ئاڤان جاف: ئەمەریکا دەخوازێت ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنوس فەراهەمبکرێت

هەماهەنگی نێوان کۆنسوڵی گشتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەهەولێرو سەنتەر و رێکخراوەکانی بەرگریکارانی رۆژنامەوانان و مافەکانی مرۆڤ بەردەوامەو پڕۆژەیەکی درێژخایەنی هاوبەش پێکەوە ئەنجامدەدەن.

بەپێی راگەیندراوێکی سەنتەری میترۆ كونسوڵی گشتی ئەمەریكا ستیڤ فەیگن رایگەیاند لەكۆمەڵگەی دیموكراسیدا ڕۆژنامەنوس و دەزگاكانی ڕاگەیاندن پێویستە بتوانن كار بكەن بە بێ سانسۆر، ترس و تۆقاندن، هەراسان كردن یاخود هەڕەشە.

لە مەڕاسیمەکەی ڕۆژی چوارشەممە ژماریەك پەرلەمانتارو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، نەقیب و سكرتێری سەندیكای ڕۆژنامەنوس، ئەندامانی ئەنجومەنی خانمان، میدیاكاران و نوێنەرانی ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئامادەیبوون.

ستیڤ فەیگن ڕایگەیاند "هەموو ڕۆژنامەنوس مافی ئەوەیان هەیە بۆچونەكانیان ئازادانە دەرببڕن بەبێ بوونی ترس و تۆقاندن یان هەڕەشەی توندوتیژی و یاخود سزادان و تۆڵەكردنەوە، جەختیكردەوە "هەرچەندە ئەگەر بۆچوونی ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرتن بوو لە حكومەت و یاخود دەربڕینی بۆچوونێك بوو كە جیاواز بوو لە بۆچوونی دەسەڵاتداران و حكومەت و پارتە حوكمڕانەكان و سیاسەتمەداران."

ستیڤ فەیگن باسی لەوەش كرد ئەوان هانی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی دەدەن بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی گرنگ لە پێناو پەرەپێدانی ژینگەیەك كە ڕۆژنامەنوسان بتوانن تیایدا ئازادانە و سەربەخۆیانە كار بكەن بە بێ ترس.

بە پشتیوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو سەنتەری میترۆ و ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت لەچوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزكردنی توانای ڕۆژنامەنوسی پێكهاتە جیاوازە ئاینی و نەتەوەییەكان وەك( كاكەیی، یەزیدی، زەردەشتی، كلدوئاشور-سریانی، بەهایی، توركومانی، شەركەسی، ئەرمەنی، ،شبك، جوولەكە، سابئی و هتد)، كە لە پێنج پارێزگای عێراق جێبەجێدەكرێت.

ئامانجی پڕۆژەكە بنیاتنانی توانستی بەشداربوانە لە بواری راپۆرت نوسین و چاودێرێكردنی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری، دیاریكردنی مافی پێكهاتەكان بە یاساكانی عێراق و پێوەرە نێودەوڵتییەكان.

ئاسۆ جەبار بۆ روماڵکردن و زانیاری زیاتر لەبارەی کۆی هەماهەنگی نێوان کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەهەولیێرو سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وتوێژی لەگەڵ خانمە ئەندامێکی سەنتەری میترۆ خاتوو ئاڤان جافدا سازکردووە...

ئاڤان جاف دەڵێت "پەرۆشی ولایەتە یەکگرتوەکان هەر لەو سۆنگەیەوە هاتووە کە پێکەوە کاربکەیەن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنوس."

خاتوو ئاڤان دەشڵێت "سەرەتا ڕاپۆرتەکان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن؛ لەبەرئەوەی ئەو پێشێلکارییانە لەناو هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات و ئەوان لێی بەرپرسیارن."

ئاڤان پێیوایە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لەبەرتەسککردنەوەی ئازادی بیروڕادەربڕین و ئەو پێشێلکاریانە یان هێرشکردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس."

بەڵام بە ئومێدەوە دەڕوانێتە یاساکانی کاری رۆژنامەگەریی و دەڵێت "سەڕای ئەو هەموو توندوتیژی و ئەو بەربەستانەی کە لەهەرێمی کوردستاندا هەیە کۆمەڵێک یاسای زۆر باش و سەردەمیانەش هەیە ئەگەر جێبەجێبکرێن."

Your browser doesn’t support HTML5

ئاڤان جاف