لەوەتای ساڵی 2003 و ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین لە عێراقدا، پاش یەکەم هەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی 2005 و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە ڕێی پەرلەمانەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕەوشی ناوخۆی سیاسی و بێ متمانەیی بە لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، هێندەی ئێستا کەم نەبووە.
لە مانگی 10ی ڕابردووەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری ئەو وڵاتەدا دەستیان پێکردووە و شەقام نەک هەر دەخوازێت قسەی خۆی هەبێت، بەڵکو دەشیەوێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی بڕیاردان.
لەگەڵ ئەوەشدا کە بەسەدان خۆپیشاندەر لەم 5 مانگەی ڕابردوودا کوژراون و بە هەزاران کەسیش بریندارکراون بە تەقەی هێزە میلیشیاییەکانی عێراق، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایی دەربڕین هەر بەردەوامە.
وەک زۆرێک لە شیکەرەوە لەسەری کۆکن، یەکێک لە هۆکارەکانی درێژە کێشانی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە ئەوەیە کە شەقامی عێراقی ڕێگەی نەداوە هیچ لایەنێکی سیاسی وڵاتەکە خۆی بکات بە خاوەنی شەقام، چونکە وەک دەڵێن خەڵک ناخوازن ئەو لایەنە سیاسیانەی ڕێبەرایەتی عێراق دەکەن، شەقام بۆ ڕوو سپیکردنەوەی خۆیان بەکاربهێنن، لە یەک کاتدا پێیەکیان لەناو دەسەڵات و پێیەکی تریان لەناو خەڵکی ناڕازیدا بێت، بەو مانایەی خەڵك نایەوێت ئەو لایەنە سیاسیانە هەم دەسەڵات و هەمیش ئۆپزسیۆن بن.
فشاری شەقامی عێراقی، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد. ئێستا تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردراوە تا حکومەتی نوێ پێکبهێنێت. پێشتریش گرفت هەبوون لەبەردەم کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هەموو جارێک ئەو گرفتانە بە ڕێککەوتنێکی سیاسیانە و داراییانە گرێکانی ئەو گرفتانە کراونەتەوە.
ئەوەی ئێستا جێی سەرنجە ئەمجارەیان سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو گرفتی زۆری لەبەردەمدایە، چونکە وەک دەڵێت مل نادات بۆ هیچ یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان تا ناوی کەسێکی بەسەردا بسەپێنن بۆ پۆستی وەزارەتەکان.
عەلاوی دەڵێت تەنها حکومەتێکی تەکنۆکرات دەتوانێت سەروەری بۆ عێراق و شکۆش بۆ گەلی وڵاتەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام باس لەوە ناکات، لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بە چ پێوانەیەک دەنگی متمانە بە حکومەتەکەی دەدەن.
ئەوەی هەتا ئێستا دیارە موحەمەد تۆفیق عەلاوی، کێشەی گەورەی لەگەڵ کورد و سوننەکاندا هەیە لە پێکهێنانی ئەم حکومەتەیدا. کورد و سوننە دەخوازن کاندیدەکانیان بۆ پۆستی وەزارەتەکان سەر بە حزبەکانیان بن، بەڵام عەلاوی ئەوەی بەلاوە پەسەند نییە و لە چەند بۆنەیەکدا جەختی کردەوە لەوەی کە دەتوانێت بەبێ کورد و سوننەش حکومەتە تەکنۆکراتەکەی خۆی پێکبهێنێت و متمانەشی بۆ بەدەست بێنێت.
بەشێکی بەرچاوی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە کورد و سوننەکانیشەوە ئەم شێوازی پێکهێنانەی حکومەتیان بەلاوە پەسەند نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خۆپیشاندەران لە مەیدانە سەرەکییەکانی عێراقدا داوا دەکەن ئەوەی لە 15 ساڵی ڕابردوودا بەشداری هەبووە لە فەرمانڕەوایەتیکردنی عێراقدا، نابێت هیچ ڕۆڵێکی بمێنێت و داواش دەکەن دەبێت لەسەر دۆسێکانی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن و داراییش، دادگاییبکرێن.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناخوازن دیاریکردنی پۆستی وەزارەتەکان بەو شێوەیە بێت کە عەلاوی دەیخوازێت، ئەڵبەت ئەمەش ڕایەکی هاوبەشی نێوان بەشێک لە لایەنە کوردیەکان و سوننەکانیشە و داواشیان لە سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو کردووە تا ئەو کەسانەی پۆستی وەزارەتەکان وەردەگرن لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە دەستنیشان بکرێن، نەک ئەوانە بن کە وەک دەڵێن نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کورد و سوننە ناکەن.
لە پەیوەندی بە کوردەوە، هەوڵەکان بەردەوامن تا هەموو لایەنەکان بە هاوهەڵوێستیەوە بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بکەن، بەڵام هەر لە سەرەتای ئەو هەوڵانەوە نەبوونی هاوڕایی دەرکەوتووە، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کورد دەخوازن دەنگ بەو کابینەیەی عەلاوی بدرێت.
هەرچۆنێک بێت لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەمە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر حکومەتەکەی عەلاوی، بەڵام دانیشتنەکەی پەرلەمان دواخرا بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان.
موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشتریش داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کردبوو. هێشتا نازانرێت ئەم دواخستنەی دانیشتنەکەی ڕۆژی 5شەممە دەبێتە مایەی کردنەوەی دەروازەکان لەبەردەم لایەنە سیاسییەکاندا بۆ وتووێژکردنی زیاتر لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی ئەم حکومەتە کاتییە نوێیە.
پێدەچێت لێکتێنەگەیشتنێک لە ئارادا بێت، تێنەگەیشتن لە دیدی عەلاوی بۆ حکومەت و ڕێبەرایەتیکردن لەم قۆناغەی عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوەی وەک عەلاوی دەڵێت ئەزموونەکانی 15 ساڵی ڕابردوو لە عێراقدا ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکران بەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی فەرمانڕەوایەتی و گەندەڵییەکان لە عێراقدا بەو جۆرە حکومەتانە چارەسەر ناکرێن کە لەسەر بنچینەی بەش بەشێنەی حزبی و نەژادی و تایفەیی پێکهێنرابن.
لەگەڵ پەڕتەوازەیی و لێکترازانی ناو ماڵی شیعەدا، حکومەتەکەی موحەمەد عەلاوی، ئەگەر متمانەی پێبدرێت، ئایا دەتوانێت هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد لە عێراقدا بکات؟
ئایا کورد دەتوانێت سەنگی خۆی لە حکومەتەکەی عەلاویدا بپارێزێت؟ لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی کورد ڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەری؟
کاتێک حکومەتەکەی عەلاوی، حکومەتێکی کاتییە، بۆچی ئەم هەموو مشتومڕەی ناوەتەوە لە نێوەندی سیاسی عێراقدا؟
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5