هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی عێراقییەکان بۆ وڵاتەکەیان

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، باس لەهەوڵەکان دەکات بۆ گێڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی لە وڵاتانی جیهان گیریان خواردووە، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانە و هێڵە ئاسمانیەکانەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی عێراقی لەدەرەوەی وڵاتن و دابەش بوون بەسەر وڵاتانی جیهاندا، بەشێکیان خوێندکارن، بەشەکەی تریان گەشتیار و نەخۆشن و بۆ چارەسەر ڕۆیشتوون، یاخود هەندێکی تریان نیشتەجێی وڵاتانن."

دەشڵێت"لایەنە پەیوەندیدارە عێراقیەکان ڕۆژانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هێنانەوەیان لەگفتووگۆدان، چونکە کۆرۆنا جیهانی گرتۆتەوە و فرۆکەخانەکان داخراون، لەزۆر وڵات هاتوچۆ قەدەغەیە."

لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ڕوونیکردەوە، بۆ هێنانەوەی هاوڵاتیە عێراقیەکان، پشت بە هێڵی فرۆکەوانی عێراقی دەبەسترێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتاندا گەشتەکان ڕێکدەخرێن، وتی"لەهەنگاوی یەکەمدا، دەست بە گواستنەوەی عێراقیەکان لەو وڵاتانە دەکرێت کە عێراقییان زۆر تێدایە، بەنموونە: تورکیا، بەیروت، مۆسکۆ، دەلهی و لەندەن."

وتیشی"لەهەنگاوی دووەمدا، بەهیواین بتوانین گەشتی تایبەت بۆ هێنانەوەی عێراقیەکان لەو وڵاتانەش ڕێکبخەین، کە عێراقیی کەمیان تێدایە."

سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو عێراقیانەی لەوڵاتان دەهێنرێنەوە لەڕووی تەندروستیەوە، شێرکۆ میروەیس ئاماژەی بەوەکرد بەپێی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و پشکنینیان بۆ دەکرێت، وتی"هاوڵاتیانی نیشتەجێی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق گرفتیان کەمترە و نزیکن، بەڵام ئەوانەی هەرێم ڕێگەکانیان دوورترە."

وتیشی"بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێم، لەهەوڵی ئەوەین بە ترانزێت لەفرۆکەخانەی بەغدا بمێننەوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بگەڕێندرێنەوە، تا گەر کەرەنتینەش کران، لەهەرێم کەرەنتینە بکرێن."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر