تەندروستی کەرکوک: دۆخی کەرکوکمان کۆنترۆڵ کردووە

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، دەڵێت خەریکە دۆخی کەرکوک کۆنترۆڵ دەکەن و بەتەواوەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە بنەبڕ دەکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سامان یابە بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، دەڵێت" 7 کەس لەکەرکوک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 6 کەسیان لەیەک خێزان و کەسەکەی تر دانیشتووی ناحیەی تازە خورماتوو بوو."

دەشڵێت"3 کەس لە توشبووەکان بەتەواوەتی چاک بوونەوە و ڕەوانەی ماڵەوە کران، 4 کەسەکەی تریش دۆخی تەندروستیان جێگیرەو چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانی بەغداین، تا لە نەخۆشخانە دەریانبکەین."

سەبارەت بەو سێ کەسەی کە نەخۆشیەکەیان تێپەڕاندووە، سامان یابە، وتی"ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا نەماوە و چاک بوونەتەوە، دەتوانن تێکەڵی خەڵک بن و هیچ گرفتێکیان نیە."

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک، ڕوونیکردەوە زۆر دڵخۆشن بەوەی کە دۆخی کەرکوکیان کۆنترۆڵ کردووە و پارێزگاکەیان لە ڤایرۆسەکە پاک کردۆتەوە، وتی"تیمەکانمان بەردەوامن لەکارکردن، جێگەمان تەرخانکردووە بۆ هەر توشبویەک گەر هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت."

هەرچەندە توشبوانی کۆرۆنا لەکەرکوک تا ئێستا 7 کەسن، بەڵام ژمارەیەک هاوڵاتی کەرەنتینە کراون و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانن، تا دڵنابن لەوەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان نە.

دەقی ڕاپۆرتەکە

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر