دکتۆر ئارام گەڵاڵی: ئەمریکا بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا زاڵ دەبێت

ئایا وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەڕووی تەندروستی و ستراتیژی خۆپارێزییەوە بەهێزن یان تەنها لەڕووی لەشکریی و زەبر و زەنگی جەنگەوە بەهێزن؟

ئایا وڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکا خۆیان ئامادەکردبوو بۆکۆڤید-19 یان نەوەک هەر ئامادەبوون بەڵکو بە ڕژدیش وەریاننەگرتبوو؟

ئەم ڤایرۆسە چەند کوشندە و مەترسیدارە؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببێتەوە؟

ئاسۆ جەبار، لە دەنگی ئەمریکا پەیوەندی کرد بە دکتۆر ئارام گەڵاڵی، یاریدەدەری پرۆفیسۆر و توێژەر لەزانکۆی هارڤارد لە بۆستن لە ئەمریکا بە مەبەستی زیاتر تیشک خستنە سەر مەترسییەکانی کۆڤید-19 و بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و جیهان بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە.

ئەندرۆ کومۆ فەرمانڕەوای ولایەتی نیویۆرک کە زیاتر لە 66 هەزار توشبووی هەیە بە کۆرۆنا، دەڵێت ستانی نیویۆرک لە هەموو ستانەکانی تری ئەمریکا و تەنانەت لە وڵاتی چینیش پشکنینی تەندروستی زیاتر کراوە.

ئێستا ئەمریکا بۆتە یەکەم وڵات لە جیهاندا بۆ ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەکە گەیشتۆتە سەرو 160 هەزار کەس و هەروەها نزیکەی 3 هەزار کەسیش بە کۆڤید 19 لە ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.

دکتۆر ئارام گەڵاڵی دەڵێت "ئەم ڤایرۆسە زۆر بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە." دەشڵێت "خەڵکێکی زۆر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتریش دەبێت."

دکتۆر ئارام لەبارەی هێز و توانایی ئەمریکاشەوە دەڵێت "ئەمریکا تواناییەکی ئابوری و تەکنۆلۆژی بێ شوماری هەیەو لەمەودای درێژخایەندا بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵدەبێت."

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەش کرد کە ڕۆژانە 100 هەزار پشکنینی تەندروستی دەکرێت لە ئەمریکادا و ئاماژەشی بە ئامێرێکی نوێ کرد بۆ پشکنینەکان کە لە چەند خولەکێکدا ئەنجامی پشکنینەکە دەخاتە ڕوو، لە کاتی قسەکردنیشیدا لەسەر ئەم بابەتە، سەرۆک ترامپ ئامێرەکەی پیشانی پەیامنێران دا.

دکتۆر ئارام گەڵاڵی دەڵێت "ئەم ڤایرۆسە هاتووە بۆ مانەوە و بەتەواوەتی بنبڕناکرێت." دەشڵێت "ئەو ژمارەیەی ئەمڕۆ دەیبینن قوربانییەکانی سێ هەفتە لەمەوبەرە و نازانین چەند کەسی دیکە توشبوون و هەڵگری ڤایرۆسەکەن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەڕووی تەکنەلۆژیای چەک و بۆمبەوە هەمیشە ئامادە و سازن بۆ بەرەنگاربوونەوە بەڵام لەڕووی تەندروستی و پزیشکییەوە خۆیان ئامادە نەکردووە بۆ ڤایرۆسێکی لەو جۆرە؟ دکتۆر ئارام لەوەڵامدا دەڵێت "بەداخەوە ئەو پارەیەی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی خەرج دەکرێت زۆر کەمترە لەو پارەیەی بۆ چەک و لەشکر دابیندەکرێت."

دکتۆر ئارام پێیوایە "دەبێت مرۆڤایەتی جارێکی دیکە بیربکاتەوە و لەپێناو یەکتریدا بژین نەوەک دژی یەکتر بن."

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر ئارام گەڵاڵی