بە پێی میدیاکان و راگەیاندنەکانی جیهانی کە باس دێتە سەر ئازادی رۆژنامەوانی لە جیهان هەردوو وڵاتی دراوسێ تورکیا و ئێران لەسەر دەستەی ئەو وڵاتانەدان کە پێشیلیەکی زۆر لە ئازادی رۆژنامەوانی و رۆژنامەوانان دەکەن.
هەرچەند ئێران لە بڕگەی ٢٤ی دەستوری وڵاتەکەدا ئاماژە بەو ئازادیە دەکات بەڵام ئاخۆ تا چەند لە پراکتیکدا پیادە دەکرێ؟
ئاخۆ بواری رۆژنامەوانی پاش کۆرۆنا چی بەسەر دێت؟
ئاخۆ ژنان لە ناو پانتای رۆژنامەوانیدا چ پێگەیەکیان هەیە؟
بەیان عەزیزی رۆژنامەوان ولێکۆڵەر لە بارەی کێشە کۆمەڵایەتی و سڤیلیەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت” لە پراکتیکدا بەداخەوە پیادەکردنەکەی زۆر کێشەی هەیە ، مێژووی ئێمە لە ئێران و لە رۆژهەڵاتیشدا کە خوێندنەوەی بۆ ئەکەین ئەبینین ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو رۆژنامەوانانە بەند کراوون، لە کار دەرکراوون وە هەر وەها تووشی هەندێ هەڕەشە بوونە، هەموو ئەمانە لە ناو مێژووێ ئێمەدا هەیە وە ئامارەکە زۆر لە سەرەوەدایە، بەدەر لەوانەش هەر خودی دامەزراندنی رۆژنامەکان و چاپەمەنیەکان لە ئێراندا هەندی لەمپەر و هەندی بەربەست و گرێ و دژواری هەیە"
بەیان خانم هەر وەها دەڵێت “ بۆیە زۆر کەمن ئەو کەسانەی کە بتوانن بۆ خۆیان ببنە خاوەنی ئیمتیاز یان ببن بە بەرپرسی رۆژنامەیەک و بتوانن بەرێوەی ببەن، لە پاش دامەزراندنەکەشی بە شێوەیەکی نووسراو نە نووسراویش چەندەها کێشە دێتە پێشەوە بە هۆێ ئەوەی زۆری لە بابەتەکان ناکرێ ڕۆماڵ بکرێ وە زۆریش لە بابەتەکان هەر ناکرێ ئاوڕی لێبدرێتەوە "
بەیان خانم دەشڵێت “ ئەگەر ریالیستانەو پراکتیکانە تەماشای بکەین بواری رۆژنامەوانی لە ئێراندا لە پێش کۆرۆناش بارودۆخی رۆژنامەوانی ئێمە هیچ باش نەبوە ,واتە ئێمە لە دوو بواردا چ لە رووێ چۆنایەتیەکەیەوە وە لە بواری ژمارەی خودی رۆژنامەکانیشدا کێشە هەبوە، وە لە پاشی کۆرۆناشدا ئێمە ئەتوانین بڵێن لە زۆر بواردا تووشی کێشە بوینە لە رووێ ئابوریەوە، نەبوونی ریکلام ،چوونە سەرەوە نرخی کاغەز، کرێ شوێنی ئوفیسی رۆژنامەکە، کادرەکان دەر ئەکرێن، هەموو ئەم گرفتانە هاتووەتە پێشەوە و داهاتەکەشی گەیشتوەتە سەر سفر "
Your browser doesn’t support HTML5