کازمی لەبەردەم ئەگەری پێکهێنانی حکومەت و شکست دا

موستەفا ئەلکازمی

بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بەکابینەکەی مستەفا کازمی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆ ببێتەوە، زۆرێک لە پەرلەمانتارانی عێراقیش پێیانوایە، کابینەکەی متمانەی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت.

جگە لە دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی مالیکی و کوتلەکەی ئەیاد عەلاوی، زۆربەی کوتلەکانی تر تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پشتگیری خۆیان بۆ کازمی دەربڕیووە، گەر پاشگەز نەبنەوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت" تائێستا گریمانەی تێپەڕبوونی کابینەکەی کازمی لەپەرلەمان زیاترە وەک لە شکستهێنانی، چونکە زۆربەی کوتلە گەورەکان بەپێدانی وەزارەت ڕازیکراون."

ناوبراو، وتیشی" سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەچڕی لەسەر خەتن و دەنگ بۆ کابینەکەی کازمی کۆدەکەنەوە."

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، ئەو کەس و لایەنانەی کار بۆ متمانە وەرگرتنی کابینەکەی مستەفا کازمی دەکەن، هۆشدارییان داوەتە پەرلەمانتارانی عێراق لە لێکەوتە خراپەکانی شکستهێنانی کابینەکە.

هۆشداری تێکچوونی دۆخی ئاسایشی و چالاک بوونەوەی داعش، لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری عێراق تا ئاستی شکستهێنان لە دابینکردنی موچە، دراوەتە پەرلەمانتاران، لە حاڵەتی شکستهێنانی کابینەکەی کازمی دا.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا و ئێران لەبەرامبەر کابینەکەی کازمی، هۆشیار عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەکرد پشتگیری ئەمەریکا لە کازمی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام پشتگیری ئێرانیەکان "شەرمنانە"یە، وتی" هێشتا جوڵەیەک هەیە بۆ شکستهێنان بە کازمی و مانەوەی عادل عەبدولمەهدی."

لەکاتی ڕاسپاردنی مستەفا کازمی دا بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، زۆرێک لە کوتلەکان ئامادەبوون، بەڵام دوای کشانەوەی مالیکی و عەلاوی، تاڕادەیەک ئەو کۆدەنگیە تێکچوو.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی پێکهاتەی شیعەیە، بەڵام هەست دەکرێت شیعەکان بەناچاری بە کازمی ڕازیبوون و بەکاندیدی خۆیانی نازانن.


دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەمەتداری کورد، پێیوایە لەمپەرەکانی بەردەم حکومەتەکەی کازمی گەورەن، گەر کوتلە سیاسیەکان هاوکاری نەبن و ئەمەریکا و ئێران دەست لەکاروباری وەربدەن، شکست دەهێنێت.

کاتژمێرەکانی داهاتوو بۆ ئەگەری سەرکەوتن و شکستهێنانی کابینەکەی کازمی یەکلایی کەرەوە دەبن، بەو پێیەی بەهۆی دۆخی ناجێگیری عێراق و دەستوەردانی دەرەکیەوە، خێرا ڕازیبوون و پاشگەزبوونەوە لەنێو کوتلەکان دا ڕوودەدات.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر