رووداوەکان لە پەیوەندی بە کورد لە رۆژئاوا، تورکیا، ئەمەریکا، سوریا و روسیا ئەوەندە بە خێرا تێدەپەرن و گۆڕانکاریان بەسەردا دێت لەوانەیە بە پێچەوانەی پێشبینیەکاندا بێت. رێکەوتنامەکەی ئەم داواییەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، سەرۆک ترامپ بە سەرکەوتنێک بۆ شارستانیەت دەیزانی و کەسانێکی تر دەڵێن ترامپ کوردی هەرزان فرۆش بە تورکیا کرد.
ئێوە چۆن لێ دەڕوانن؟
رێکەوتنێک کە بە چارەنووسی گەلێکەوە پەیوەندی هەیە و لە ئەنکارا لە نێوان دوو لایەن کە یەکێک دوژمنیەتی و ئەوەی تر گوایە هەرزان فرۆشی کردووە و بە بێ ئامادە بوونی نوێنەرانی کورد بریاری لەسەر دەدرێت، تا چەند شیانی هەیە لایەنی کوردی پەسەندی بکات؟
کورد وەکو قەرەجی شەڕی لێهاتووە ماڵ و ژیانی جێ دێڵێت و نازانێت بەرەو کوێ سەرهەڵدەگرێت، ماڵ وێران و ئاوارە دەکرێت، ئەمەریکا لە جیاتی ئەوەی بە " فرۆشتنی کورد " بۆ ئەوەی تورکیا دڵخۆش بکات، چما بیر لە دانانی هێزێکی ئاشتی پارێزانی نیۆنەتەوەیی ناکەن بۆ ئەوەی "نگرانیەکانی " تورکیا یەکلا بێتەوە و چارەسەر بکرێت و مەترسیش بۆ ژینوساێدکردنی کوردیش درووست نەبێت؟
نیاز حامد برایم لێکۆلەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەو رێکەوتنەی کە لە نێوان جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ماێک پینس و ئەردوگان و حکومەتی تورکیا ئەنجام دراوە جۆرێک لە ئاڵۆزی تێدایە، چ ئەو داکیۆمەنتانەی بڵاو بۆنەتەوە وە یاخود لێدوانەکان بە پێی ئەوەی هەر رێکەوتنێک بۆ ئاگر بەس وە یاخود ڕاگرتنی شەڕ دەبێ ناوبژیوانێک هەبێ، ئەگەر بێت و ئەمەریکا سەربازەکانی بکێشێتەوە چۆنە دەتوانێت بڕگەکانی ئەو رێکەوتنامەی کە ئەنجامدراوە جێ بە جێ بکرێت ".
کاک نیاز هەر وەها دەڵێت " ئەمەریکا لە جیاتی ئەو سەودا کردنە نەرمەی لەگەڵ تورکیا دەبێ بە توندی لەگەڵیدا هەلسوکەووت بکات لەبەر ئەوەی گەلێک لە بەرامبەر هەڕەشەی لە ناوچووندایە، لە بەر ئەوەی ئێستاکە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پاکتاوی ڕەگەزی. نەژادی بەرێوە دەچێت وە ئەگەر ڕێگای لێ نەگیردرێت کارەساتێکئ لێدەکەوێتەوە و ئەمەریکاش لەوەدا بەشدارە، سەرۆک ترامپ دەیتوانی زۆر بە ئاسانی شەڕەکەی رابگردبایە بێ کشانەوەی سەربازەکانی و رێگا خۆشکردن بۆ تورکیا بۆ ئەوەی پاکتاوی ڕەگەزی بکات ".
لە بەرامبەر درووستکردنی هێزێکی ئاشتی پارێزانی نیۆنەتەوەیی لە نێوان کورد و تورکیا، کاک نیاز دەڵێت " ئەو پاساوانەی تورکیا دێنێتەوە بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کوردەکان، ئەمەریکا دەزانی هیچ کام لەو پاساوانە راست نییە، خۆ چەند مانگێک لەمەو پێش سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ لە ژاپۆن ووتی من تەلیفۆنم بۆ ئەردوگان کرد و ووتم بوەسەتە وە ئەگەر نە گەلێکی قڕ دەکرد, کە واتە بۆ بیر لەوە ناکرێتەوە هێزێکی ئاشتی پارێز لە نێوان هەردوو لادا درووست بکەن بۆ ئەوەی رێگا بگرێت لەو پاکتاوە نەژادیە ".
Your browser doesn’t support HTML5