بەشی هەرە زۆری وەرگێڕەکانمان کۆکن لەسەر ئەوەی کردەی وەرگێڕان کارێکی نەک هەر ئاسان نییە بەڵکو قورسیشە لەو سۆنگەیەوەی جارێکی تری نوسینەوە یان داڕشتنەوەی تێکستەکانە.
لە تەواوی وڵاتانی پێشکەوتوودا بایەخێکی زۆر دەدرێت بە هونەری وەرگێڕان، تەنانەت بواری خوێندنیشی بۆ تەرخانکراوە و سەرچاوەیەکی زۆریش لەبەردەم وەرگێڕەکان و خوێنەرانیشدا هەن ڕاڤەی پرۆسەی وەرگێڕان دەکەن و بە هەزاران وتاری تایبەتیش لەسەر وەرگێڕانەکان دەنوسرێن.
ئەم بایەخپێدانە هەروا لە خۆوە نەهاتووە، بەڵکو زیاتر لەو ڕوانگانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە وەرگێڕان بەشێکی دانەبڕاوە لە ڕۆشنبیری نەتەوەیەک و هەروەهاش ئاشنابوونە بە دنیابینی و هزرە نوێیەکانی کۆمەڵگەکانی تر.
جا ئەمە ڕاستە، چونکە ئەگەر وەرگێران نەبووایە چۆن ئێمەی کورد زانیاریمان لەسەر ڕۆماننوسە گەورەکانی دنیا و ناوچەکەش هەبووایە؟ چۆن دەمانتوانی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم نوسەر یان ئەو زانا، یان ئەو بلیمەت بکردبا؟ ئەگەر وەرگێران نەبووایە، بەبێ هیچ گومانێک دەبووینە خاوەنی جۆرێک لە خوێندنەوەیەکی کرچ و کاڵ بۆ تەواوی ژانرە فەرهەنگی و ئەدەبی و ڕوناکبیرییەکان و هتد.
لێرەدا زیاتر مەبەستم لە وەرگێڕانە بە نوسین، نەک وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆ، چونکە ئەمەی دووهەمیان دەبێتە یەکێک لە شێوازەکانی وەرگێڕان و بابەتی ئەمڕۆی بەرنامەکەشمان لەسەر ئەم شێوازەی وەرگێران نییە، هیوادارم بتوانم لە ئایندەدا بەرنامەیەکی تایبەت لەسەر وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ ئامادە بکەم.
لەوەرگێران بە نوسین، وەرگێڕ بە هەموو شێوەیەک کات لە خزمەتیدایە و دەتوانێت چەندێک کاتی دەوێت هەیبێت و بە تەواوەتیش سود لە ئامڕازەکانی وەرگێڕانیش ببینێت.
لەوانەیە زۆر جار باشترین نوسەر، ببێتە خراپترین وەرگێڕ، بەڵام بە گشتی وەرگێڕەکان نوسەری باشن لە داڕشتندا و وەرگێڕانەکانیشیان نیشانی دەدات چەندێک زمان زانن، واتە زمانی دایک و زمانی دووهەم.
بەڵام ئایا هەر تەنها ئەوەندە بەسە کە بگوترێت وەرگێڕمان هەن؟ بێگومان نا، چونکە لێرەدا دەبێت بزانین وەرگێڕەکانمان چیمان پێدەبەخشن لە بەرهەمە گەورە و ناوازەکان، کەواتە هێندەی زانین و شارەزایی لە زمانەکاندا، ئەو کتێب و نوسینانەش کە وەردەگێڕدرێن گرنگن.
پشکۆ ناکام، دەنوسێت و تێکستە شیعرییەکانیش وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. بێ لەوەی ژمارەیەکی باشی شیعرەکانی نزار قەبانی سوریایی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، ئێستا ژمارەیەک لە چامە شیعرییەکانی گۆرانییەکانی هونەرمەند (داریوش) ی لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ڕاستگۆیانە بڵێم، بۆ خۆم لە دوێنێی دووری ژیانمەوە،تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، گوێگرێکی سەیر و سەمەرەی ئەو هونەرمەندەم. لەگەڵ ئەوەشدا کە پێشتر زۆر کەم لە واتای گۆرانییەکانی تێدەگەیشتم، بەڵام گوێ ڕادێران بۆ دەنگ و بۆ موزیک لە گۆرانی داریوش، بە خۆمم زانیبایە یان نا، لەگەڵ خۆیدا دەیبردم، دەیبردم بۆ دنیایەکی تا بڵێی دوور، و لەوێش هەر ئەو گۆرانیانە تەنیایی و خەون و خەم و مەینەتیمی دەلاواندەوە. جا بیهێنەرە پێش چاوی خۆت، ئەی دەبێت ئەو گۆرانیانەی داریوش ئێستا بەرەو کوێم بەرن، کە تێکستی گۆرانییەکانی بە کوردی وان لەبەر دیدەمدا.
بەشێکی بەرچاوی وەرگێڕەکانمان، نەهاتوون هەر تەنها تێکستەکان وەربگێڕن، بەڵکو هاوڕاییەک هەیە لە نێوانیاندا سەبارەت بەوەی پێویستە کردەی وەرگێڕان، کارکردن بێت لەسەر "بە کوردی کردنی دەق"، ئەڵبەت بەبێ ئەوەی دەستکاری ناوەڕۆکی ئەو تێکستانە بکرێت.
نوسەر و بیریار دکتۆر جەمال نەبەز، لە کتێبی (وەرگێڕان هونەرە) دەنوسێت "وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە هونەرێکە بۆ خۆی، هیچ کەمتر نییە لە چیرۆکنوسین و شیعرگوتن و ڕەخنەگرتن. کەواتە ئەوەی پارچە نوسینێک وەردەگێڕێ، دەبێ دەستێکیئ باڵای هەبێ لە هونەری وەرگێڕاندا، ئەگینا لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نابێ. بێگومان هەر کەسێکی نەشارەزا، ئەگەر کامێرایەکی بدەیتە دەست و پێی بڵێی بەرامبەر شوێنێکی ڕاگرێ، ئەوجا دەست بنێ بە دوگمەیەکی تایبەتدا، پێیدەکرێ وێنەی ئەو شوێنە بگرێ، بەڵام هەموو وێنەگرێک ناتوانێ وێنەیەکی جوانی ڕێکوپێکی هونەرمەندانە بێنێتەدەرێ، ئەوانە نەبێت کە دەستیان تێیدا قاڵ بووە و، بە تاقیکردنەوەیەکی دوور و درێژدا تێپەڕیون. هەروەها وەرگێڕانیش کە یەکێکە لە هونەرە بەرزەکان، وەنەبێ هەرکەسێ هەستا و دەستی دایە قەڵەم، بتوانێ بەسەریدا زاڵبێ، بەڵکو ئەمەیش وەک وێنەگرتنەکە دەستێکی وەستایانە و خەریکبوونێکی زۆری دەوێ."
ئایا پێویستە وەرگێڕی دەقێک لە کاتی وەرگێڕاندا بیری لای خوێنەر بێت یان لای دەق؟
ئایا جیاوازییەکانی نێوان پرۆسەکانی وەرگێڕانی دەق و بە کوردی کردنی دەق چین؟
بۆچی پشکۆ ناکام لە ئێستادا گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی "داریوش" وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی؟
پشکۆ ناکام، نوسەر و وەرگێڕ لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5