یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆتاییدا بە هۆێ گەڵەکە بوونی گیر و گرفتەکانی کۆنگرەی چوارەمی ئەنجامدا.
ئاخۆ تا چەند ئەم کۆنگرە سەرکروتوو بوو بەلای کەم بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو گیرو گرفتانە؟
ئایا کۆنگرە وەڵامدەری داخوازیەکانی ئەندامانی بوو بۆ بەرەو پێشەوە بردن و نوێکردنەوەی یەکێتیی لە رووێ بیر و بۆچوون و سەرکردایەتیەکەی، یان وەکو هەندێ شروڤەکاران دەڵێن هەڵخەڵەتاندنیانە کە نە نەوەی نوێ دڵگران بێت و نە نەوەی کۆنیش خەباتی چەندین ساڵەیان لەبەر چاو نەگێردرێت؟
تا چەند هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتیە نوێانە وە یاخود بگرە کۆنەکان کاریگەریان هەیە لە سەر پەیوەندیەکانی یەکێتیی لەگەڵ لایەنەکانی تردا وە بە تاێبەت پارتی؟
رۆژنامەوان مەهدی فەتاحی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لە پێش هەموو شتێک ئەبوایە کۆنگرە بگیرایە، نەگرتنی کۆنگرە کارەساتی درووست ئەکرد وە جەماوەری یەکێتیی و سەرکردایەتی یەکێتیی پێویستیان بەوە بوو نوێبونەوەیەک لە خۆیاندا درووست کەن لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی کۆنی یەکێتیی هەندێ قەیران و کێشەی سیاسی و ئابوریانبۆ یەکێتیی و بۆ ناوچەکە درووست کرد ئەبوایە کۆنگرە بگیرایە و دەرئەنجامەکەشی هەرچی بوایە بەلای خەڵکەوە گرنگ نەبوو".
کاک مەهەدی هەر وەها دەڵێت " سەرکردایەتی کۆنی یەکێتیی لەگەڵ جەماوەردا پەیوەندیان بچڕابوو، وە جەماوەر و پایەکانی یەکێتیی زۆر لیان نارازی بوون، وە سیاسەتێکی چەوتیان ئەنجام ئەدا وە تا ڕادەیەک سەربەخۆیی سیاسی یەکێتیی چووبوە ژێر پرسیارەوە نەک تەنها لەگەڵ وڵاتان بگرە لەگەڵ هێزە سیاسیەکان بە تاێبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناو یەکێتییدا هەوڵێک هەبوو هەژموونی پارتی، دەسەڵاتی پارتی کەمبکرێتەوە، پێیم وایە ئەم کۆنگرە توانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ".
کاک مەهەدی دەشڵێت " هەر کەسی لە ناو یەکێتییدا سەرپەرستی ئاراستە کردنی یەکێتیی بکات، ناکرێ وڵاتانی هەرێمی و ناوخۆیی و پارتە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان سەودای لەگەڵدا ناکەن، ئەوەی کە ئێستا ئەیبینین کۆمەڵێک خەڵکی بەهێزن کە قسەیان لەسەر ئەکرێت سەرکردایەتی ئاێیندەی یەکێتیی ئەگرنە دەست، ئەوانە ئەندامی سەرکردایەتی وە یا پۆستێکی باڵایان نەبوە بەڵام تا رادەیەک توانیویانە یەکێتیی ئاراستە بکەن بە ناراستەوخۆ بەڵام ئێستا لە رووێ یاساییەوە ڕەوایان پێی دراوە، پێیم وابی ئەگەر تاڵ بێ یان شیرین بێت بە تاێبەت پارتی ئەبێ سەوادایان لەگەڵ بکات، سەودا نەکردنی پارتی لەگەڵ ئەواندا کارەسات ئەخوڵقێنی و لە بەرژەوەندی خوشیان نییە".
Your browser doesn’t support HTML5