وتووێژەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەستیان پێکردووە سەبارەت بەو بەرنوسی چاکسازییەی حکومەتی هەرێم ئامادەی کردووە.
هاوکاتی وتوێژەکان مشتومڕی توند لە نێوان پەرلەمانتاراندا دروست بوو، بەڵام وەک دەگوترێت دواتر جۆرێک لە هاوڕایی دروست بووە و بڕیاریشە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر بەرنوسەکە بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم ئەو هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێت ئەو بەرنوسە ڕۆژی پێنجشەممە دەبێت بە یاسا.
عەلی حەمە ساڵح ئاماژەش بەوە دەکات ئەو بەرنوسە کە حکومەتی هەرێم ناردوویەتی، دەستکارییەکی زۆر باش کراوە لە پەرلەماندا و دەڵێت؛ ئەمەی ئێستا دەکرێت بڵێین هەنگاوێکی چاکسازییە لە بواری یاساییدا نەک لە بواری کردەییدا و دەشڵێت بەڵێ پەسەندکردنەکەی گرنگە، بەڵام لەویش گرنگتر جێبەجێکردنەکەیەتی.
بەڕێز حەمە ساڵح، هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی چاکسازیکردن بە مانای لێدانی بەرژەوەندییەکانە و دەشڵێت سیاسەت و ئیشکردن و خەباتی پەرلەمانیش، هەوڵدان و تێکۆشانە، وە دەڵێت "سەرەتا کاتێک باسی ئەمانەمان دەکرد، بەیاننامەیان لەسەر بڵاودەکردینەوە و دەیانگوت زانیاری نادروست بڵاودەکەنەوە و ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبەن. بەردەوام بووین، بەڵگەنامەمان هێنا و وەهامان کرد قەناعەت بە هەموو لایەک بکەین کە ئەمە دروستە."
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم دەشڵێت ئەم بەرنوسی چاکسازییە کە ڕۆژی پێنجشەممە پەسەند دەکرێت بریتیە لە دۆسێی خەرجییەکان و سیستەمی موچە، سیستەمی خانە نشینی، بەخشینەکان، دەرماڵەکان، پێداچوونەوە بە لیستی شەهیدەکان (جیاکردنەوەی شەهیدی ڕاستەقینە لە شەهیدی ساختە) بە هەمان شێوەش زیندانی سیاسی ڕاست لە ساختە جیابکرێتەوە و ژمارەییەک بابەتی تریش.
سەبارەت بە دۆسێی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق، عەلی حەمە ساڵح باس لەوە دەکات؛ هەرێم لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت 475 هەزار بەرمیل نەوت بووە، بەڵام بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 20 دۆلار و 67 سەنت دراوە بە وەزارەتی دارایی، وە دەشڵێت بیانوەکە ئەوەیە کە حکومەت قەرزارە، لە کاتێکدا سێ ساڵ و نیوە هەر دەگوترێت قەرز دەدرێتەوە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5