سەردانەکەی سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێراق بۆ شاری سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

ڕۆژی شەممە بەرواری ١١ی ١ی ٢٠٢٠، سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەڕی حکومەتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی لە میانەی سەردانێکیدا بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کۆبوویەوە.

لەگەڵ گەشتنی عادل عەبدولمەهدی بۆ فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی حزبیی و حکومییەوە پێشوازی لێکراو و دواتر بەرەو ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆسرەت ڕەسول کەوتە ڕێ و لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوول، قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی، لاهوری شێخ جەنگیی، شاڵاو کۆسرەت، عیماد ئەحمەد و شێخ جەعفەر و چەند سەرکردەیەکی تردا کۆبوویەوە.

لەمەڕ سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی کوردستان، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبو "هاتووین بۆئەوەی راوێژ لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی عێراق، سەروەرییەکەی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هاوئاهەنگیکردن لە هەموو بوارێک، تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ئاستەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەشێوەیەکی هاوبەش لەژێر چەتری دەستووردا".

سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت بە درووستکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسیی، بۆ جارێکی تر هەڵببژێردرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ئەم سەردانەشی بۆ ئەو مەبەستە کردووە."

دوای خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق و لەسەر داوای سیستانی، مەرجەعی باڵای ئاینیی، عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پەرلەمان کرد بەڵام بەهۆی هەڵنەبژاردنی هیچ کەسایەتییەکی تر بۆ ئەو پۆستە، عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی بەردەوامە.