مستەفا ئەلکازمی لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتێکی پڕ لەقەیران و کێشەدا

مستەفا کازمی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرقاڵی پێکهێنانی کابینە حکومیەکەی و دانوستان و گفتووگۆیە لەگەڵ لایەنەکان، کە بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی کۆببێتەوە.

پێچەوانەی محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی، کە ناکۆکیان لەگەڵکوتلەکان شکستی پێهێنان، ڕەنگە مستەفا کازمی بتوانێت کابینەی حکومەتەی پێکهبێنێت، بەو پێیەی تا ئێستا لایەنەکان گرفتیان نیە لەگەڵی.

مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو، پێشتر ناوی وەکو یەکێک لە پاڵێوراوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبوو، بەڵام ئەوکات بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەمپەربوون لەبەردەم کاندیدکردنیدا.

ئەڵماس فازڵ ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە کازمی چانسی تێپەڕبوونی لەپەرلەمان و متمانەدان بەحکومەتەکەی هەیە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت "ئەرکی کازمییە، خواستی خۆپیشاندەران لەبەرچاو بگرێت و چاکسازی بکات، هەروەها هەوڵی بوژاندنەوەی پارێزگاکانی عێراق بدات."

پێشتر لایەنە شیعیەکان، مستەفا کازمییان بە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ ئەمەریکا و ئاگاداربوون لە کوژرانی قاسم سولەیمانی تۆمەتبارکردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ناچاری چوونە ژێر باری خواستی کاندیدکردنی.

لایەنە شیعیەکان زۆر دژی کاندیدکردنی عەدنان زورفی بوون، چونکە پێیانوابوو زورفی کەسایەتیەکی بەهێزە و پێگەیان لەعێراق لاواز دەکات، بۆیە لەپێناو دوورخستنەوەی زورفی، ڕازی بوون بە کاندیدکردنی کازمی، سەرباری هەبوونی تێبینیان لەسەری.

نەجات حسێن سەرکردە لەڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، ڕوونیکردەوە گەر لایەنە شیعیەکان ڕازی نەبوونایە بە کاندیدکردنی کازمی، ڕەوشی عێراق تێکدەچوو، چونکە پێشتر دوو کاندیدی تریان ڕەتکردبوویەوە.

بەڕێز حسێن دەڵێت "لایەنە شیعیەکان تێگەیشتن لەوەی ڕەتکردنەوەی کازمی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و دۆخی نەخوازراوی بەدوادا دێت، بۆیە لەژێر فشاردا ڕازی بوون."

مستەفا کازمی جیاواز لە ڕاسپێردراوەکانی تر، جۆرێک لە نەرمی بەرامبەر کوتلە سیاسیەکان نواندووە و پشکی خۆیانی لەحکومەتدا پێداونەتەوە، بەڵام دەیەوێت بەئاڕاستەیەکی تر کاربکات و دوای متمانەوەرگرتن، دۆسیەی گەندەڵی بوروژێنێت.

نەرمی نواندنی کازمی، وایکرد زۆربەی کوتلە شیعیەکان هاودەنگ بن لەسەر کاندید کردنی، جگە لە کوتلەی سائیرون ی سەربە ڕەوتی سەدر نەبێت، کە ژێر بە ژێر جۆرێک لە نیگەرانی هەیە و پێیوایە زۆر ڕۆڵی نەبووە لە دەستنیشانکردنیدا.

ئەڵماس فازڵ وتی"تا ئەندازەیەکی زۆر، هەموو کوتلەکان کاندیدکردنی کازمیان پەسەند کردووە."

ڕەنگە لەداهاتوویەکی نزیکدا پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بەکابینەکەی کازمی کۆببێتەوە، گەر لایەنەکان سوربن لەسەر پاڵپشتی و پاشگەزبوونەوە ڕوو نەدات.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر