هەردوو ڕەهەندی ڕەسەنایەتی و هاوچەرخی بوون بەشێکی سەرەکی بیرکردنەوەی هونەرمەندانە لەگەڵ دەستپێکردنیان بە هەر کارێکی نوێی هونەرییاندا.
هونەری شێوەکاری، یەکێکە لەو هونەرانەی نوێگەرایی تیایدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بۆچی؟
دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان ئەو ژینگەیە بێت کە هونەرمەندی کوردی تیدا ژیاوە لە هەرچ پارچەیەکی کوردستانی دابەشکراودا. ئەو ژینگەیە پڕ بووە لە شەڕ و ئاشوب، وەکو زانراویشە شەڕەکان بە گەورە و بچوکیشیانەوە، ڕوانینەکانی مرۆڤیان بەرامبەر ژیان گۆڕیوە و هونەرمەندانیش بەردەوام هاوکار بوون لە هێنانە ئارای تێگەیشتنە نوێیەکان لە کۆمەڵگەدا و شێوەکارانیش بەردەوام دەستپێشخەرییان هەبووە بۆ گۆڕانکاری و نوێگەرایی لە هونەرەکەیاندا و لە کۆمەڵگەشدا.
هاوچەرخی بوون لە هونەردا، لە سادەترین پێناسەیدا، ئەو هونەرەیە کە داهێنراوی ئەمڕۆیە و بەپێی پرەنسیپەکانی ڕۆژ سەروسەودایەکی ژیرانە و سەرکێشانەیش لەگەڵ کەرەستە هونەرییەکانیدا دەکات و بینەرانی خۆی دەخاتە بەردەم ڕاچڵەکینێکی گەورەی لێوان لێو لە چێژی بینین و دیالۆگ لەگەڵ تابلۆدا.
زۆر جار سەردانی پێشانگاکانی هونەرمەند (چیمەن ئیسماعیل) م کردووە، ئێستاش لەڕێی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە پەیوەندییەکی تۆکمەم لەگەڵ تابلۆکانیدا هەیە.
بۆ خۆم کاتێک سەرنج دەدەمە تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەمان، دەگەمە ئەو بەرەنجامەی؛ لای چیمەنی هونەرمەند کەرەستەکانی کاری هونەریی هەر تەنها ڕەنگەکان و جوڵەی فڵچە و چوارچێوەی تابلۆ و ڕەنگکردنی واقیعەکەی ئەمڕۆ نییە، هێندەی ئەوەی کارکردنە بە هەموو هۆکارەکانی کارکردن کە لە بووندا هەن. بەگشتی چیمەن هەوڵ دەدات خۆی لە قەرەی بابەتێک نەدات بەبێ بوونی ئایدیایەک بۆ تێگەیشتن بە بەرگێکی مۆدێرنەی جوانکارییەوە، جا ئەمانە دەشێت لە دیمەنی گوڵێک یان لە ڕوخساری مرۆڤێکی نامۆ، یانیش لە گێڕانەوەی مێژوویەکی کۆن و نوێدا لە تابلۆکانی چیمەندا بیدۆزینەوە.
نابێت لە بیرمان بچێت، بینەر زۆر هەستیارە لەبەرامبەر تابلۆدا، هەندێکی ئەو هەستیارییە دەگێڕنەوە بۆ نەبوونی زانیاری لەسەر هاوچەرخیبوون لە هونەردا، هەندێکیش وەها لێکی دەدەنەوە کە هێشتا بینەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک کلتور ناڕوانێتە هونەری شێوەکاریی و بینایی خۆیشی لەگەڵ هونەری نوێدا ڕانەهێناوە.
دەشێت هۆکارێکی تریش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێندەی ئەوەی ڕۆشنبیریی ئەدەبی ئامادەیی هەیە، هێندە ڕۆشنبیرییە هونەرییەکە نەیتوانیوە خۆی جێگیر بکات، ئەمەش وەک هونەرمەندان خۆیان دەڵێن بەرەنجامی نەبوون یان کەمی ڕەخنەی تایبەتە بەم ژانرە هونەرییە.
بەڵام کاتێک دەچینە پێشانگایەکی هونەرمەند چیمەن ئیسماعیل ڕەشانەوە، ڕووبەڕووی ئەو جۆرە لێکتێنەگەیشتنە نابینەوە و لەوانەشە داواشی لێنەکەین تا ڕاڤەی یەکێک لە تابلۆکانیمان بۆ بکات، چونکە ئەم هونەرمەندەمان هەر لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی کاری هونەرییەوە نەیهێشتووە بینەری تابلۆکانی هەست بە نامۆیی بکەن و ڕێگەیشی نەداوە کەلێنێک بکەوێتە نێوان بینەر و تابلۆکانیەوە.
لای چیمەن تابلۆ بەو مانایە دێت کە دەکرێت مێژوویەکمان بۆ بگێڕێتەوە و ببێتە پەیامبەرێک بۆ ئاشناکردنی ئێمە وەک گەل بە دنیا، هەروەهاش هەنگاوەکانی بۆ نیشاندانی نەبینراوەکانە و وەک شێوەکارێکیش دەست دەبات بۆ ئەو بابەتانەی دەشێت بەلای بینەری ئاساییەوە شتێکی ناوازەبێت و ئا لەوێوە پردی پەیوەندی خۆی لەگەڵ بینەرانیدا بونیات دەنێت و بینەریش لەگەڵ تابلۆکەیدا دەبات بە ئاڕستەی بیرکردنەوەیەکی قوڵدا.
دەشتوانم بڵێم یەکێک لەو هۆکارانەی وەها دەکات کارێکی هونەریی بە زیندوویی لای ئێمەی بینەر بمێنێتەوە و لە هزری خۆماندا بەردەوام لێکدانەوەی بۆ بکەین ئەو کارانەن کە دووچاری ڕاچڵەکینێکی ترمان دەکەن کاتێک توانایی و بەهرە و خوێندنەوەی هونەرمەند پێکەوە جوانترین و بابەتیانەترین دیالۆگمان لەگەڵدا دەکەن، تابلۆکانی هونەرمەند چیمەن ڕەشان یەکێکن لە باشترین بەڵگەکان بۆ ئەو ڕاستییە.
ئایا ناسنامەی هونەریی لای هونەرمەندی شێوەکار چیمەن ئیسماعیل لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئایا دواندنی گوڵەکان چ مانایەکی هونەرییانەی هەیە لای چیمەنی هونەرمەند؟
ئایا چیمەن ئیسماعیل لە پێرفۆرمانسەکانیدا توانیویەتی پەیامەکانی بگەیەنێت؟
هونەرمەندی شێوەکار چیمەن ئیسماعیل ڕەشان، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5