران بوون ئەو کاتەی ئۆپزسیۆن بوون لە سەروەختی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل بەردەوام ئاگاهیداوە بە ئێران کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق لێدەدرێن ئەگەر هاتوو ببنە مەترسی بۆ ئیسرائیل.

بەنجامین نەتەنیاهۆ، لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاشکاوانە بە ئێرانی وت "بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەتان لە سوریا، بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەتان لە لوبنان، بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەتان لە عێراق. ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە و لە هەر کاتێکدابێت و لە هەر شوێنێکدابێت داکۆکی لە وڵاتی خۆمان دەکەین و دەیپارێزین داکۆکی لە گەلی خۆمان دەکەین و دەیپارێزین."

ئێستا تەواوی ناوچەکە چاوی بڕیوەتە ئەو قەیران و گێرمە و کێشەیەی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەگەرەکانی شەڕ هێشتاش هەن، وڵاتانی ناوچەکە بە عێراقیشەوە دەخوازن خۆیان لە ئاوری ئەو شەڕە بپارێزن و بێلایەن بن.

بەڵام وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، بۆ وڵاتێکی وەک عێراق ئاسان نییە بتوانێت بێلایەن بێت یان دوور بێت لەو ئەگەری شەڕە، لەو ڕوانگەیەوەی سنورێکی دوور و درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، حکومەتی عێراق حکومەتێکی زۆرینە شیعەیە، بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن وداکۆکی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن، عێراق لە ڕووی وزەی ئەلکتریکیەوە پشتێکی زۆری بە ئێران بەستووە و پەیوەندی بازرگانی و ئابوری لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەمانە بێ لەوەی و شارە پیرۆزەکانی شیعە ئاینزاکان وەک نەجەف و کەربەلا و کوفە کەوتوونەتە ناو عێراقەوە.

ئایا لە ئەگەری شەڕی ئەمریکا ئێراندا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بێلایەن دەبن؟

ئایا عێراق وەک دەوڵەت پێویستی بە حەشدی شەعبی ماوە؟

ئایا ئەم هێزانەی حەشدی شەعبی دەبنە مەترسییەکی گەورە بۆ ئایندەی عێراق؟

سامان ساڵح فەرەج، مامۆستای زانكۆی پۆلیته‌كنكیی سلێمانی و رۆژنامه‌نووس لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: حەشدی شەعبی لە سیاسەتی عێراقیەکاندا