نزیکەی دە هەزار کەس لە ئەڵمانیا ناڕەزایی دژ بە تورکیا دەردەبڕن

ڕۆژی شەممە هەزاران کەس لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژ بە هێرشەکانی تورکیا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

کاربەدەستانی شارەکە دەڵێن نزیکەی 10 هەزار کەس بەشداربوون لەو خۆپیشاندانەی لەلایەن لایەنە چەپڕەوەکانەوە ڕێکخرابوو. پۆلیس لە سەرانسەری ئەو ناوچەیەی خۆپیشاندانەکە بڵاو ببوونەوە بۆ ڕێگەگرتن لە شیانی هەر توندوتیژییەک. کاربەدەستان دەڵێن خۆپیشاندانەکە بە ئاشتیانە بەڕێوەچوو.

ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ئاڵای یەپەگە یان بەرزکردبۆوە و هەندێکی تریش دروشمی " نا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئاکەپە" یان هەڵگرتبوو.

ژمارەیەکی زۆر لە کورد و تورکیش لە ئەلمانیا دەژین و زۆرجار لە ڕابوردوودا ناکۆکی نێوانیان توندوتیژی لێکەوتۆتەوە.