پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە بە تەنها لیستی پارتی دیموکرات و دەنگی کۆتاکان توانیان دانیشتنی پەرلەمان ببەن بەڕێوەو تیایدا پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانی کۆمەڵ سۆران عومەر سەندرایەوە.
پێشتر پێشینەی نەبووە کە پارتی وەک لایەنێک کە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەچاوی زۆرینەیی خۆی بکات و بڕیارەکان دوور لە سازان لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی پەرلەمان تێپەڕێنێت.
لەم وتوێژەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی فراکسۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دکتۆر کازم فاروق باس لەوە دەکات لایەنی دەسەڵاتدار دەیەوێت بە شتی لاوەکی کێشە گەورەکان لە بیر خەڵک بباتەوە، کاری پەرلەمانیش بچووک بکاتەو دەشڵێت "لەلایەن دەسەڵاتەوە زۆر جار دێن بابەتێک بەرز دەکەنەوە بۆ ئەوەی کێشە سەرەکییەکان لە بیر خەڵک ببەنەوە، بەڵام خەڵک بیری ناچێتەوە، کێشەی سەرەکی بە تاڵانبردنی نەوتەو دیار نەمانی داهاتە، نەبوونی شەفافیەتە و سەربەخۆ نەبوونی بڕیاری دادگاکان، تائێستا پەرلەمان خەریکی کێشەی حیزبەکان بووە، هەندێ یاسا دەرکراوە بۆ باشکردنی پەیوەندی تەکەتوڵاتی هەردوو حیزبەکە، کەی ئەوە گرفتی خەڵک بووە، ئەوەی پەیوەندی بە خەڵکەوەیە یاسای بودجەی هەرێمە کە چەندان جار داوامان کردووە، تا ئێستا نەهێنراوەتە پەرلەمانەوە."
وا بۆ پێنج مانگ دەچێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەکە نەدراوە لە کاتێکدا بەم دواییە بەغداش پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە، هەرێمەکەش تاکە داهاتی نەوتە، لەو بارەیەوە دکتۆر کازم فاروق دەڵێت "کۆمپانیای دیلۆت راپۆرت دەدات لەسەر فرۆشو داهاتی نەوت، لە ساڵی 2019 دا 8 ملیارو نیو فرۆشراوە بە فەرمی، تەنها خەرجی 4 ملیاردۆلاری دیارە لە وەزارەتی دارایی، کەس نازانێت چی بەسەر 4 ملیارو نیویدا هاتووە، ئەمە جگە لەوەی چەند نەوت بە قاچاخ لە لایەن بەرپرسە سیاسی هەردوولاوەو بنەماڵەکانەوە فرۆشراوەو براوە، بە یەک ملیار دۆلار دەتوانیت بوژانەوەی ئابوری لە هەرێمدا بخەیتەوە."
هەر سەبارەت بە دیار نەمانی ئەو بڕە پارەیە، وەک ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئۆپۆزسیۆن باسی دەکات، چی کراوە ئایا ناتوانن لە پەرلەمانەوە فشار دروست بکەن، ئەو دەڵیت "سەرۆکایەتی پەرلەمان بەردەوام خەریکی پاراستنی حکومەتە، کاتێک باسی ناشەفافی لە داهاتی نەوت دەکرێت، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری دەسەلات هەن دەڵێن کەرتی نەوت شەفافە، بە بێ بوونی هیچ بەرچاوڕونییەک، 3 کۆمپانیای سەر بە حیزبەکانی دەسەڵات 30 ملیار دۆلار دەست مایەیان هەیە، لە کوێوە هیناویانە، ئەو هەموو پارانە ی لە بانکەکانی دەرەوە هەڵدەگیرێت، کڕینی ڤێلاو موڵک لە وڵاتان و سەیارەی گران بەهای منداڵی بنەمالەکان، ئیتر با فەرمانبەرێک کە موچەکەی کەمتر لە 200 دۆلارە با 5 مانگ موچەی پێنەدەن".
سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پاریز بەندیش لە سۆران عومەر دەڵێت "هەرکەسێک خۆی پەرێزی پاک بوو، پێویستی بە پارێز بەندی نییە، هەقە حکومەتی هەرێم پارێزبەندیو کۆت وزنجیر لەسەر قوتی خەڵک لابدات."
لە کۆتایی وتوێژەکە سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە پێویستە پەرلەمان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کاربەدەستانی تر بهێنێتە پەرلەمان و ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەیان لە لا نەبێت پێویستە متمانەیان لێ بستێنریتەوەو حکومەت هەڵبوەشیتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5