دکتۆر ئارام نامیق: لەدانانی هەچ پرۆژەیەکی ستراتیژیدا پێویستە بەرپرسان پرس و ڕا بە شارەزایانی جیۆلۆجی بکەن

دکتۆر ئارام نامیق

ئایا دەرهێنانی نەوت کاریگەری لەسەر دروستبوونی بومەلەرزە هەیە؟

دوو توێژینەوە، یەکەم لەبەڕیوبەرایەتی جیۆلۆجی ئۆکلاهۆما لەساڵی 2015دا لە ئەمریکا دەرچوە ئەڵێت ئنجێکشنی ئاو بۆ بیرە نەوتەکان لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا پێدەچێت هۆکاری بومەلەرزەکانی ولایەتی ئۆکلاهۆما بووبێت. هەروەها توێژینەوەی زاناکانی زانکۆی (ساوثرن میدوێست) لەولایەتی تکساس گەشتوونەتە هەمان دەرئەنجام.

لەمبارەیەوە وریا کاڵێ کفتووگۆی لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئارام نامیق تۆفیق پسپۆری جێۆفیزیا لەبەشی جیۆلۆجی کۆلێجی زانست لە زانکۆی سلیمانی کردوە.

دکتۆر ئارام دەڵێت" دەرهێنانی نەوت کاریگەریەکی ئەوتۆی نیە تا بتوانین بومەلەرزە بۆ ئەو بابەتە بگەڕێنینەوە".

هەروەها دەڵێت "ڕودانی بومەلەڕزە لەکوردستاندا لەقوڵایی 3 کیلۆمەتر و قوڵتر تا 70 کم ئەروات، تائێستا لە کوردستان بیرە نەوت هەڵکەندرابێت لە 2 تا 3 کیلۆمەتر قوڵتر نەبوە، ئەمەش هیچ کاریگەری نابێت ئەگەر زۆر بیر هەڵکەندرێت ببێتە هۆی ڕودانی بوومەلەرزە".

دکتۆر ئارام دەشڵێت "بوومەلەرزە لە ئەنجامی پێکداکێشانی پلێتەکانەوەیە - پلێتی عەرەبی و ئەفریکی و پلێتی ئێرانی و پلێتی ئەنادۆڵی تورکیا".

سەبارەت بە داواکەی لەبەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی ئەنجامدانی هەرچ پرۆژەیەکی ستراتیجیدا پرسوڕا بەشارەزایانی جیۆلۆجی بکەن، دکتۆر ئارام دەڵێت "لەکاتی دانانی هەرچ پرۆژەیەکی ستراتیژی وەک تونێل، پرد، دەربەند و دانانی ویستگەی ئیلیکتریک و هتد، ڕەچاوی بڕی ئەو بوومەلەرزەیە بکرێت لەکوردستاندا ڕودەدات، ئەو دامەزراوانەش دادەنرێت پێویست وایە بەرگەی 6.5 پلە زیاتر بگرێت ".

Your browser doesn’t support HTML5

گفتووگۆ لەگەڵ دکتۆر ئارام نامیق