دواجار ئێران، عێراق دەکاتە مەیدانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەی عێراقی لە چنگی دیکتاتۆری دەرهێنا.
لەوانەیە هەندێک هیوا دروست بووبێت کاتێک ئەمریکا و ئێران ئاڵۆگۆڕی گیراوەکانی نێوانیان کرد، هەروەهاش لە ڕوانگەی ئەو هەوڵانەی هەندێک لە ڕێبەرانی جیهان دەیاندا، بەوەی ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان دروست بووبێت، بەڵام ئەوەی لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویداوە، بە تایبەتیش لە عێراقدا، هەموو ئەو هیوایانەیان ڕەواندەوە و ڕەوشەکەیشی خستۆتە بارێکی ئاڵۆزترەوە.
دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی کرانە سەر بنکەی سەربازی (کەی-وان) و کوژرانی کۆنتراکتەرێکی ئەمریکایی و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی تر، ئەمریکا ئاماژەی بەوەدەکرد، ئەو هێرشە و هێرشەکانی تریش ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ نەیکردبن، ئەوا بێگومان میلیشیاکانی سەر بە ئێران کردوویانە.
میوانی بەرنامە:
بەختیار کەریم، نوسەر و لێکۆڵەر
واشنتۆن وەک ڕایگەیاند، هێرشی کردۆتە سەر ژمارەیەک بنکەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.
لەو هێرشانەدا وەک ڕاگەیاندنەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن 25 کوژراویان هەبووە و دەیان برینداریش.
ئەمریکا بەشێکی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بە لایەنگر و سەر بە ئێران دادەنێت.
ئەمریکا پێشتر ژمارەیەک سزای توندی سەپاندۆتە سەر ئێران، کە بە بەرزترین ئاستی فشار ناودێر دەکرێن. لە عێراقیش سزای سەپاندۆتە سەر 3 سەرکردەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە تاوانی سەرکوتکردن و بەرپەرچدانەوەی خوێناویانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی ناڕەزایی دەربڕین و داوای گۆڕینی تەواوی سیستەمی سیاسی وڵاتەکە دەکەن و هەروەهاش ڕێگەگرتن لە هەموو هەژموونێکی ئێران لە وڵاتەکەیاندا.
هاوکاتی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە، لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا چەندجارێک کونسوڵخانەکانی ئێران سوتێندراون.
لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا، زیاتر لە 500 خۆپیشاندەر کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندارن و بە هەزاران کەس دەستگیرکراون و سەدان چالاکوانیش ڕفێندراون و بێسەروشوێنن.
گەورە کاربەدەستانی عێراقی نکوڵی دەکەن لەوەی هێزە ئاسایشیە عێراقییەکان ئەو سەرکوتکردنانەیان کردبێت و بەردەوامیش دەڵێن لایەنی مافیایی نا یاسایی ئەو ڕەفتارانەیان کردووە، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنن.
ئێستا پێدەچێت ئەمریکا و ئێران کێشەکانی خۆیان لە عێراقدا یەکلابکەنەوە.
تاران لەژێر فشارێکی زۆری ئابوریدایە بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکا سەپاندویەتیە سەر ئێران. داهاتی نەوت هەروادێ و کەمتر دەبێتەوە، بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تردا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ڕێژەی بێکاری لەناو ئێراندا هەروادێ و زیاتر دەبێت و ئاستی هەژاریش زیاتربووە لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا، ئەمانە بێ لەوەی هەروادێ و ئێران لە ڕووی دیپلۆماتیشەوە بەرەو لە پەراوێزنانێکی بەرچاو دەڕوات.
وەک بەرەنجامێکیش خۆپیشاندانیش لەناو ئێران دەستیان پێکردەوە و خۆپیشاندەران جارێکی تریش داوایان لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد تا دەستبەرداری سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بێت و ئەو بودجە زەبەلاحانەی لە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق و شوێنەکانی تردا خەرجیان دەکات، تەرخانی بکات بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ هاوڵاتیانی ئێرانی.
تاران وەها لە عێراق دەڕوانێت کە دەروازەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو گەمارۆ ئابوریانەی لەسەرین.
هەرچۆنێک بێت دوای ئەو هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حەشد لە ڕۆژئاوای عێراق، سەرکردەکانی حەشد کەوتنە لێدوانی توندئامێز و شەڕانگێزیانە بۆ تۆڵەکردنەوە، ئەوەبوو حەشدییەکان و لایەنگرانی خۆیانیشیان ناردە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و لەوێ وەک دەگوترا، بۆ پەلاماردانی باڵیۆزخانەکە ئەو لایەنگرانەی حەشد لەوێن نەک بۆ ناڕەزایی دەربڕینێکی ئاشتیانە.
ڕووداوەکانی ڕۆژی سێشەممەی بەغدا دابەشبوونێک لەناو عێراقییەکاندا نیشاندەدات لەگەڵ جیاوازی لە قەبارەیاندا. مەیدانی تەحریر و وەثبە و مەیدانە سەرەکییەکانی تری شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی تیادا کۆبوونەتەوە داوای نەمانی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران دەکەن، لە کاتێکدا ئەو خەڵکەی برانە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، پشتیوانی لە سیاسەتی ئێران دەکەن و هەروەها یەکێکیش لە ئامانجەکانیان هەوڵدان بوو بۆ وەرچەرخاندنی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی دژ بە سیستەمی سیاسی عێراق هەیە و تا وەک ناڕەزایی بەرامبەر ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەڵبەتە ڕوانین زۆرن لەسەر هۆکاری کشانەوەی ئەندامان و لایەنگرانی حەشد لەبەردەم باڵیوزخانەی ئەمریکادا. هەندێک دەڵێن سەرکردەکانی حەشد پەیمانیان وەرگرتووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نامێننەوە، هەندێکی تریش لەوبڕوایەدان مەبەستەکە هەر تەنها نیشاندانی هێز و توانایی حەشدییەکان بووە، تا بزانرێت حەشدیش وەک دەڵێن توانای جوڵاندنی شەقامی هەیە. بەڵام ئەوەی بە گشتی دەبینرێت لەو دیمەنی کشانەوەیە کە زۆرێک لە شیکەرەوە عێراقییەکان لەسەری کۆکن ئەوەیە، هەر زوو حەشد و حەشدییەکانیش زانییان بێجگە لە چەکدارەکانی حەشد کە بەبێ چەک نێردرابوونە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە توانایاندا نییە خەڵک لە خۆیان کۆبکەنەوە و ناشتوانن خۆپیشاندانەکانی مەیدانی تەحریر و مەیدانەکانی تری وڵاتەکە وەربچەرخێنن، ئیتر بڕیاری کشانەوەیان داوە.
لەوەتای کشانەوەکەی ساڵی 2011 ی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی جێگیرکردنی زیاتری هەژموونی خۆی داوە لەو وڵاتەدا.
کاریگەرییەکانی ئێران لە عێراقدا بە ئەندازەیەکە، لایەنەکانی سەر بە ئێران، لەوانە عەسائب ئەهلولحەق، یان کەتائیبی حزبوڵا و بەشێکی تری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕەفتار دەکەن و هەوڵی جۆراوجۆریشیان هەیە تا هەژموونی ئێران زاڵ بکەن بەسەر بوونی ئەمریکادا. ئەم هەوڵانەشیان بە پاراستنی سەروەریی عێراق ناودێر دەکەن.
لە ساڵی 2003وە، زیاتر لە چوار هەزار کەسی ئەمریکایی لە عێراقدا کوژراون، واتە لەو ڕۆژەوەی کردە لەشکرییەکانی هاوپەیمانانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسەین دەستیان پێکرد.
هەر لە هەمان ساڵەوە، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە عێراق بەشێک بووە لەو سیاسەتە پاوانخوازییەی لە ناوچەکەدا هەیبووە. ئێران هەموو هەوڵێکی خۆیی داوە تا ئابوری عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بریارە سیاسییەکانیش لەژێر کاریگەریی ئێراندابن.
تاران بەردەوام پشتیوانی دارایی و لۆژیکیانەی میلیشیا شیعەکانی کردووە و هێز و دەسەڵاتێکی زۆری پێداوان و لە میدیاکانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە بانگەشەی گەورەیان بۆ دەکات.
بۆچی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق لە بنکەکانی حەشدی شەعبی دەدات، نەک لە شوێنێکی تری وڵاتەکەدا؟
ئایا عێراق دەبێتە مەیدانی یەکلاکەرەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا؟
ئایا عێراق دەتوانێت بێلایەن بێت لە کێشەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا؟
بەختیار کەریم، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5