کاردانەوەی کۆشکی سپی و سیناتۆرەکان لەسەر ئیمپیچکردنی سەرۆک

ماوەیەکی کورت پاش دەنگدانەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئیمپیچکردنی سەرۆک ترامپ کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت " ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی هات بە شەرمەزارترین زنجیرەی سیاسی لە مێژووی وڵاتەکەماندا." بەیاننامەکەی کۆشکی سپی کردارەکەی کۆنگرێس بە " ئیمپیچکردنێکی شەرمەزار" ناودێر دەکات.

لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت " سەرۆک ترامپ متەمانەی هەیە کە سینات فەرمانی ئاسایی بە ڕەوایی نۆژەنگ دەکاتەوە و کەلە ئەنجومەنی نوێنەراندا پشتگوێ خرا. ئەو ئامادەیە بۆ هەنگاوی داهاتوو و دڵنیایە کە بەتەواوەتی بێتاوان دەبێت."

سەرۆکی کۆمارییەکان لە سینات کە زۆرینەن مچ مکانەڵ لە پاش دەنگەدانەکەی کۆنگرێس لە تویتێکدا دەڵێت " سبەینێ کاتژمێر 9:30 ی سەرلەبەیانی باسی ئیمپیچەکەی دیموکراتەکانی کە لە پێشترەوە شکستیان هێناوە دژ بە سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم."

هاوکات سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات چەک شومەریش لە تویتێکدا باسی لە هەنگاوەکە کرد و گوتی " ئیمپیچکردنی سەرۆکێک ساتەوەختێکی ترسناک و ڕژدە بۆ وڵاتەکەمان. لە دەستپێکی دانیشتنەکەی سیناتدا هەمو سیناتۆرەکان سوێند دەخۆن بۆ ئەوەی بڕیارێکی بێلایەنانی ڕەوا بدەن. خەڵکی ئەمەریکا شایستەی ئەوەیە سینات دانیشتنێکی تەواو و ڕەوا ئەنجام بدات."

هەنگاوی پاش دەنگدانەکەی شەوی چوارشەممە دانیشتنی سیناتە و بۆ ئیمپیچکردنی سەرۆک لە سینات دوو لەسەر سێی دەنگ پێویستە. بەڵام لە کاتێکدا لە ئەنجومەنی نوێنەران تەنانەت یەک کۆماریش دەنگیان بە ئیمپیچکردنەکە نەدا بۆیە چاوەڕوان ناکرێت لە سیناتی زۆرینە کۆماری 67 دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.

سیناتۆری بەناوبانی کۆماری لێندسی گراهام جگە لەوەی متمانەی هەیە سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەڵبژاردنەکانی 2020 یش بباتەوە لە تویتێکدا دەڵێت " بەندەکانی ئیمپیچکردنەکەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرا دەستبەجێ لە سینات پوچەڵ دەکرێتەوە."

بەڵام بێرنی ساندەرسی سیناتۆری ولایەتی ڤێرمۆنت و کاندیدی بەناوبانگ بۆ بوون بە بەربژاری سەرەکی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێی وایە ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارێتی دەستووری خۆیان بەجێ گەیاندووە بەم دەنگدانە بۆ بەفەرمی تاوانبار کردنی وەک دەڵێت " گەندەڵترین سەرۆک لە مێژووماندا."

ساندەرس لە تویتێکدا دەڵێت " من داوا لە مچ مککانەڵ دەکەم دانیشتنێکی تەواو و ڕەوا ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ئەم سەرۆکە بەرپرسیار بکرێت، و من بە تەواوەتی ئامادەم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانم وەکو ئەندامێکی دەستەی سوێندخۆران لە سیناتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."

جگە لەمانە چەندین سیناتۆری تر ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئیمپیچکردنەکە دەربڕیوە و هەروەکو ئەنجومەنی نوێنەران کۆمارییەکان دژی بڕیاری ئیمپیچکردنەکەن و دیموکراتەکانیش بە هەنگاوێکی گرنگی مێژووی لەقەڵەمی دەدەن.