لە هەولێر کۆبوونەوە و خوپێشاندان لە نێو پەرلەمان و پێش پەرلەمان ئەنجامدران سەبارەت بە پرۆژە یاسای چاکسازی

ڕۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەک سەبارەت بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی بەڕێوەچوو لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگی 85 پەرلەمانتار لە کۆی 111 پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سیفەتی بەپەلە بە پڕۆژە یاسای چاکسازی درا تا لە داهاتوویەکی نزیک پڕۆژەکە یاساکە پەسەند بکرێت، دکتۆر کازم فاروق سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراستی ئەم نووسینە دەکاتەوە کە تێیدا دەڵێت چاکسازی دەبێت گشتگیربێت و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە نەک رووکەش و سەتحی بێت، چاکسازی فیعلی ئەوەیە کە داهاتی نەوت و گاز شەفاف بێت، هێزی پێشمەرگە سەربەخۆ و بە نشتیمانی بکرێت کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی پاک و بێلایەن دروست بکرێت، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان ئاشکرا بکرێت، مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت و پاشەکەوتەکان بگەرێندرێتەوە بۆ مووچە خۆران، هەلی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ دابین بکرێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کشتۆکاڵ و پیشەسازی باشبکرێن، بڕینی خانەنشینی پلە باڵاکان، ئەمانە چاکسازی ڕاستەقینەن نەک شەرعاندنی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە باڵاکان و کەمکردنەوەی قوت و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی.

شوان زراری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی هیچ کێشەو بەربەستێک نیە و کۆبوونەوەکە بە دەنگی 85 ئەندامی پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی پێدراوە و لە ماوەی 24 سەعات بۆ هەفتەیەک دەبێت لیژنە پەیوەندارەکان ڕاپۆرتی خویان بنووسن و لە کۆبوونەوەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت وهیوادارین بەر لە سەری ساڵ یان لە دوای سەری ساڵ پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و زورترین فەرمانبەر و دانیشتووانی کوردستان لێی سودمەندبن، بە تاکید ئەوەی دەکرێت ئێستا کە حکومەت ناردوویەتی لە بەرژەوەندی شەقام و هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی کوردستانە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەبارەی پڕۆژە یاسای چاکسازی ژمارەیەک لە چاڵاکان و توێژی جیاجیا بە خوپێشاندانێک گەیشتنە پێش پەرلەمانی کوردستان بە بەرزکردنەوەی چەندین درووشم داوای چاکسازی ڕیشەییان لەسەرجەم بوارەکاندا دەکرد.

نەهرۆ جەلال بەیاننامەی خوپێشاندەرانی خوێندەوە کە چەندین خاڵیان لەخوگرتبوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لەوانە داوایان کرد چاکسازی لە لووتکە لە خانووە ملیۆن مەتریەکانەوە دەست پێ بکرێت، مووچەی پلە باڵاکان کەمبکرێتەوە و هەروەها یاسای خانەنشینی پلە باڵاکان رێکبخرێتەوە و وردبینی لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و ڕۆژنامەنووسان بکرێت، بودجەی پارتەکان کە زیاتر لە 1% بودجەی کوردستانە کەمبکرێتەوە واتا ئەو پارتانەی بەرزترین بودجەیان هەیە بەرزترین رێژەیان لێ کەمبکرێتەوە، مووچەی بنەڕەتی لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کوردستان ببڕدرێتەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە، دەست لە ئیمتیازاتی قوربانیانی جینۆساید و شەهید و زیندانی سیاسی بە هیچ شێوەیەک نەدرێت.

هەفتەی داهاتوو دوای ماوەیەکی زور لە چاوەڕوانی بەشێکی زور لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەندی کرد و ناردیە پەرلەمان.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری