هەر تەنها چەند ڕۆژیک پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی قودس، سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، تاران ژمارەیەک موشەک دەگرێتە دوو بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا.
ئەو دوو بنکە سەربازییە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاشی لێن.
بەپێی دواترین لێدوانی وەزیری بەرگری ئەمریکا، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کۆماری ئیسلامی ئێران 16 موشەکی گرتۆتە ئەو دوو بنکە سەربازییە لە پارێزگای هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەهاش لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.
ئەم هێرشە موشەکییەی ئێران، وەک تاران دەڵێت لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 3 ی مانگی یەک، لەسەر ڕێی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سولەیمانی، وەک دەگوترێت لە سوریاوە چووبووە عێراق و موهەندیسیش بۆ پێشوازیکردنی لە فڕۆکەخانە بووە.
ئایا شەڕی باو لە نێوان ئەم دوو وڵاتە نەیار و ڕکابەرە ڕوودەدات؟
زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان بەهۆی ئەو نابەرابەرییەی هەیە لە توانا لەشکرییەکانی هەردوو وڵاتدا و هەروەهاش بەهۆی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە پێگەی دیپلۆماسی و ئابوری نێوان تاران و واشنتۆندا هەن، شەڕ ڕوونادات، هەرچەندە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت لە ڕەفتارە وروژێنەرەکانی لە ناوچەکەدا.
لەو ڕەفتارانەش؛ درێژەدان بە پشتیوانیکردنەکانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی ژینگەی ناسەقامگیری لە وڵاتانی تری ناوچەکەدا لە ڕێی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێیدا. بێ لەمانەش ئێران هێزی تایبەتی لە لایەنگرانی خۆی لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا دروستکردووە، وەک عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، ئەم هێزانە بۆ ئاژاوە نانەوە لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا بەکاردەهێنێت.
میوانی بەرنامە:
جەعفەر حامیدی، نوسەر و لێکۆڵەر
بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بەشێکی تری سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی کۆماری ئیسلامییە، لە کاتێکدا ڕێژەکانی هەژاری و بێکاری هەروادێ و لە زیادبووندان، بەڵام تاران ساڵانە بە ملیار دۆلار لەو بەرنامەیەدا خەرج دەکات و هێشتاش زۆربەی وڵاتانی جیهان بە گومانێکی زۆرەوە لەو بەرنامە مشتومڕ لەسەرە دەڕوانن.
زۆرێک لە چاودێر هاوڕان لەسەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەیی ئێران سیاسەتێکە بۆ تەفرەدان و چەواشەکردنی گەلانی ناوچەکە، وەک دەڵێن بەناوی مرۆڤایەتییەوە کار دەکات بەڵام بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان بەهۆی ئەو سیاسەتانەی تارانەوە کوژراون و سەرکوتکراون لەو وڵاتانەی ئێران کاریگەریی و ڕۆڵی هەیە تیایاندا.
ئەمریکا و ئێران:
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ تاک لایەنە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران کشایەوە و داوای ڕێککەوتنێکی نوێی دەکرد. دوای ئەو هەنگاوە ڕێگەیەکی نوێی لەگەڵ ئێراندا گرتەبەر بە ناوی سیاسەتی بەرزترین ئاستی فشار. بەڕێوبەرایەتی بە چەند قۆناغێک سزای سەپاندە سەر ئێران. کاریگەریی ئەم سزایانە لەسەر ئێران زۆر قورسن، بە ئەندازەیەک کە نەک هەر لە ڕووی ئابوری و داراییەوە قەیرانی قوڵی بۆ تاران دروستکردووە، بەڵکو لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە ئێرانی بەرەو لە پەراوێزنان بردووە. ئێران هەر ڕۆژە و جۆرە لێدوانێک لەسەر ئەگەر و نەگەری وابەستەبوونی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەوە دەدات کە هێشتا بەریتانیا و فەڕەنسا و چین و ڕوسیا و هەروەها ئەڵمانیاش لەو ڕێککەوتنەدا ماونەتەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەش کەم تا زۆرێک نیگەرانی و ناڕەزاییان هەیە بەرامبەر ئێران.
نکوڵی ناکرێت لەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، گورزێکی گورچک بڕە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام وەک زۆرێک لە چاودێر ئاماژەی پێدەکەن پێناچێت ببێتە مایەی ڕوخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبەر ژمارەیەک هۆکار، یەکێک لەوانە سیاسەتی ئەمریکایە وەک سەرۆک ترامپ جەختی لێدەکاتەوە؛ ئامانجی سیاسەتی ئەمریکا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران نییە بەڵکو ئامانج گۆڕێنی ڕەفتارەکانی ئێرانە. بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا ئێران پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی ئەو باڵا دەستیەی پێشتری دەمێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان نا، بێگومان ئەم باڵادەستییەی ئێران و هەروەهاش جموجۆڵە شەڕانگێزیەکانی ئێرانیش لە ڕەهەندێکی ترەوە کەوتونەتە سەر کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ڕژێمی ئێران.
ئایا لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران لە عێراقدا چۆن دەبن؟
ئایا دەرفەتێک بۆ دانوستاندن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ماوەتەوە؟
ئایا لە قۆناغی پاش قاسم سولەیمانی، ڕەوشی ئێران بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات؟
جەعفەر حامیدی، نوسەر و لێکۆڵەر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5