هەر وەکو دەبینین ئەمرۆ رۆژئاوا پاڵی بە دیواریكەوە داوە و لە گۆڕەپانەکەدا بە تەنیا شەڕی مان و نەمان و بەرگری لە دەستکەوتەکانی و خوێنی بەلای کەم 11 هەزار شەڕڤان دەکات.
رۆژئاوا ئێستاکە چ رێگا چارەسەریەکی لەبەر دەستدایە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی؟
رۆژئاوا پێش ئەوەی بۆ یارمەتی روو بکاتە جیهانی دەرەوە، لە ناوەوەی کوردستان دەبی چی بکات؟
دیارە هات و چوو و دیالۆگ لە نێوان کاربەدەستانی بەرێوەبەرایەتی سەربەخۆێ رۆژئاوا و حکومەتی سوریا تا رادەیەک کراوە بوە بەلام هەر جار نەیانتوانیوە لە سەر پرۆژەیەک رێک بکەون، ئایا لەم بارودۆخەدا سوریا ئامادە دەبێت بۆ وتو وێژ؟
جارێکی تر ئەمەریکا سەڵماندی کە نە دۆست و نە هاووپەیمانی هەمیشەیی هەیە بەڵکو بە بەرژەوەندیەکانەوە گێدراوون و لە نەتەوە یەکگرتووەکان خوێنی 11 هەزار شەرڤانی لەبەر چاو نەبوو و دژ بە هەوڵدانی ئەوروپاییەکان راوەستا. ئایا هێشتا ئومێد بە نەتەوە یەکگرتووەکان ماوە کە لەم تەنگانەدا کارێک بۆ کورد بکات؟
دکتۆر کامەران مەنتک مامۆستای زانستەکانی رامیاری لە زانکۆی سەلاحدین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئێستا رۆژئاوا نوێنەرایەتی هەموو جۆڵانەوەی کورد دەکات لەم قۆناغەدا، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان هەر هەموو، لە هەر چوار پارچەکە و لە هەموو شوێنێکی جیهان پاڵپشتی رۆژئاوا بکەن، بە راستی هەر زیانێک بە ئەزمونی رۆژئاوا بکەوێت من پێیم وایە زیان بە هەموو کورد ئەکەوێت ".
دکتۆ کامەران هەر وەها دەڵێت " رۆژئاوا پێویستە زۆرتر پشت بە خۆێ ببەستێت و دان بە خۆێ بگری وە ئەوانیش ئێستا شەڕێکی قارەمانانە دەکەن و رووبەرووێ ئەو زوڵم و دەست درێژیە دەبنەوە کە وا تورکیا لە بەرامبەریاندا ئەنجامی دەدات، بۆیە پێویستە کار لەسەر ئەگەری دووەم بکەین، میدیا و خەڵکی کوردستان ئەوەندە بیر لەوە دەکەینەوە ئەگەر رۆژئاوا بکەوێ، من پێیم وایە رۆژئاوا زۆر زەحمەتە بکەوی، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە رۆژئاوا چۆن سەردەکەوی ".
دکتۆر کامەران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ناوەند دەشڵێت " بێگومان بەڵام ناکرێ لە یەک روانگەوە سەیری بکەین لەبەر ئەوەی حکومەتی ناوەندیش لە سوریا ئیرادەی دانوستاندن و ئیرادەی سەربەخۆیی نییە، ئێمە لە ئەفرین بینیمان کە وا رۆژئاوا پەنای بۆ رژێمی سوریای برد و داوای لێکرد سوپاکەی یان هێزەکانی بنێرێتە سەر سنوور و ئاڵای سوریا هەڵبدەن بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا نەتوانی پەلاماری ئەفرین بدات بەڵام بینیمان حکومەتی سوریا نەیتوانی، سەرباری ئەو رێکەوتنەی رووێ دابوو روسیا بە ئاشکرا دژی وەستا و بە بەشار ئەسەدیان راگەیاند ئەگەر هەنگاوێکی وا بنێت ئێمە هەلویستمان بەرامبەر وەردەگرین و وەریشیان گرت ".
Your browser doesn’t support HTML5