ڕائید فەهمی: ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی خۆپیشاندەرانی عێراق بەهێزتر دەبێت و حکومەتیش لاوازتر

لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە کوردیشەوە لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی ڕەوشی ناجێگیری وڵاتەکەیان.

بەڵام وەک دەگوترێت ئەو جۆرە کۆبوونەوانە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە لای خۆپیشاندەران.

ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق دەڵێت خۆپیشاندەران و ئەوانەش کە ناڕەزاییان هەن، ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بە لادان لە ئامانجە سەرەکییەکان دادەنێن، کە بریتین لە دیاریکردنی بەرپرسیارێتی دەسەڵات و حکومەت لەسەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران کراون، هەروەهاش ئەو پێشێلکاریە دەستوریانەی فەرمانڕەوایانی عێراق کردوویانە، ئەمانە بێ کە دەستگیرکردنە بەردەوامەکان و ڕفاندنی چالاکوانانی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەکەن.

بەڕێز فەهمی کە سیاسەتمەدارێکی دێرینی عێراقیە، لەم ماوەیەی ڕابردوودا دەستی لە ئەندامێتی پەرلەمان کێشایەوە بەهۆی وەک دەڵێت ئەو کەموکوڕی و کەمتەرخەمیانەی هەم لەناو پەرلەمان و هەمیش لەناو حکومەتدا هەن.

لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، بەڕێز فەهمی باسیش لەوە دەکات هەموو کەس لە عێراقدا دەزانێت کە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانیش هەوڵی سود وەرگرتن لە کات دەدەن و هەروەهاش چاوەڕوانی ماندووبوونی خۆپیشاندەرانن و گرەو لەسەر ئەو شتانە دەکات، نەک ئەوەی وەڵامێکی بابەتیانەی هەبێت بۆ داواکانی خەڵک.

ڕائید فەهمی لەم شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا خوێن ڕژاوە بەهۆی ئەو یاسا لەشکریانەی بەسەر خۆپیشاندەراندا سەپێندراون، هەر بۆیە بۆ هەنگاونان بەرەو ئارام کردنەوەی ڕەوشەکە دەبێت حکومەت و لایەنە سیاسییەکانیش ئەمە بکەنە دەروازەی سەرەکی بۆ هەوڵەکانیان تا ئەو لایەن و کەسانەش ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و هەروەهاش بدرێنە دادگا.

بەڕێز فەهمی دەڵێت، بە گومانە لەوەی ئەگەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیش دەست لەکار بکێشێتەوە، بارودۆخی عێراق ئارام ببێتەوە چونکە ئێستا داوای سەرەکی خۆپیشاندەران دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی و دادگایی کردنی ئەوانەن کە خوێنی خۆپیشاندەرانیان ڕژاندووە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ڕائید فەهمی، سیاسەتمەداری دێرینی عێراقی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی ڕائید فەهمی