هەموو هەوڵێکی لایەنە شیعیەکان بۆ شکست پێهێنانی عەدنان زورفی کاندیدی ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەهێنانە پێشەوەی مستەفا کازمی دەیانەوێت ئەو ئامانجە بەدەست بێنن، لەکاتێکدا زورفی کۆڵ نادات، تۆپەکەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی پەرلەمان و داوای دانیشتن بۆ متمانەدان بەکابینەکەی دەکات.
مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری عێراق پێشتر بەلای شیعەکانەوە قەبوڵکراو نەبوو، بەڵام ئەوان هێندە نەیاری عەدنان زورفین، جارێکی تر ناوی کازمییان هێناوەتە پێشەوە، ئەگەرچی هەندێک لە سیاسیەکان ئەمە وەکو "تاکتیک" تەماشا دەکەن.
کازمی پێشتر لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە هەوڵی کاندیدکردنی درا، بەڵام لایەنە شیعیەکان بە نزیکایەتی ئەمەریکا تۆمەتباریان کرد و ڕەتیانکردەوە، بۆیە هێنانە پێشەوەی لەئێستادا، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بەرهەم ساڵحە بۆ شکست پێهێنانی زورفی.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە و راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، پێیوایە کاندیدکردنی مستەفا کازمی لەلایەن کوتلە شیعیەکانەوە کارتی شکست پێهێنانی عەدنان زورفی نیە، بەڵکو هەوڵێکی ڕژدە دەیدەن و دەڵێت "لایەنە شیعیەکان ڕێککەوتوون لەسەر کاندیدکردنی مستەفا کازمی و تێیدەپەڕێنن، ڕەنگە کورد و سوننەش لارییان نەبێت."
لایەنە شیعیەکان عەدنان زورفی وەکو پاڵێوراوی ئەمەریکا دەبینن و بەمەترسی دەزانن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان، بۆیە هەوڵی دروستکردنی یەکدەنگی و پاشگەزکردنەوەی ئەوانەش دەدەن کە پشتیوانین.
دژایەتیکردنی پێشووتری مستەفا کازمی و تۆمەتبارکردنی بەدەست هەبوون لەپلانی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی دا لەلایەن لایەنە شیعیەکانەوە، ئەو تێڕوانینەی دروستکردووە، لایەنە شیعیەکان دەیانەوێت بە کازمی، زورفی شکست پێ بهێنن و دواتر خۆشی دوور بخەنەوە.
مستەفا کازمی، بەهێزترین کارتە بۆ شیعەکان تا زورفی پێ شکستبهێنن، بەو پێیەی نزیکە لەسەرۆک کۆمار، هەروەک نزیکە لە عەمار حەکیم ی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە لە پشتیوانی زورفی پاشگەزی بکەنەوە.
دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسمەتداری کورد، پێیوایە هێنانە پێشەوەی موستەفا کازمی لەلایەن شیعەکانەوە، فشارە بۆ گۆڕینی عەدنان زورفی، چونکە شیعەکان لە کازمیش ڕازی نین، دەڵێت "گەر شیعەکان جدی بوونایە لە کاندیدکردنی کازمی، بەیانیان دەردەکرد و هۆکاری کاندیدکردنەکەیان ڕووندەکردەوە، بەڵام مەسەلەکە تەنها قسەیە و ئەمەیان نەکردووە."
ئەگەرچی لایەنە شیعیەکان بەچڕی لەسەر هێڵن بۆ دروستکردنی یەکدەنگی و شکست پێهێنانی زورفی، بەڵام هەندێک زانیاری ئاماژە بەوەدەکەن، هێشتا عەبادی و سەدر نەچوونەتە ژێر باری کشانەوە لە پشتگیری کردنی عەدنان زورفی.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5