بەو ئامارانەی کە پەخشبوونە و لەبەر دەستدایە دیارە خودسوزی یان خۆسووتاندنی ژنان لە شارە کورد نشینەکانی ئێران وە بە تاێبەت لە ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان لە سەرەوەی هەموو شارەکانی تری ئێراندایە.
ئاخۆ هۆێ ئەم خۆ سووتاندنە چییە؟
هۆێ چییە رێژەی خۆسووتاندن لە ئیلام و کرماشان نەک هەر لە سەرەوەی شارە کوردیەکاندایە بەڵکو لە سەرەوەی هەمووی ئێران؟
چما ئەم دیاردە زۆرتر لە نیۆ ژناندایە تاکو پیاوان؟
رژیم چ هەوڵێکی داوە بۆ سنووردارکردن و دۆزینەوەی چارەسەریەک بۆ ئەم دیاردەیە؟
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چیان کردووە وە یاخودچیان پێی دەکرێ یان دەبێ بکەن؟
هونەرمەند هانا کامکار شانوگەری قەڵاقەیرانی پێشکەش بە ژنە ستەم دیدەکانی ئیلامی کرد کە لە هۆنراوە و ئاوازی جەبار کاکەییە و زۆر جێگای دەست خۆشی و ستایشکردنە، ئاخۆ هونەرمەدان چیان لە دەست دێت بۆ بە هانا گەیشتنی ئەو خانمانەی گەیشتونەتە کوچەیەکی بن بەست لە ژیانیاندا؟
فەرزانە ئەردەشیری رۆژنامەنووس، چالاکی مافەکانی ژنان و ئەندامی رێکخراوەی جیهانی کورد لە ئەڵمانیا لە هەڤپەڤینێکدا بە زاراوەی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام دەڵێت " ئێران بە گشتی وە بە تاێبەت ناوچە کوردیەکان کۆمەڵگایەکی سونەتی یان کۆمەڵگایەکی کۆن و دووا کەوتوون وە ئەم نەریتە باو کۆنە بوەتە فیشارێک بەسەر ژنان لە ناو کۆمەڵگای خۆماندا، بە تاێبەت لە ئیلام و کرماشان، وە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی غەمبار و شیوەنزارە وە هەیشە چەمەری و شیوەنزاری جێگای شادی و خۆشی گرتووە و بوەتە خەمۆکی و دڵتەنگیەکی دوو بەرابەر بۆ ژنان ".
فەرزادە خانم هەر وەها دەڵێت " ژنانی رۆشنبیری ئێمە توانای مانوڕکردنیان نییە، توانای بژاردیان نییە وە زۆربەی ژنانی ئێمە ماڵدارن( خانەدار)، یەکێک لە هەرە گرفتەکانی ژنان، گرفتی ئابوریە کە هەڵی کار و بازاری کار کەمە وە پیاوە کە زۆرتر کار دەکات و دەرامەتی هەیە بەڵام ژنە کە دەبی چۆن لەگەڵ ئەم داهاتە بەرنامە رێزی بکات وە ئاوسانی ئابوری ئەوەندە لە سەرەوەیە ژنان ئیتر توانای بەرنامە ریزیان بەو پول و پارە کەمە نییە ".
فەرزانە خانم دەشڵێت " ئێمە گشت گەواهیدەرین دەوڵەتی ئێران هیچ کارێکی نەکردووەو هیچ بەرنامە ریزیەکی نییە بۆ باشترکردنی ژیانی هاوولاتیان وە تا دێت ئەم فیشارە لە کۆمەڵگای ئێمە زۆرتر دەبێتەوە، هەر لێرە ئێمە دەست خۆشی دەکەین لە خانم هانا کامکار کە بە راستی بەرنامەیەکی زۆر سەرنج راکێش و غەمبار بوو وە چەندین جار تێدا گریام، گریام بۆ خۆمان، بۆ ژنانی کورد، وە لە هەموو هونەرمەندانی خۆشەویست و مرۆڤ دوستمان داوا دەکەم کە ئەم دەردە لە ئەستۆ بگرن ".
ئەم وتو وێژە بە زاراوەی ناوچەکانی ئیلام و کرماشان ئەنجام دراوە
Your browser doesn’t support HTML5