ژیان لە فەرهەنگدا: سەردار عەبدوڵا

زۆر جار هەبووە، دوورکەوتنەوە لە نیشتمان بەرەو دابڕانێکی گەورەت دەبات و ئەو دابڕانەش هێندە گەورەیە کە بە تەواوەتی وەهات لێدەکات هەست بە بۆشاییەکی گەورە بکەیت لە نێو خودی خۆت و دەوروبەردا.

ئەی دەبێت ئەم جۆرە دوورکەوتنەوەیە بۆ هونەرمەندێک چۆن بێت؟

بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەوێتە سەر هەست کردن بە جیاوازییەکانی لە نێوان دوو جوگرافیادا هەن.

هونەرمەندمان هەن، وەک هونەرمەندی شێوەکار سەردار عەبدوڵا کە بڕوای وایە؛ جوگرافیاکان نابنە هۆکارێکی گەورە بۆ جیاوازی لە کاری هونەریدا، چونکە وەک دەڵێت کارکردنەکان و چێژ وەرگرتن لە کارە هونەرییەکان وەکو یەکن و ئەوەی کە جیاوازە چۆنیەتی بەکارهێنانی مەتریاڵ و کەرەستە هونەرییەکانە.

سەردار عەبدوڵای هونەرمەند، دەستێکی ڕەنگین و ورد و کارامەیە لە هونەری مۆزایکدا، لە کارە هونەرییە ناوازەکانیشیدا هەر تەنها کاشی بەکارناهێنێت، بەڵکو وەک مەتریاڵ پەنای بردۆتە بەر خوری و لباد و کەرەستەی تریش، وەک خۆی دەڵێت هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی کلتور و کەلەپور.

هەر کاتێک لە تابلۆ هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندەمان دەڕوانین، ڕێک و ڕەوان تایبەتمەندێتی خۆیت پێدەناسێنێت و پێت دەڵێت لەبیرتان نەچێت ستایڵی کارکردنیش دەتوانێت لە هونەرمەندانی ترت جیا بکاتەوە.

ئەم هونەرمەندەمان بڕوایەکی تەواوەتی هەیە بە ئازادی لە ڕەنگ و لە تەکنیکیشدا، بەڵام دەشڵێت هەموو ئازادییەکان لای مرۆڤ لەوێدا سنوردار دەبێت کە ئازادییەکانی کەسانی تر پێشێل نەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: سەردار عەبدوڵا