لەبەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دوو تەوەر باس دەکرێن.
تەوەری یەکەم: هێرشی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا
ئەم هێرشەی تورکیا چاوەڕوانکراوبوو بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان لە باکوری سوریا کە بە "ڕۆژئاڤا" ناودێر دەکرێت، هاوشێوەی بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا.
هەر لەگەڵ هێرشەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆسەر کۆبانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، هەڵوێستەکانی تورکیا بەرامبەر ئەو ناوچەیەی سوریا کە لە ڕووی مێژوویی و لە ڕووی جوگرافیایشەوە بە خاکی کورد ناسراوە و بەشێکیشە لە نەخشەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا لە هیچ بۆنەیەک و لە هیچ کاتێکدا نیگەرانی و دڕدۆنگی خۆی بەرامبەر کورد لە سوریادا نەشاردۆتەوە.
بەردەوام تورکیا هێزە کوردیەکانی بە تێرۆریست ناساندوە و بە بەشێك لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی داناون.
لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەکەکە دەستی داوەتە چەک و بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا دەجەنگێت بۆ مافی کورد لە تورکیادا.
ئانکەرە، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناودێر دەکەن.
پێشتر تورکیا بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی سنورەکەیەوە هێرشی کردە سەر شاری عەفرین و دەستی کرد بە پیادەکردنی سیاسەتەکانی خۆی. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەریشیەوە، تورکیا دەستی کرد بە دەستگیرکردنی سەدان کەس و گۆڕینی ناوی شەقام و خوێندنگاکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دانانی فەرمانڕەوای تورک بۆ شارەکە و چەندان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤیشی کردووە، وەک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە خۆجێیی و نێونەتەوەییەکانیشدا ئاماژەیان پێکراون.
ئێستاش هاوکاتی ئەم هێرشانەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیان پێکردووە، تورکیا چەند هۆکار وەک بیانوو دەهێنێتەوە بۆ هێرشەکانی، یەکەمیان وەک هەموو جارێکی تر باس لە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی خۆی دەکات، لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)کە یەپەگە بەشی هەرە سەرەکییەتی، جەخت دەکاتەوە لەوەی هیچ مەترسییەکی ئاسایشیی نییە بۆ تورکیا. دووهەمیش دۆسێی ئاوارەکانی سوریایە، تورکیا دەخوازێت بە درێژایی نزیکەی 500 کیلۆمەتری سنور و بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەناو خاکی سوریادا وەک دەڵێت ناوچەیەکی ئارام دروست بکات تا ئاوارە سوریاییەکانی تیادا نیشتەجێ بکات.
ئانکەرە دەڵێت پڕۆژەی هەیە بۆ ئەو پرۆسەی نیشتەجێکردنەوەیەی پەنابەرانی سوریایی کە نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر دەبن.
هۆکارێکی تریش کە ئانکەرە باسی دەکات، ئەو هەزاران گیراوەی داعشن کە هەسەدە لەکاتی شەڕەکاندا دەستگیری کردبوون و وەک دەڵێت لەم دۆسێیەیاندا لەگەڵ ئەمریکادا ڕێککەوتووە کە بەرپرسیارێتی ئەو داعشە گیراوانە لە ئەستۆ دەگرێت، لە کاتێکدا وەک دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "هیچ یەکێک لە وڵاتەکانیان وەریان ناگرنەوە."
ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی تورکیا بەو ئاڕاستەیەدان کە ئەمریکا چرای سەوزی بۆ ئەردۆگان هەڵکردووە تا ئەو کردە لەشکرییەی بکات لە سوریادا.
هەرچۆنێک بێت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نکوڵی دەکات لەوەی واشنتۆن چرای سەوزی بۆ ئانکەرە هەڵکردبێت.
بەڵام مایک پەمپەیۆ داکۆکی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکات بۆ کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە سوریا. ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزاییەکی بەرفراوان بۆتەوە لەناو ئەمریکا و لە دەرەوەی ئەمریکاشدا.
ئایا تورکیا دەتوانێت لەو کردە لەشکرییەیدا ئامانجەکانی خۆی بپێکێت؟
ئایا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەتوانێت ڕێ لە سیاسەتەکانی تورکیا بگرێت لە سوریادا؟
ئایا چارەنوسی گیراوەکانی داعش چییان بەسەردێت؟
تەوەری دووهەم: خۆپیشاندانەکانی عێراق
خۆپیشاندانەکان لە پایتەختی عێراق و چەند شارێکی تری ئەو وڵاتەدا ڕەوشی عێراقیان خستە بارێکی ناجێگیرەوە.
خۆپیشاندەران ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بەهۆی ئەو گەندەڵییە جۆراو جۆرانەی لە عێراقی بە شەڕ وێرانبوودا هەن.
لەگەڵ هەموو خۆپیشاندانێکدا گەورە بەرپرسانی حکومەتی عێراق پەیمانی چارەسەرکردن و باشترکردنی ڕەوشی ناهەموار و تاقەت پڕۆکێنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان دەدەن.
ئەمجارەش سەرەک وەزیری عێراق لە پەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران، جەخت دەکاتەوە لەوەی تەواوی داواکانی خۆپیشاندەران ڕەوان و بە مافی بێ چەند و چوونی خۆپیشاندەرانی داناوە.
یەکێک لە داواکانی خۆپیشاندەران ڕەخساندنی دەرفەتی کارە، هەروەها داواش دەکەن بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕژد دەستپێبکات دژی گەندەڵکاران و دادگایی کردنیان.
