تادێت داعش هێرشەکانی بۆ سەر هێزە عێراقیەکان چڕتر دەکاتەوە، بەتایبەت شەوی ڕابردوو، لە چەندین ناوچە، هێرشی فراوانیان ئەنجامداوە، هێزە عێراقیەکان پێشبینی هێرشی زیاتر دەکەن و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
شەوی ڕابردوو، داعش لە پارێزگاکانی دیالە، ئەنبار، سنوری کەرکوک و سەڵاحەدین، هێرشی یەک لەدوای یەکیان کردۆتە سەر هێزە عێراقیەکان، بەهۆی هێرشەکانیانەوە ژمارەیەک سەرباز کوژراون و برینداربوون.
هێزە عێراقیەکان لەتەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان، خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زیاتری داعش ئامادەکردووە، کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە لەکەرکوک، هۆکاری هێرشەکانی داعش بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و نەمانی چاودێری فڕۆکە لەسەریان دەگێڕێتەوە، دەڵێت "ئێستا مانگی ڕەمەزانە، داعش ئەم مانگە بە مانگی جیهاد ناو دەبات، ئینجا دۆخی عێراق ئاڵۆزە و لەبارە بۆ هێرشەکانیان."
زۆرترین هێرشەکانی شەوی ڕابردووی داعش، پارێزگای دیالەیان گرتەوە، پەلاماری ناوچەکانی نەفتخانە و نەدای نزیک ناحیەی مەندەلی، سنوری ناحیەکانی جەلەولاو قەرەتەپە ، هەروەها ناوچەی عوزێمیشیان داوە و چەندین سەربازیان کوشتووە و بریندارکردووە.
هەروەها لە ناوچەی جورف سەخر، لەگەڵ پارێزگای سەلاحەدینیش هێرشیان ئەنجامداوە، لەسنوری کەرکوکیش جوڵەیان هەبووە و هێزە عێراقیەکان لە ئامادەباشیدا بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە لەنێو تیمی هێزە عێراقیەکاندایە بۆ چاودێری کردنی جم و جۆڵی داعش، بەدەنگی ئەمەریکای وت"چڕکردنەوەی هێرشەکانی داعش لە پاریزگای دیالە پلانە، ڕەنگە داعش بیەوێ چاوی هێزە ئەمنیەکان بباتە سەر ئەو پارێزگایە و لەناوچەی ترەوە هێرش بکات."
سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، ڕوونیکردەوە داعش لەمانگی ڕەمەزان دا، " غەزوەتول مەوت " ی ڕاگەیاندووە، دەیەوێ زۆرترین هێرش ئەنجام بدات، وتی"ژمارەیەک خۆکوژیان ئامادە کردووە، خۆکوژەکان لەسەربازگەی عائیشە لەپارێزگای دیالەوە ڕەوانەی ناوچە جیاجیاکان کراون."
سەرچاوەکە، وتیشی"پلانیان داڕشتووە لەچەند شەوی داهاتوودا، هێرش بکەنە سەر چەند قەزاو ناحیەیەکی پارێزگای سەلاحەدین، هێزە ئەمنیەکان چاودێریان دەکەن."
ناوچەی پەڵکانە و شاخی غەڕەی نزیک قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، یەکێکی ترە لە پێگەکانی داعش، کە ڕۆژی یەکشەمە، مەفرەزەیەک چەداریان لەو ناوچەیەوە ڕۆیشتوونەتە سەر شەقامی نێوان کفری/ خورماتوو، شۆفڵێکیان لەنێو کارگەیەکی چەو و لم دا بردووە، داوای 80 هەزار دۆلاریشیان لەخاوەنی کارگەکە کردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هێزە ئەمنیەکان کەوتوون، داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە، بەشێوەیەک بۆ هەر ناوچەیەک هێزی تایبەتی داناوە، لەنێو هێزەکەدا خەڵکی ناوچەکە و شارەزای جوگرافیای ناوچەکەی تێدایە.
زانیاری دەزگا ئەمنیەکان ئاماژەبەوەدەکەن، داعش کەسێکی داناوە بەسەرپەرشتیاری گشتی پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و باکوری بەغدا،ناوی عەبدوڵا مەکی ( تەمەن 29ساڵ) ناسراو بە ئەبوخەدیجە، لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی رەفیعات ی ناوچەی بەلەدە.
هەروەها کەسێک بە ناوی ( عومەر مەحمود عەزاوی) ناسراو بە ئەبو نوح، تازە بە والی پارێزگای دیالە دانراوە، کەسێکی تر بەناوی ( فراس هادی حمود زەیج) ناسراو بە ئەبو غەزرا، وەکو سەرپەرشتیاری بەشێک لە هێزەکانی کەرکوک دەست بەکاربووە.
محەمەد عومەر بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێشبینی دەکرێت داعش هێرشی زیاتر ئەنجام بدات، چونکە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: ژمارەیان زۆر زیادیکردووە."
بەڕای چاودێران، بەشێکی گرنگی هۆکاری زیندوو بوونەوەی داعش پەیوەندی بەدۆخی ئاڵۆزی سیاسی عێراقەوە هەیە، بەتایبەت گەر حکومەت پێکنەهێنرێت و ناکۆکیەکان بەردەوام بن، پێشبینی ئاڵۆزی زیاتر دەکەن.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5