خۆپیشاندانی ژنان دژی هەڵوێستەکانی پیاوانی ئاینی


پاش ئه‌وه‌ی‌ لیژنەی فەتوای یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ( حوکمی سه‌رکه‌وتنی ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌کسی ) ده‌ڵێت پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ شه‌وان به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌م ته‌کسی ده‌رنه‌چێت مه‌گه‌ر دڵنیابێت و بۆ کارێکی زۆر پێویست و زه‌رور، و پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شۆفێری نامه‌حره‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار و ئاوه‌دانی ده‌رنه‌چێت هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر شوفێره‌که‌ ئافره‌ت بوو دروسته‌ ئافره‌تی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ‌ سه‌ربکه‌وێت به‌ڵام شۆفێری ئافره‌ت دروست نییە سەرنشینی پیاو هه‌ڵبگرێت, ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیه‌کی زۆری به‌ دوای خویدا هێنا. بە‌ مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین له‌وباره‌یه‌وه‌ رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و کەسایەتیەکانی ژن لە بەردەم پارکی شانەدەری هه‌ولێر بە ڕێپیوان چوونه‌ بەردەم پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان و ناڕەزایی و نیگەرانییەکانی خویان گه‌یانده‌ لیژنەی مافی مرۆڤ و ژنان و ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان.

له‌نجه‌ عه‌بدولڵا رێکخه‌ری گردبوونه‌وه‌که‌ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "ژن چه‌ندین هه‌نگاوی گرنگی ناوه،‌ چه‌ندین قۆناغی تێپه‌ڕاندووه‌ چه‌ندین ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌ ئێمه‌ باسی ئازادی ژن و بوێری ده‌که‌ین باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ژن له‌ ماڵه‌کانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ حکومه‌ت بیانپارێزێت ئه‌مانه‌ هاتوون وێنه‌یه‌ک لای کۆمه‌ڵگە دروست بکه‌ن که‌ ژن بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و ژن وه‌کو ئه‌وه‌ی نه‌توانێت به‌رگری له‌ خوی بکات کاتێک رووبه‌ڕووی ته‌حه‌روشێک ده‌بێته‌وه‌.‌ ئه‌مه‌ وانییە ئه‌گه‌ر بێتو ته‌حه‌روش یان هه‌ر سوکایه‌تیه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ ژن هه‌بێت جهه‌تی ئه‌منی هه‌یه‌، ئێمه‌ داوا له‌ په‌رله‌مان ده‌که‌ین وه‌کو ده‌زگایه‌کی چاودێر داوا بکات که‌ حکومه‌ت به‌ زوترین کات ئیجرائات به‌رامبه‌ر لیژنه‌ی فه‌توا بکات و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بکات، ئێمه‌ چه‌ندین چالاکی و دیداری ترمان له‌گه‌ڵ که‌سانی به‌رپرس هه‌یه‌ و بێ ده‌نگ نابین به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت سنورێک دابنێت بۆ ئه‌م سوکایه‌تیه‌. "

