ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک و دەربەندیخان و چەمچەماڵ ڕووی لە هەڵکشانە

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری کەرکوک، قەزاکانی چەمچەماڵ و دەربەندیخان تا دێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات و ژمارەی توشبووان بەرزتر دەبنەوە، ئەمەش بەلای بەرپرسانی تەندروستیەوە وەکو ئاماژەیەکی مەترسیدار تەماشا دەکرێت.

زۆرێک لەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سەردانی دەرەوەی وڵاتیان نەکردووە، بەڵکو لەنێوخۆ توشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەمەش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان مایەی ترس و نیگەرانیە.

17 حاڵەت لەکەرکوک

ئەو کەسانەی تا ئێستا لە شاری کەرکوک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ژمارەیان گەیشتۆتە 17 حاڵەت، یەکێکیان بەهۆی زۆری تەمەن و هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن، گیانی لەدەستداوە.

دکتۆر بورهان عومەر ئەندامی شانەی قەیرانەکانی تەندروستی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت" لەو 17 تووشبووەی کەرکوک بەکۆرۆنا، 6 کەسیان چاک بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، کەسێکیشیان گیانی لەدەستداوە، 10 توشبووی تر لە نەخۆشخانەن."

وتیشی" 5 لەتوشبووە تازەکان بەرکەوتەی یەکێک لە نەخۆشەکانی پێشتربوون، ئەوانیتر خزم و کەس و کاریان لە نەجەف و کازمیەی بەغداوە سەردانیان کردوون و گومانمان لەمە هەیە."

10 حاڵەت لە چەمچەماڵ

لەقەزای چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا 10 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە دوو کەسیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە، بەڵام هەشت کەسیان هێشتا لە نەخۆشخانەن.

دکتۆر فەرهاد محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، بەدەنگی ئەمەریکای وت" لە 10 توشبووەکە، تەنها یەک کەسیان لەئێران گەڕاوەتەوە، ئەوانیتر لەناوخۆدا توشبوون و ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە."

وتیشی"خەڵک تا ئێستا هاتووچۆی یەکتری دەکەن و قەرەباڵغی دروست دەکەن، ئەمەش بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خراپە و دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی."

29 حاڵەت لە دەربەندیخان

لەقەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانیش کە لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی هەرێمەوە بە "زۆنی مەترسیدار" بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ناوبرا، تا ئێستا 29 حاڵەت تۆمار کراوە.

ناسیح مەلا حەسەن قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بەدەنگی ئەمەریکای وت" تا ئێستا 5 لە توشبووەکان ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە و نەخۆشخانەیان جێشهێشتووە."

بەرزبوونەوەی ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی وەکو داخستنی بازاڕ و قەدەغەی هاتووچۆ و ڕێگرتن لە دروستکردنی قەرەباڵغیان گرتۆتە بەر، بەڵام هێشتا لە ڕێگرتن لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوون.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر