وەکو نووسەران و لێکۆڵەران ئاماژەی پێدەکەن کورد لە درێژایی مێژوودا بێ ووچان لە تیکۆشاندا بوە بۆ بەدەستهێنانی مافە بناغەیی و رەواکانی وە ئەگەریش جارێک پەنای بە بەشێکی تری وڵاتە داگیرکراوەکەی بردووە، بێگومان لە خۆشیدا نەبوە بەڵکو بۆ مانەوە و پەرەپێدان بە خەباتەکەی بوە، وە ئەگەریش ئەو وڵاتانە داڵدەیان داوون لە پێناوی خۆشەویستیان بۆ کورد و ئەو لایەناندا نەبوە بەڵکو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بوە و لە پێناوی بەکارهێنانیان وەکو ئامرازێک لە دژی نەیاریانیان لە وڵاتانی دراوسێدا. دەووترێ ئەگەر بۆ وڵاتانی هاووپەیمانی بە رێبەرایەتی ئەمەریکا رەوایە لە سوریا دژ بە نەیارانیان شەڕ بکەن وە ئەگەریش روسیا و سوریا و ئێران پێکەوە ئەو مافەیان هەیە لە بەرامبەر ئەو هاووپەیمانیەدا رابوەستن و بەرگری لە رژیمی ئەسەد بکەن، چما بۆ کورد رەوا نییە دەستی یارمەتی بۆ برا کوردەکەی لە بەشێکی تری وڵاتە دابەشکراو و داگیرکراوەکەیدا درێژ بکات. وەکو باس دەکری تورکیا قەت دوژمنایەتی بۆ کورد نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا نەشاردوەتەوە بەڵام دەڵێن سەیر لەوەدایە کاتێک نیچیرڤان بارزانی لە سیمیناری میری دا دەڵێت " کێشەی تورکیا لە سوریا کورد نییە، بەڵکو پەکەکەیە " ئایا لە راستیدا کێشەی تورکیا لە سوریادا کورد نییە؟
سەرکەوت شەمسەدین ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئاێیندە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت " پێشتر ئەو قسەی نیچیرڤان بارزانی لە لایەن خودی سەرۆک کۆماری تورکیا دووپات کراوەتەوە و پێشتر سەدام حوسەین بە کاری هێنا لە بەرامبەر خەباتی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر ستەمکاری، لەبەرامبەر پێشمەرگە، ئەمانە قسەی ئەوانەن کە داگیرکەری کوردستان بوون یان دژی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ شەرعیەتدان بە شەڕەکانیان وە یان قڕکردنیان لەو ناوچەیە، سەرۆک کۆماری تورکیا چەندین جار وتویەتی ئەو نایەوێ لە سوریا هەرێمێکی کوردستانی تری وەکو ئەوەی لە عێراق هەیە لە سوریا درووست بێت، راستە ئەو گرفتی لەگەڵ پەکەکە و ئایدیۆلۆژی پەکەکە هەیە، کە ئەوە بابەتێکە بەڵام لە راستیدا گرفتی لەگەڵ وجودی کیانێکی کوردیش هەیە لە سوریا نەک تەنها پەکەکە وە نیچیرڤان بارزانی پاکردنەوەی رووێ ئەو تاوانە لە سوریا نازانم لە پێناوی چی ئەیکا ".
کاک سەرکەوت هەر وەها دەڵێت " بەشێکی زۆری ئەوانەی بۆ ئەو جۆرە کۆنفرانسانە بانگ ئەکرێن، بەشی هەرە زۆریان لەوانەن کە دەسەڵات خۆێ بە خێویان ئەکات و خۆێ پەروەردەیان ئەکات وە ئینسانی رەخنەگر و خاوەن رایی خۆیان نیین لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکەین ئێمە لە ئامادەبووانی ئەو سیمینارە راستەوخۆ رەخنە لە نیچیرڤان بارزانی بگرن".
کاک سەرکەوت دەشڵێت " بەڵی هەموو ئەو جۆرە لێدوانانە لە ئاستێکی بەرزدا بە کار دەهێنرێ لە لایەن تورکیا و لە لایەن میدیای تورکیەوە بۆ قەناعەتکردن لایەنی کەم بە خەڵکەکەی خۆیان وە رەنگە بۆ گفت و کردن لەگەڵ ترامپیشدا بە کاری بهێنێ کە ئەمە لابیکردنە بۆ تورکیا ، هیچ مەعنایەکی تری نییە جگە لە پشتێوانیکردن لە هەڵمەتەکانی تورکیا لە سوریا، ئەو لێدوانەی نیچیرڤان زۆر نا بەرپرسانەیە وە رێز نەگرتنە لە خەباتی هاووتیانی هەم رۆژئاوا وە هەم بە گشتی ئیدارەی باکوری رۆژئاوا ".
Your browser doesn’t support HTML5