ئێران لە قەیرانێکی ئاڵۆز و قورسدایە. سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ئێران کاریگەری زۆری کردۆتە سەر وڵاتەکە، بە ئەندازەیەک سەرۆکی ئێران لە وتارەکەیدا لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانیناوە بەو ڕاستیەدا.
ئێران لە ڕووی سیاسیشەوە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەروادێ و زیاتر دووچاری دابڕان دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو لە پەراوێزنان دەڕوات، بەهۆی ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا هێرش کرایە سەر پیشەسازی نەوت لە عەرەبستانی سعودیە. لەسەر ئەو هێرشە ئێران دەیگووت حوثییەکانی یەمەن ئەو هێرشەیان کردووە و وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ سعودیەکان و ئەو کارانەی لە یەمەندا دەیکەن.
سعودیەکان دەڵێن پاش لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە ئەو چەکانەی لەو هێرشەدا بۆسەر کۆمپانیای ئارامکۆ بەکارهێنراون، دروستکراوی ئێرانن و دەشڵێن هێرشەکە لە باکوری وڵاتەکەیانەوە کراوە، واتە لە عێراقەوە.
دانۆڵد ترامپ، بەر لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، باسی لەوە کردبوو کە زۆر شت لە کۆبوونەوەکانی یو ئێندا لەسەر ئێران باس دەکرێت و وتبووی "با بەم شێوەیە باسی بکەم، زۆر شت هەن سەبارەت بە ئێران ڕوودەدەن، زۆر زیاتر لەوەی میدیاکان دەیزانن."
بەریتانیا، فەڕەنسا، هەروەها ئەڵمانیا، ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئێران بەرپرسیارە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی کرایە سەر عەرەبستانی سعودیە.
تاران هێشتا نکوڵی دەکات لەوەی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆدا بێت.
هەر ڕۆژی دووشەممە، موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لەو وڵاتانەی ئەوروپا کرد کە واژۆی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی دوو هەزار و پازدەیان کردبوو تا ڕێگەیەکی بێلایەنانە هەڵبژێرن بۆ خۆیان و یارمەتی ئێران بدەن لەو سزایانەی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەگەرچی پێشتر سەرۆک ترامپ دانوستاندنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئێراندا ڕەتنەکردەوە و زۆرێکیش لە چاودێر باسیان لە ئەگەری کردنی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرد لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئێستا لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت.
بەڵام کاربەدەستانی ئەمریکایی و ئێرانی دەڵێن ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت، هەرچەندە هێشتا هەندێک لە دیپلۆمات هیوایان هەیە بەوەی لەوانەی پەرەسەندنێک ڕووبدات وبەستەڵەکی نێوان هەردوو وڵات بشکێنێت، لە نێوەندی ئەو قسە و باسانەی هەروادێ و زیاتر دەبنلەسەر شیانی شەڕ.
*ئایا ئێران دەتوانێت متمانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەدەست بێنێتەوە؟
*ئایا ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەی ڕۆژی دووشەممە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژ بە ئێران، دەکرێت وەک پێداچوونەوەیەکی سیاسەتی ئەوروپا بەرامبەر ئێران لێکبدرێتەوە؟
* ئایا ڕەوشی ئێستای ناوخۆیی ئێران ناکۆکییەکانی نێوان ئەوانەی بە ڕیفۆرمخواز و کۆنەپارێزان (توندڕەوان) ناودێر دەکرێن زیاتر دەکات؟
ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5