دکتور حه‌سه‌ن موفتی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستێک بێت شکۆی ئافره‌ت پارێزراوبێت و ته‌حه‌روشی پێ نه‌کرێت و دواتر ئغتیساب نه‌کرێت و زۆر جار حاڵه‌ته‌که‌ ده‌بێته‌ تاوان و کوشتن دۆسیه‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بووه‌ و چه‌ند جار شتی وا روویداوه‌ و هاتوون ئێمه‌ سولحمان بۆ کردوون و خه‌ڵکێکی تریش که‌ پرسیاری کردووه‌ وەڵاممان داوه‌ته‌وه‌ له‌ روانگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌ نه‌مانگووتووه،‌ له‌ روانگه‌ی یاسا و قانوونه‌وه‌ نه‌مانگووتوه‌ له‌ روانگه‌ی نه‌ریت و ئه‌مانه‌وه‌، روانگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌ هه‌شت خاڵمان دیاریکردووه‌ ئه‌وه‌ی که‌ به‌ ئیشکالمان زانیوه‌ ئافره‌ت ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ودا بوو ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نیابوو و هیچ زه‌روره‌تێکیش نه‌بێت و هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ویشدا بوو به‌ته‌نیابوو و نه‌شیناسێت زه‌روره‌تێک بوو ئێمێرجێنسیه‌ک بوو هه‌ر وتومانه‌ ئیشکالیه‌تێکی تێدا نییە به‌ڵام ئه‌گه‌ر زه‌روره‌ت نه‌بوو و له‌ده‌ره‌وه‌ی شاردا بوو و بۆ شوێنێکی چوله‌وانیبوو ئاموژگاریمان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ شکۆی ئافره‌ت بپارێزرێت باشتر وایه‌ ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌ته‌ به‌کارنه‌هێنرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک نه‌یانویستووه‌ تێ بگه‌ن ره‌د فیعلیان نواندووه‌ ئه‌گه‌ر جهه‌تی فه‌رمیحکومه‌تی هه‌رێم وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌م ئاموژگاریانه‌ی ئێمه‌ی پێ په‌سه‌ند بوو ئه‌و کات خوی ده‌توانێت به‌ مه‌شروعێک پێشکه‌شی بکات بۆ په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ر پێشی په‌سه‌ند نه‌بوو، ئێمه‌ له‌ روانگه‌ شه‌رعیه‌که‌وه‌ وه‌کو شێوازێکی ئاموژگاری روونکردنه‌وه‌مان داوه‌، ئه‌وه‌مان ده‌رکه‌وتووه‌ زۆرێک له‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراوانه‌ له‌ شه‌ودا روویداوه‌ و بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار ته‌حه‌روش و ئه‌مانه‌ و که‌یسی زۆریش هه‌یه‌ هه‌تا مکافحه‌ ئاگادارن."

کاژین جه‌مال چالاکێکی ژنه‌ بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ئه‌و فه‌توایه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن زانایانی ئیسلامیه‌وه‌ ده‌رکراوه‌ به‌ پێی ئه‌و ئایدۆلۆژیای فیمینیست هه‌یتی دژی مافی ئافره‌تانه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئافره‌تانه‌ که‌ بتوانێت خوی به‌رێوه‌ببات ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ دژی ئه‌وه‌ بوه‌ستین و پێیان بڵێن که‌ ئافره‌ت بۆی هه‌یه‌ بتوانێت له‌ هه‌ر شوێنێک بێتو به‌ ته‌نیاش بێت، مادا‌م ئێمه‌ ده‌چینه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و په‌رله‌مانیش که‌ ئێستا رێژه‌ی ژنان تێدا زیاتره‌ که‌ خویان خاوه‌ن بڕیارن هیوادارین بتوانین ده‌نگی خومان بگه‌یه‌نین و کاریشی له‌سه‌ر بکرێت".

حه‌مزه‌ مه‌حمود شوفێرێکی ته‌کسییه‌لە لێدوانێکی دا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گووتی ئێمه‌ وه‌کو چه‌ند شوفێر ته‌کسییه‌ک به‌شداریمان له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ کردووه‌ و پشتگیری ئه‌وان ده‌که‌ین. ئەو گوتیشی "پێم وانییە ئه‌و فه‌توایه‌ له‌ جێی خوی بێت زۆر شتی تر هه‌یه‌ فه‌توای له‌سه‌ر بدرێت ئه‌وه‌ش نارازیبوونی خه‌ڵکی لێکه‌وتووه‌ هه‌م ئافره‌ت و هه‌م چینی شوفێری ته‌کسی کاریگه‌ری هه‌م له‌ ناو وهه‌م له‌ پیشه‌که‌مانی کردووه‌".

ڕێکخەرو سه‌رپه‌رشتیارانی خوپێشاندانه‌که‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌کانی په‌یوه‌ندیدار له‌ په‌رله‌مانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند لیژنه‌کانی په‌رله‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ماوه‌ی داهاتوودا کۆنفرانسێکبۆ رێکخراوه‌کانی ژنان و پیاوانی ئاینی رێکبخرێت که‌ پێکه‌وه‌ دابنیشین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چۆن مامه‌ڵه‌ و ته‌فاهوم بکه‌ن.

Your browser doesn’t support HTML5

پەیوەندی ئاینی