لایەنە شیعیەکان دەیانەوێت "گرێ کوێرەی" پێکهێنانی حکومەت بکەنەوە

لایەنە شیعیەکان هەوڵی یەکخستنی ڕیزەکانیان دەدەن، پێش ئەوەی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کاندید بکەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کورد و سونە نەتوانن بە"سودوەرگرتن" لەناکۆکیەکانیان، کاندیدی ئەمجارەشیان شکست پێ بێنن.

هەوڵی لایەنە شیعیەکان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان و بەوریاییەوە مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەستنیشانکردنی کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیران، پەیوەندی بە نیگەرانیەکانیانەوە هەیە لە شکست هێنانی محەمەد تۆفیق عەولای لەو ئەرکەی پێی سپێردرابوو.

لایەنە شیعیەکان لیژنەیەکی نێوخۆییان پێکهێناوە و نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدایە، دەیانەوێت کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کۆدەنگی شیعەی لەسەر بێت، تا بتوانن لەپەرلەمانی عێراق تێیپەڕێنن.

ئیسماعیل حەدیدی راوێژکاری سەرۆک کۆمار و کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، پێیوایە ناکۆکی نێو شیعەکان رێگربووە لەبەردەم دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران دا، دەڵێت"سیناریۆ بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو زۆرە، گەر لەسەر کەسێک رێکنەکەون، ڕەنگە عادل عەبدولمەهدی بۆ گۆڕەپانەکە بهێننەوە."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریگا، عەلی شوکری ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆمار و مستەفا کازمی بەرپرسی دەزگای هەواڵگیری، ناویان وەکو کاندیدی لایەنە شیعیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەهێنرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کەداوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شیعەکان بەشێکیان دژی مستەفا کازمین و ناکۆکن لەسەری، بۆیە عەلی شوکری چانسی زیاترە، گەر لەکاتی گفتووگۆی نێوانیاندا، ناوی تر نەهێننە پێشەوە."

وتیشی"بڕیاری شیعەکان ئەوەیە کەسێک کاندیدبکەن، کۆدەنگی خۆیانی لەسەر بێت و بتوانن لەپەرلەمان تێیپەڕێنن، تەنانەت گەر کورد و سونەش دژی بن."

لەپاڵ نیگەرانیەکانی کورد و سونەدا، ناکۆکی نێوماڵی شیعیش، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ شکست پێهێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆیە شیعەکان نایانەوێت ئەو "هەڵە" دووبارە بکەنەوە.

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کورد لاری نیە لەسەر هیچ کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران، بەو مەرجەی وەکو کیانێکی دەستوری مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات و مافە دەستوریەکانی بدات."

کردنەوەی گرێ کوێرەی دەستنیشانکردنی کاندیدێکی کۆدەنگی لەسەربوو بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئێستا خەمی گەورەی لایەنە شیعیەکانە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە، عێراق لەو قەیرانە دەربکەن کە ماوەی شەش مانگە گرتوویەتیەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد 2