ڕێژه‌ی توشبوونی هاوڵاتیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوو له‌ زیادبوونه‌

ڕێژه‌ی توشبوونی هاوڵاتیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوو له‌ زیاد بوونه‌.

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌ڵێن به‌شێك له‌ هۆكاره‌كان هاتووچۆی نایاساییه‌ له‌ نیوان ئێران و هه‌رێم و ڕێكاری یاسایی ده‌گرنه‌ به‌ر.

ژماره‌ی تووشبووان به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 12 حاڵه‌تی تێپه‌ڕاندوە و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند هه‌ركه‌سیك به‌ نایاسایی هاتبێته‌وه‌ و توش بووش بێت ڕیكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌گیرێتەبەر.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند ڕێوشوێنه‌كانیان توند تر كردووه‌ و هه‌ر هاوڵاتییه‌ك به‌ نایاسایی گەڕابێتەوه‌ هه‌ڵه‌بجه، ئە‌گه‌ر توشبووی نه‌خۆشیه‌كه‌ش بێت ڕووبه‌رووی دادگایی کردن ده‌بێته‌وه.‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دواین ڕاگه‌یاندنیدا توشبوونی 5 هاوڵاتی دیكه‌ی به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یاند.

دکتۆر ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند توشبووه‌كان كه‌س و كاری ئەو یاریده‌ده‌ری پزیشكه‌كه‌ن کە پێستر دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش ڕاگه‌یەندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ به‌شێك له‌ ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك پابه‌ندی ڕێنوماییه‌كان نه‌بێت و ته‌ندروستی گشتی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ڕێكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌گیرێتە‌به‌ر، به‌ڕێوبه‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌ڵیت هه‌ركه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت ده‌یده‌نه‌ داواكاری گشتی.

به‌ پێی ئاماره‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سه‌ره‌تای بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ تا ئێستا 285 هاولاتی كه‌ره‌نتینه‌ كراون 237 هاولاتی كه‌ره‌نتینه‌كانیان جێهێشتووه‌ و له‌ ئێستاشدا 48 هاوڵاتی كه‌ره‌نتینه‌ كراون و تا ئێستاش 12 هاوڵاتی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و هاوڵاتییه‌كیش نه‌خۆشیه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندووه.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی لە هەڵەبجەوە