ژیان لە فەرهەنگدا: میدیا حسێن

کاممان دەتوانین گوێ لە گۆرانی نەگرین؟ ئەو ژانرە هونەرییەی لێوان لێوە لە ئەفسونی جوانی، پڕ پڕە لە ڕازی پەنهان و شاردراوە، جا بێهێنە بەرچاوی خۆت وەک دەگوترێت گۆرانیەکیش بێت بە ڕۆح وترابێت.

دەمێکە گوتراوە و لە چەند کاتی جیاوازدا بیستومە (مەخابن لە یادم نەماوە کێ فەرموویەتی)؛ کە دەنگ و دەق لای گۆرانیبێژی ڕەسەن و ڕاستەقینە، ڕێک وەک ئەو ڕەنگانەی هونەرمەندێکی شێوەکارە کە لە تابلۆکەیدا بەکاریان دەهێنێت.

بێگومان ئەم دووانەی دەنگ و دەق کە لەگەڵ ئاوازدا ئاوێزانی یەکتر دەبن، ئەوا هەرسێکیان پێکەوە ئەو دنیا ئەفسوناویەمان پێ دەبەخشن کە لەژێر سایەی سۆزی گۆرانیەکەدا لەگەڵ خۆیدا دەمانبات و دەیان بیرەوەری تاڵ وشیرینمان دێنێتەوە یاد.

بڕوا ناکەم کەس هەبێت لەبەر خۆیەوە جارناجارە ورتە ورتێکی نەکردبێت و هەوڵی نەدابێت ئەو خەمە یان ئەو خۆشییەی هەیبووە بە ئاوازێکەوە دەرنەبڕیبێت، بەڵام دڵنیاشم لەوەی کەم کەسمان توانیبێتمان بەهرەمەندانە و بە دەنگێکی بەسۆزەوە لە سترانێک تێبچریکێنین.

میدیا حسێن، یەکێکە لەو هونەرمەندە گۆرانیبێژانەی بە زمانی گۆرانی لەگەڵ یەک بە یەکماندا دەدوێت، زمانێک تژی لە گۆرانی ڕەسەنی کوردی، قەڵا لە وشەی ناسک و جوان کە ناخ دەهەژێنن.

سێ وێنەی قۆناغی جودای هونەرمەند میدیا حسێن

میدیا حسێن، بە گۆرانییە میللیەکانی ناسراوە، ئەم جۆرە هونەرەی گۆرانی دەکرێت بگوترێت پێشەنگە، لەو ڕوانگەیەوەی لەناو هەموو نەتەوەیەک و گەلێکدا گۆرانی میللی ئامادەیی هەیە و لە هەر یەکێکیشیاندا تانوپۆ و تایبەتمەندییەکانی جیاوازن، بۆیە وەک زۆرێک لە موزیسانەکانی ئێمە دەڵێن "زیادە ڕۆیی نییە گەر بڵێین هونەری میللی ئەگەر ناسنامەی گەل نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی هەر گەل و نەتەوەیەک.

ئەم هونەرمەندە گۆرانیبێژەمان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، لە ئەزموونی خۆیەوە سەبارەت بە گۆرانی میللی دەڵێت "بەداخەوە هەندێك بەناو هونەرمەند هونەریی میللیان شێواندووە، كە پێویستە هەڵوەستە لەسەر كاری ئەوان بكەین و بڵێین هونەری میللی هونەرێكی بەرزە، بەڵام هەموو كەس ناتوانێ ئەو بەرز و جوانییە بپارێزێت، بەداخەوە كەناڵەكانیش وایان كردووە، بەشێك لەو بەناو گۆرانیبێژانە بكەن بەماڵ بەسەر گۆرانی كوردییەوە، كە بەداخەوە نابێت وابێت، چونكە هونەری میللی هونەرێكە پڕە لە رەسەنایەتی و فەرهەنگ و کلتور."

وەک گوێگرێکی هونەرمەند میدیا حسێن، هەست دەکەم هەمیشە دەخوازێت و هەوڵیش دەدات بە زمانێکی سادەی ڕەوان وشەی گۆرانییەکانی ڕێکبخات تا سنورەکانی تەمەن و بیرکردنەوەش لای گوێگرانی گۆرانییەکانی بشکێنێت و ڕێگە نەدات بەوەی تێکستی گۆرانییەکەی ببێتە تەگەرەیەک لەبەردەم گەیاندنی پەیامە هونەریەکەیدا.

ئایا لە هونەری کوردیدا بایەخێکی گەورە دراوە بە گۆرانییە میللییەکان؟

ئایا پەیوەندی لە نێوان پێشکەوتنی هونەری گۆرانی و ڕەوشێکی جێگیر و سەقامگیردا چییە؟

ئایا میدیا حوسەین، هونەرمەندی گۆرانیبێژ چەندێک لەو بڕوایەدایە کە گۆرانی کوردی لە قەیراندایە؟

هونەرمەند میدیا حوسەین، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: میدیا حسێن