لەم سەروەختەدا کە بە زەمەنی هەڕەشە و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت و وەک پەتایەکی بێ ئابڕو خۆی دەکات بەناو کۆمەڵگەکاندا، هەندێک دیاردەی تریش هەن کە ناکرێت چاویان لێ بپۆشرێن.
لەم بەرنامەیەدا باس لەو جۆرە سیاسەتە قێزەونانە ناکەین کە تەنها وێرانکاری بەدوای خۆیاندا دێنن، بەڵکو لە دیاردەیەک دەدوێین کە دەشێت وەک زەمینەیەک لێی بڕوانرێت، ترسناکتر لە یاریە ناشرینە سیاسییەکان و مەترسیدارتریش لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەم دنیایەمان هێندەی گەورەیی و پانتایی خۆی ڕەهەندی هەن، بێگومان ئەو هزرەی کار لەسەر هەر یەکێک لەو ڕەهەندانەی دنیای ئێمە دەکات، لەوانەیە بتوانێت بە وشەیەک یان دەسەواژەیەک ناودێری بکات، بەڵام لێرەدا گرفتە سەرەکییەکە لەوەدایە کامە هزر یان کامە عەقڵە کار لەسەر ئەم دنیایە دەکات، ئەمە بێ لەوەی گرنگیشە بزانرێت ئایا کاریگەرییەکانیشی چی دەبن یان چۆن دەبن و ئایا بەلایەوە جێی بایەخ دەبن؟!
ئەوەی ئەم قۆناغەی ئێستامان لەوی پێش خۆی جیادەکاتەوە، بەرهەمی بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوە هزریەکانی توانای خوێندنەوەی ڕەهەندی شتەکانی دنیای هەیە، نەک ئەو خوێندنەوە و ڕاڤەکردنانەی، دنیا وەک خۆی بهێڵێتەوە، هەر بۆیە دەشێت زۆر جار لەگەڵ تێگەیشتن لە خوێندنەوەکانی دنیادا ئەو شتانەی پێشتر دەمانخستنە بەر نەشتەری گومان و پرسیارەوە، ئیتر بەو شێوەیە نەیانبینین، ئەمە بەو مانایە نییە پرسیار و گومانەکانمان بەرەو ڕەواندنەوە بڕۆن و بڵێین کۆتا وەڵاممان بەدەستهێناوە، نا، بەڵکو بردنمان و پەلکێشکردنمانە بۆ گومان و پرسیاری تریش.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە شاری کەلار لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارەیەک هونەرمەند لە گروپی هونەریی ئەستێرەکان، نومایشتێکی شانۆییان پێشکەش کرد "وەرن باببین بە سەگ" کە لە نوسینی شاعیری گەورەی کورد قوبادی جەلیزادەیە.
هەر زوو پاش ئەو نومایشتە شانۆییە کاردانەوەی نەرێنی لای هەندێک لە کەسانی ئاینی دروستکرد و ئیدی وتاری زۆر بۆ تەرخانکرا و ماڵپەڕەکان پڕکران لە هەواڵ و نوسینی تایبەت بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هونەرمەندە گەنجانەمان و بیرۆکەکانی کارکردنیان. بێگومان هونەرمەندەکان بە سوکایەتی کردن بە ئاین گوناهبارکران، لە کاتێکدا ئەو هونەرمەندانە زیرەکانە و بوێرانەش دەیانویست لە ڕێی هونەرەوە بەرەنگاری ئایدیۆلژیا دڕندانەکەی داعش و هاوشێوەکانی داعش ببنەوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە دەڤەری گەرمیان، لەبری پشتیوانی لەو گەنجانە، بڕیارێکیان دەرکرد و کارەکانی ئەو گروپە هونەریەیان بۆ ساڵێک سڕ کرد، هەرچەندە دواتر گوترا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندۆتەوە.
کاردانەوەکانیش لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا زۆر بوون. هەندێک لە نێوەندە ئاینیەکان و زۆرێکیش لە کەسانی ئاینی ڕەخنەکانیان هەر لەو خولگەیەدا بووە، وەک دەڵێن ژمارەیەک لەوانەی بەشدارییان لەو شانۆگەریەدا کردووە، نومایشتەکەیان بەکارهێناوە بۆ بێڕێزی کردن بە ئاینی ئیسلام و سوکایەتییان بە شکۆمەندی مامۆستایانی ئاینی کردووە. هەر ئەو نێوەند و کەسانەش بڕیاریان داوە داوای یاسایی تۆمار بکەن و هونەرمەندانی ئەو شانۆگەرییە دادگایی بکرێن.
ئەمە ڕووداوێکی ئاسایی و سادە نییە و ناشبێت هەروا بە ئاسانی بەسەرماندا تێبپەڕێت، چونکە ئەوەی ڕوویدا دوو خوێندنەوەی جیاوازن لە دنیای ئێمەدا و لە ململانێشدان. بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانرێت دەرفەتی یەکسان بۆ ئەو دوو جۆر خوێندنەوەیە بڕەخسێنرێت، نەک یەکێکیان لەبەر ناوی پیرۆزییەکان زاڵ بکرێت بەسەر هونەردا، لە کاتێکدا هونەر بە هەموو ژانرەکانیەوە دەبنە پێناسە و ناسنامە و هەروەهاش دەروازەی پێشکەوتن لە کۆمەڵگەکاندا.
گەر بە هەڵەدا نەچووبم، دوو ساڵ لەمەبەریش، لە زانکۆی گەرمیان هونەرمەندێکی شێوەکار و تابلۆکەیشی دەرکران، بۆچی؟ وەک دەیانگوت لە داب و نەریت لایانداوە!
ئەم ڕووداوە و چەندانی تری لەم شێوەیە ئاماژەن بە بوونی پڕۆژەیەک بۆ لێدانی تواناییەکان و بەهرەکانی ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێت جیاواز بژین و جیاواز بیربکەنەوە لە کۆمەڵگەکەیاندا، نیشانەیە کە هەوڵێک هەیە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار بۆ ئیفلیج کردنی گەنج دەکات بەناوی پیرۆزییەکانەوە کە بە دووریش نازانرێت مەبەستی تریشی لە پشتەوە بێت.
هاوکات کەسێکی تری ئاینی دەکەوێتە گیانی ئەو نێوەندانەی هونەرمەندان تیایدا دەخوێنن بە سۆزانی ناودێر دەکات.
بۆچی ئەو گوتارە ئاینیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا سەرهەڵدەداتەوە بۆ دژایەتیکردنی هونەر و ڕوناکبیری؟
ئایا کەسایەتیە ئاینیەکان دەتوانن بەرپەرچی ئەو گوتارانە بدەنەوە کە پێکەوەژیان و جیاوازی بیرکردنەوە ڕەت دەکەنەوە؟
ئایا کێشەی ئاین لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها لە سنوری نومایشتێکی شانۆیی و تابلۆیەکی هونەری و تێکستێکی ئەدەبیدایە و هیچ گرفتێکی تری نییە؟
ئایا ئاین بە نومایشتێکی هونەری یان بە تێکستێکی ئەدەبی، لەبەریەک هەڵدەوشێتەوە؟
ئایا پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان ئاین و ڕۆشنبیری و هونەردا هەیە؟
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، نوسەر و ڕوناکبیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5