بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی تا ئێستا 139 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و 19 کەسیش لە ئێراندا گیانیان لە دەست داوە. ئەوەی باسی لێدەکرێ چین سەرچاوەی ڤیرۆسی کۆرۆنادایە، ئاخۆ بڵاوبۆنەوەی ئەو ڤیرۆسە لە ئێران بە چینەوە گرێدراوە؟
دکتۆر رەئوف کەریمی پزشکی گشتی لە هەڤپەیڤینێکدا لە ئێرانەوە لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت " هات و چوو و بازرگانیەکی زۆر لەگەڵ نێوان چین و ئێران دا هەیە وە ئەو هات و چووە بەردەوامە بوە لە لایەن بازرگانان و خوێندکارانەوە، وە ئەو خوێندکارانەی کە لە قوم دەخوێنن چینین، رەنگە ئەو هات و چووە بوەتە هۆکاری گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە لە چینەوە بۆ ئێران وە بەو شێوەش کە دەیبینین لە ئێران بڵاو بوەتەوە ".
دکتۆر کەریمی هەر وەها دەڵێت " ئەوەی کە تا ئێستا دیارە، ئازمایش و تاقیکردنەوەکان دەری دەخەن لە قوم، تاران، گیلان، مازەندەران، ئوستانی مەرکەزی ( ناوەندی) کە ناوەندیەکەی ئەراکە هەیەتی، ئەمانە ئەو شوێنانەن کە بە زۆری نەخۆشیەکەی تێدا تۆمار کراوە، ئەلەبەتە ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئەو شوێنانە وە یاخود ئەو ئوستانانەی ناویان نەهاتووە ڤیرۆسەکە تێدا بڵاو نەبۆبێتەوە، بەڵام وەکو گومان لەو کەسانەدا هەبێت، لە ئوستانەکانی تردا کەم و زۆر هەبوە".
دکتۆر کەریمی دەشڵێت " ئەو شوێنانە کە ڤایرۆسەکە تێدا بڵاو بوەتەوە وەکو قوم کە دەبوایە کەرەنتینە بکرابایە، نەکراوە، وە یاخود قەدەغەی هات و چوو لە نێۆ شارەکاندا بۆ پێشگیری لە پەرەسەندنی ئەو نەخۆشیە، ئێستا ئیتر لەوە دەرچووە، هەر ئەوەیە بە هاووڵاتیان بڵێن دەبێ چی بکەن و چی نەکەن بۆ خۆ پاراستن لەو ڤایرۆسە".
Your browser doesn’t support HTML5