لە خۆپیشاندانەکانی چەند ناوچەیەکی عێراقدا توندوتیژی ڕوویانداوە و وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسی دەکەن دەیان کوژراو و سەدان برینداریش هەن لە هەردوو لا، واتە خۆپیشاندەران و کارمەندانی هێزە ئاسایشیەکان.
دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە لەسەر توندوتیژیەکان.
هاوکات پەرلەمانی عێراقیش هەتا ئێستا دوو لیژنەی تایبەتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە کردن.
لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە هەروادێ و زیاتر دەبن بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران کراون.
هاوکاتی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە، خۆپیشاندەران ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت زۆرێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیان داخستووە.
وەزارەتی بەرگری عێراق باری نا ئاسایی ڕاگەیاند و تەواوی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستۆتە باری ئامادەباشییەوە، وەک لە ڕاگەیاندکەیدا هاتووە، بە فرمانی وەزیری بەرگری سەرجەم هێزە ئەمنی و چەكداریەكان بچنە ئامادەباشیەوە و بەرگری لە سەروەریی عێراق بكەن، دامودەزگاكانی دەوڵەت و نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەكان بپارێزن.
ئەم بارە نائاساییە، قەدەغەکردنی هاتوچۆشی لە شاری بەغدا و چەند شوێنێکی تریش گرتۆتەوە و هێشتاش نەزانراوە چەندیش دەخایەنێت.
خۆپیشاندەران تا ئێستا ژمارەیەک باڵەخانە و ئۆفیسی حکومەتیان لە چەند ناوچەیەکدا سوتاندووە.
دەسەڵاتدارانی عێراقی لە هەندێک ناوچەی عێراقدا تۆڕەکانی سۆشیال میدیایان ڕاگرتووە، وەک دەگوترێت بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی وێنە و دیمەنە ڤیدیۆییەکانی خۆپیشاندانەکان و هەروەها ئەو توندوتیژیانەی دەکرێن.
هەر ئەمڕۆش پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق دڵنیایی داوەتە دیپلۆماتانی بیانی کە ڕەوشی ئاسایشی عێراق جێگیرە.
ئەگەرچی ڕێبەرانی عێراق هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی و ئاشتی لە وڵاتەکەیاندا، بەڵام نەبوون یان کەمی خزمەتگوزارییەکان و خراپی ڕەوشی ژیانی خەڵک وەهایان کردووە، پێکانی ئەو ئامانجانە کارێکی ئاسان نەبێت و هەورازێکی سەخت پڕ لە کەندەڵان بێت بۆ هەر پڕۆژەیەکی بە ئاڕاستەی دیموکراسی و ئاشتەواییدا هەنگاوبنێت.
دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق بڕیاری ئاڵوگۆڕی داوە لە کابینەی وەزارەتەکەیدا، وەک ئاماژەی پێدەکرێت هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە دەچێتە پەرلەمان و پڕۆژەی ئاڵوگۆڕە وەزارییەکەی دەداتە پەرلەمانی وڵاتەکە.
پێویستە ئەو ڕاستییەش ئاماژەی پێبکرێت کە ڕێبەرانی عێراق لە نەژاد و ئاین و ئاینزای جیا پێکهاتوون و ئەمەش وەهای کردووە ململانێکان درێژەیان هەبێت و کاریگەریی نەرێنیشی هەبێت بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر نەبوونی هاوڕاییەوە لە نێو خودی ڕێبەرانی وڵاتەکەشدا.
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوتە، بەڵام ڕێژەی بێکاری لە هەڵکشاندایە و تەنانەت جار بە جاریش باس لەوە دەکرێت، نەک هەر ئاستی هەژاری، بەڵکو ئەوانەشی لەژێر هێڵی هەژاریشەوە دەژین لە زیادبووندایە.
هەندێک لە چاودێر بە دووری نازانن فاکتەری دەرەکیش هەبن لە خۆپیشاندانەکاندا و وەک دەڵێن مەرج نییە هەر گرێدراوی دۆخە ناوخۆییەکە بێت، بەڵکو دەشێت ڕۆڵی وڵاتانی تریشی تیادا بێت، بەتایبەتی ئەوانەی دەخوازن هەژموونی خۆیان و باڵا دەستی خۆیان لە عێراقدا زیاتر و زیاتریش بکەن.
بەشێکیش لە چاودێران پێیان وایە ئەمە یەکەمین جارە شەقام لە چەند شوێنێکی عێراقدا بجوڵێت و کاردانەوەی هەبێت بەبێ ئەوەی یەکێک لە لایەنە گەورە سیاسییەکان دەستی هەبێت تیایدا، هەرچەندە بە دووریشی نازانن لەگەڵ درێژەکێشان و پەرەسەندنی زیاتری خۆپیشاندانەکاندا، ئیتر بکەونە دەستێوەردان و خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییە.
کەمیش نین ئەوانەی بە گومانێکی زۆرەوە لە عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەڕوانن و بە ڕاستەخۆ بێت یان بە ناڕاستەوخۆ دەڵێن دەشێت دەستیان هەبێت. ئەوانەش هەن کە دەڵێن هەموو شتێکی عێراق لە ئێرانەوە دەجوڵێندرێت بە خۆپیشاندانیشەوە.
کێن ئەوانەی ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی ناو عێراق دەکەن؟
ئایا خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شوێنەکانی تری عێراق ئاماژەیە بە فێربوونی هونەری ئۆپزسیۆن بوون؟
ئایا خۆپیشاندانەکانی عێراق لە بەغدا و شوێنەکانی تریش پەیوەندی هەیە بە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەوە؟
ئایا دەستی دەرەکی هەیە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شوێنەکانی تری عێراقدا؟
شیروان شەمێرانی، چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5