ڕۆژنامەوانانی کوردیش ڕۆژێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و یەک ڕۆژ پێش 22 ی مانگی چوار، بروسکەکانی پیرۆزبایی ڕووبەرێکی زۆری میدیاکان دەگرنەوە و هەندێک جاریش ئەوەندە زۆرن لەوانەیە بەشی یەک ڕۆژی دواتریشی بکات.
هەرکاتێکیش ئەو هەموو بروسکە و پیرۆزباییانە دەخوێنیتەوە، ئیتر ڕێک وەک ئەوەیە کە بگوترێت دنیای ڕۆژنامەوانی کوردی هیچ کێشە و گرفتێکی نییە و توانیویەتی هەنگاوە پێویستەکانی خۆی بە کارامەیی ببڕێت بەبێ ئەوەی هیچ گرفت و تەگەرەیەکی لەبەردەمدابێت.
بەڵام ئایا وایە؟
بێگومان نەخێر، بۆچی؟ لێرەدا باشترین نمونە کە دەکرێت بهێنرێتەوە، بێبەش کردنی ڕۆژنامەوانانە لە سادەترین مافی یاسایی خۆیان.
زۆر دۆسێی ڕۆژنامەوانان هەن لە دادگاکاندا، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان بە یاسای تر دادگایی دەکرێن، نەک بە یاسای ڕۆژنامەوانی.
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەو یاسایە بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانێت بۆ خۆی و بۆ ڕۆژنامەوانانیش، بەڵام هەر ئەو دەسەڵاتە لە ڕێی دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێشێلی بەندەکانی ئەو یاسایە دەکات.
میوانی بەرنامە:
کاوە ئەحمەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان.
دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسا دانانیش لە لایەک و دەسەڵاتی چوارهەمیش لەلایەکی ترەوە لە دوو دنیای جیاوازدا دەژین و هەر یەکەشیان جۆرێک لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان هەیە بۆ ڕۆژنامەوانی و زەمینەی هاوبەش لە نێوانیاندا هەر ئێجگار زۆر کەمە.
نەک هەر لەم ڕۆژەی رۆژنامەگەریی کوردیدا، بەڵکو لە زۆر بۆنەشدا باس لە کوژرانی ڕۆژنامەوانانی وەک سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و وەدات و سۆرانی مامە حەمە و چەندانی تریش دەکرێن و ساڵیادەکانیان بەرز ڕادەگیرێن، بەڵام زۆر بە دەگمەن باس لەوە دەکرێت، ڕۆژنامەوانان خۆیان دەتوانن چی بکەن تا ئەو کارەساتانە ڕوونەدەنەوە و لاپەڕەکانی مێژووی کۆمەڵگەیەک بە تاوان ڕەش نەکرێتەوە!
لە کۆمەڵگەی کوردیدادەکرێت ڕۆژنامەوانان پۆلێن بکرێن بەسەر چەند بەشێکدا؛
1- ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ، ئەگەرچی بە ژمارە زۆر کەمن بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە.
2-ڕۆژنامەوانانی ناو لایەنە سیاسییەکان، ئەگەرچی بە ژمارە زۆر زۆرن، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە لە کۆمەڵگەدا.
3- ڕۆژنامەوانانی سێبەر، ئەمانە لەشکرێکی ترسناکن بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و هەمیشەش پاشکۆی ڕۆژنامەوانانی ناو لایەنە سیاسییەکانن، واتە پاشکۆی پاشکۆکان.
4- ڕۆژنامەوانانی دەزگاکانی تاکە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزبەکان، کە هەموو تواناییەک دەخرێتە بەردەمیان لە پێناو مەبەستی تردا نەک مەبەستی ڕۆژنامەوانی.
ئایا لێرەدا هەر دەسەڵات و لایەنی سیاسی بەرپرسیارن لەسەر ئەم پەرت کردنەی ڕۆژنامەوانان؟
ئایا ڕۆڵی ڕۆژنامەوانان خۆیان چییە و پێوانەکان چین بۆ ڕۆژنامەوانی؟
جا لەسەر دەسەڵات و ئەرکەکانی و پێشێلکارییەکانی و زەوتکردنی مافەکان و تێکشکاندنی یاساکان و سەرکوتکردنەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان، باس و خواسێکی زۆر کراون و وەک دەگوترێت قسە زۆرن و وەلێ گوێ زۆر کەمە بۆ بیستن.
ئەم جۆرە ڕەوشە وەهای کردوە، تێکەڵکردنێک دروست بێت لەنێوان کاری ڕۆژنامەوانی و کار و ئەرکی چالاکواناندا. ئەمە بەڵگە نەویستە کە ڕۆژنامەوان نابێتە چالاکوان و بە هەمان شێوەش چالاکوان هەرگیز ناتوانێت ببێتە ڕۆژنامەنوس، لەو ڕوانگەیەوەی پرەنسیپەکانی کارکردنیان ئاسمان و ڕێسمانە نێوانیان.
خاڵێکی تریش گرنگە باس بکرێت، هەندێک لەوانەی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کار دەکەن بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەو بۆشایی و کەلێنانە بەکاربهێنن کە لە نێوان دەسەڵات و ڕۆژنامەواندا هەن بۆ گەیشتن بە مەبەستە تایبەتەکانی خۆیان، لە ڕێی دروستکردنی دۆسێی تایبەت بە خۆیان و چەواشەکردن و خۆڵ کردنە چاوی نێوەندەکان بۆ بەرژەوەندی و جێبەجێکردنی مەرامەکانی خۆی، بەبێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێکی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی.
لە 22 ی مانگی 4ی ساڵی 1898ەوە تا 22ی چواری 2020، ڕۆژنامەگەری کوردی بە گەلێک هەڵکشان و داکشاندا تێپەڕیوە، بەڵام لەم 122 ساڵەی ڕابردوودا، هەوڵەکان هێندەی ئێستا چڕ نەبوون بۆ قوڵکردنەوەی پرسیار و گومانەکان لەسەر دەسەڵاتی چوارهەم لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە پاش 122 ساڵ تەمەن، هەر هیچ نەبێت لە ئێستادا نەیتوانیوە نە ڕای گشتی دروست بکات یانیش ئاڕاستە بکات.
هۆکارەکان چەندێک بن یان چۆن بن، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی زیاترە، تا بزانرێت ئایا هەر دەسەڵات بەرپرسیارە یان ڕۆژنامەوانایش.
کاوە ئەحمەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5