عێراقیەکان و کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا

چەندان جار لە عێراق هەوڵی کشانەوەی تەواوەتی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دراون.

پێدەچێت لە وەرزی داهاتووی پەرلەماندا بەرنوسێک بۆ کشانەوەی ئەو پێنج هەزار سەربازەی ئەمریکا ئامادەبکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.

ئەحمەد ئەلجبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئەلتەمەدون دەڵێت هۆکاری سەرەکی لە پشت داوای ئەمجارەوە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکانی کراونەتە سەر بنکە و عەمارەکانی حەشدی شەعبی.

ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسیش لەوە دەکات کە هەندێک کەس پەنجەی تاوانبارکردنی خۆی ئاڕاستەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکەن و دەشڵێن ئەو هێرشانە بە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بوون.

بەڕێز ئەلجبوری دەڵێت "بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت حکومەتی عێراق لە تەواوی ئەو دیمەنانەدا بوونێکی ئەوتۆی نییە و هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ڕاستی و دروستی ئەو دەنگۆیانە نەوتووە و هەروەها نکوڵیشی لێنەکردووە."

عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕووداوەکان وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکران و هیچ پێویست بە هەبوونی بەڵگە ناکات، دەشڵێت " ئیسرائیلیەکان بۆخۆیان لە چەند بۆنەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە خۆیان ئەو هێرشانەیان کردووە و ئاماژەشیان بەوە کردووە چاودێری چەک و چەکدار و تەقەمەنی ئێران دەکەن لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکیشدا."

بەڕێز شابەندەر دەڵێت "لە کۆبوونەوە ئاشکرانەکراوەکانی ئەمریکایی و عێراقیەکاندا، ئەمریکا ئەمەی بە عێراق وتووە کە ئیسرائیلیەکان ئەو هێرشانەیان کردووە."

هەرچۆنێک بێت هێشتاش ڕەوشی ئاسایشی عێراق بە ناسەقامگیر ناودێر دەکرێت، هەرچەندە بە فەرمی کۆتاییش هێنراوە بە شەڕی دژی داعش، هەر بۆیە وەک ئەحمەد ئەلجبوری دەڵێت تەنانەت ئەگەر بەرنوسی داواکاری بۆ کشانەوەی تەواوەتی سەربازەکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بە کارکردن بە ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لە پەرلەماندا دەنگدانی لەسەر بکرێت، پێناچێت پەسەند بکرێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ ئەحمەد ئەلجبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەروەها عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی عێراقیەکان و کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا