لەگەڵ ڕووداوەکاندا: قەیرانی نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر

لە هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی عێراقدا ئەوەی نکوڵی لێناکرێت ئەوەیە حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشارێکی قورسی ناوخۆییدایە و بەشی سەرەکی فشارەکانیش پەیوەندییان بە دۆسێی نەوتی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە.

بەمزووانە وتوویژەکان لە پەرلەمانی عێراقدا دەستپێدەکەن بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2020 ی وڵاتەکە.

لە بودجەی 2019 دا پشکی هەرێم پەسەندکرا بەو مەرجەی ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێی سۆمۆوە هەناردە بکات، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەرێمی کوردستانی عێراق ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.

دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق کە بە دۆستێکی دێرینی کورد دادەنرێت کەوتۆتە ژێر فشاری لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەیەوە تا بودجەی هەرێم ببڕدرێت ئەگەر بڕی دیاریکراوی نەوت ڕادەست نەکات، ئەمەش جارێکی تر مەترسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هێناوەتە ئاراوە و لە شەقامی کوردیشدا بۆتە مایەی نیگەرانییەکی قوڵ.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

پێشتر و بۆ چەندجارێک سەرەک وەزیر ئاماژەی بەوەکردووە کە هەتا ئەو سەرەک وەزیر بێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت و بە گەشبینیشەوە باسی لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێری کردووە.

بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا ئەم حکومەتەی عەبدولمەهدی دەتوانێت بەرگەی ئەو هەموو فشارانە بگرێت؟! کە بە دووریش نازانرێت فشاری دەرەکیش بەشێک بیت لێی.

مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆوە جەختی لە پەیوەندییەکی باش و تۆکمە دەکردەوە لەگەڵ بەغدادا و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد و سەردانی پایتەختی عێراقی کرد بۆ وتووێژکردن لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی عێراقیدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.

دەسەڵاتی سیاسی کورد ناڵێت بڕە دیاریکراوەکەی نەوت ڕادەستی بەغدا ناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بەغدا نزیکەی 80 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی کوردستانە و پێویستە بەغدا ئەو قەرزەی لەسەریەتی بیداتەوە، یان ئەوەتا تەواوی بودجەی هەرێم بنێرێت و باس لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەکرێت لە ڕێی سۆمۆوە.

هەرچۆنێک بێت عێراق لە باکوریەوە بۆ باشوری، لە ڕۆژهەڵاتیەوە بۆ ڕۆژئاوای لە ڕەوشێکدایە ئیرەیی پێنابرێت.

دۆسێی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەرزۆکە، گەندەڵی ڕۆچۆتە زۆرێک لە جومگەکانی دامەزراوەکاندا، ئابوری ئەم وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە لە ڕەوشیکی خراپدایە و زیاتر لە 120 ملیار دۆلار قەرزارە لەسەر هەردوو ئاستی دەرەوە و ناوخۆش.

لەسەر ئەم دۆسێی نەوتە، ڕایەکی تریش هەیە دەڵێت نەوت بدرێت یان نەدرێت هیچ شتێک چارەسەر نابێت چونکە متمانە لە نێوان هەردوو لادا لە نزمترین ئاستیدایە و ئەمەش دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکی ڕەخساندووە بۆ ناو کاروبارەکانی هەردوو لای ئەم کێشەیە، ئەم دەستێوەردانە دەرەکییانەش وەک دەگوترێت ستراتیژیەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە.

*ئایا نەوت چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات؟

*ئایا سەرەک وەزیری عێراق ئەزموونی بودجەی ساڵی 2019 لەگەڵ کورددا دووبارە دەکاتەوە؟

*ئایا قەیرانی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی نێوندی عێراقدا، خراپی فەرمانڕەوایەتی کردوویەتیە قەیرانێکی ئابوری و سیاسی؟

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: قەیرانی نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر